حكومەت و كابینەیەكی دادپەروەر..

09:57 - 2025-01-05
د.عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا
105 خوێندراوەتەوە

  لەم ماوەیەدا دەستەواژەی پێكهێنانی كابینە، یان حكومەتێكی بەهێز، لەلایەن بەڕێزانی(پ.د.ك)ەوە، زۆر دووبارە دەكرێتەوە. ئەو دەستەواژەیە، كە لە كابینەی 9دا، بە قۆناغی كاربەڕێكردنیشییەوە هەر دەوترێتەوە!، تائێستا روون نەكراوەتەوە. زیاتر لەدروشمدا ماوەتەوەو نەكراوە بە چەمك. هاووڵاتی، كە گیرۆدەی ژمارەیەك قەیرانی سەختی وەك مووچە، بێكاری، دانەمەزراندن لەكەرتی گشتی، كەمبوونەوەی خزمەتگوزارییەكانی كارەباو سوتەمەنی و تەندروستی و نیشتەجێبوونەو هتد.. بۆی روون نییە كە پێوەرو بنەماكان، یان ئەزموون و پەندەكان، یان بەڵگەو شاهێدییەكان چین تا ئەو دەستەواژەیە هەبێت، لەكاتێكدا، لەسەرزەمینی واقع، تائێستا پێچەوانەكەیان نۆشیوەو دەچێژن!. 
   لە بەرامبەردا، دەستەواژەی(ی.ن.ك)، كە لەگەڵ كەمپینی دوا هەڵبژاردنی هەرێمدا چڕی كردۆتەوەو پێشتریش تا سنوری بایكۆتی تیمی یەكێتی لەحكومەت و دەركردنی بەیاننامەی توند رۆیشتووە، پێداگرییە لەسەر پێكهێنانی حكومەتێكی دادپەروەر.
  دەستەواژەكەی یەكێتی، روون و بێ گرێ و گۆڵ و راشكاوە. هەرێم، لە دابەشكردنی سامان و دەسەڵاتیشدا، دادپەروەرانە بەڕێوەنابرێت. شەراكەتی سیاسی و ئیداری كێشەیان تیایە، مامەڵەكردن لەگەڵ بەغدادا، كە بۆتە سەنتەری بڕیارە چارەنووسسازەكان بە قوت و مووچەی خەڵكیشەوە، مامەڵەیەكی بەرپرسیارانەی وا نییە كە لەوسەرەوە لەسەر حسابی مووچەخۆرانی هەرێم و بازاڕی كارو كاسبیی دانیشتوانەكەی نەبێت. 
  لەو چەند ساڵەی كابینەی 9دا، یەكێتی و تیمەكەی لەحكومەت، زۆر پشوودرێژ بوون، لەلایەك بوونە سەری ڕمی دانوستانەكان لەگەڵ بەغداو چارەسەری بەشێك لەكێشەكان، لەلایەكی تریش بەشێوازی جیاواز تیمی پارتییان لە كۆمەڵێك قەیران و لادان و كەموكوڕی ئاگاداركردۆتەوە كە بەگشتی زادەی رەچاونەكردنی دادپەروەرین لە حوكمڕانی و دابەشكردنی خێرو سامانی وڵات. لەبەرامبەردا، بەدرێژایی كاتیش داواكاریی(پ.د.ك) لە یەكێتی هەر داوای بێدەنگبوون و بگرە تۆمەتباركردنیشی بووە بەوەی بەرهەڵستكارانە دەجوڵێتەوە!، ئەمە چییە، یەكێتی دەنگ هەڵدەبڕێت!، یان بەناچاری و لەئەنجامی گوێنەگرتن و رەچاونەكردنی شەراكەت، بیریان دەخاتەوە كە دۆخی هەرێمەكەو خەڵكەكەی باش نییەو پێویستیی بەچاكسازی و دادپەروەرییە.
  هێزی بەرامبەر، بەداخەوە، لەوە تێناگات كە هەموو نادادپەروەرییەكانیان، لەكۆتاییدا، بەرۆكی یەكێتییان گرتووە. خەڵك تەنها لەسنوری باڵادەستیی ئەم هێزەدا ئازادەو ناڕەزایی دەردەبڕێت و خۆپیشاندان و بایكۆت دەكات و لەمزگەوت و هۆڵە رووناكبیرییەكانەوە رەخنە دەگرێت. ئەو بەڕێزانە كە لەسنوری دەسەڵاتی خۆیاندا رێ بەهیچ مافێكی ناڕەزایی و بەرهەڵستكاری نادەن، وادەزانن هیچ كێشەیەك لەگۆڕێدا نییە!، تەفەهومی ئەو فشارە جەماوەرییانە ناكەن كە لەسەر یەكێتییە هەم وەك هێزێك كە حوكمڕانەو هەم وەك هێزێكیش كە داوای لێدەكرێت میسداقییەتی هەبێت و رێگە لەتاكڕەوی و نادادپەروەری بگرێت لە دەسەڵاتێكدا كە ئەوی تێدایە. ئەم دۆسێیانە زۆر زەرورە كە بە راشكاوی، برایانە، دۆستانە بەوەفدی دانوستانكاری(پ.د.ك) بوترێت بۆ ئەوەی ئەمجارەیان لەحكومەتێكی نادادپەروەر بەدووربین، كابینەیەكی بەهێزیش هەبێت كە پێكەوەو هاوشان شان بدرێتەبەر بەرپرسیارێتییە نیشتمانییەكان.
   ‌‌[email protected]

وتارەکانی نوسەر