خۆمانە و خێزانیی

چیرۆکە ئیلهامبەخشەکانی ژنان

09:53 - 2025-01-06
رۆزا دڵشاد مەریوانی
50 خوێندراوەتەوە

رۆزا دڵشاد مەریوانی

(32)

دوای تێپەڕبوونی 35 ساڵ بەسەر یەکەم ئاهەنگی هەڵبژاردنی شاجوان لە هۆڵەندا، یەکەمجارە ئەو رێوڕەسمە بە دروشمی «زەمەن گۆڕاوە و ئێمەش گۆڕاوین» کۆتایی پێ بهێنرێت، هاوکات ئەو دەستەیەی بەرپرس بوون لە رێکخستنی ئەو بۆنەیە، ئامانجیان لە رێکخستنی ئەو جۆرە بۆنانە گۆڕیوە بۆ پێگەیەک تا لێیەوە چیرۆکی ژنە سەرکەوتووەکانی تێدا بڵاوبکەنەوە، لەگەڵ ئەو کۆسپانەی هاتووەتە رێیان، گرنگترینیشیان ئەوەیە کە پەیوەندیی بە پێگەکانی سۆشیاڵ میدیا و پێوەرە ناواقیعییەکانی جوانییەوە هەیە، بەو پێیەی چیتر جێیەک نییە بۆ تاجی شاجوان و عەزییە گرانبەهاکان، بەڵکو رۆژی چیرۆکە ئیلهامبەخشەکان و بەدیهاتنی خەونەکانە. 
راستە جوانیی لە رابردوودا هەلێک بووە بۆ کچان بۆ دەرخستنی تواناکانیان و کردنی کاری گرنگ لە ماوەی وەرگرتنی ئەو نازناوەدا، بەڵام ئێستا سەردەمێکی نوێیە رێگەکانی دەرخستنی توانا و لێهاتوویی ژنان و بەشداریپێکردنی چیرۆکەکانی سەرکەوتنیان زۆرە، بۆیە چیتر مەسەلەی جوانیی و پێوەرەکانی کە هەمیشە مەسەلەیەکی رێژەیی بووە، بۆ ئەم سەردەمە گونجاو نییە و ئەوەش جۆرێکە لە جۆرەکانی بە کاڵاکردنی ژنان و کچان.

کاتی ئەوە هاتووە نموونەی کچ و ژنە جوانەکانی کۆمەڵگە و چیرۆکە کاریگەرەکانیان دەربخەین و یارمەتیان بدەین و گرنگییان پێبدەین

هەنگاوێکی لەمجۆرە بێگومان هیوابەخشە وڵاتان چاوی لێبکەن و چیتر ژن وەک کەرەستەیەکی وروژێنەر و تێرکردنی حەزەکانی پیاو تەماشا نەکرێت، بەڵکو وەک مرۆڤێکی یەکسان لەگەڵ پیاودا حیسابی بۆ بکرێت، هاوکات لە وڵاتی خۆشماندا لەگەڵ ئەو هەموو بەناو مۆدێلەی شاشەکانیان پڕ کردووە و بە دیمەنە ناواقیعیی و هەوڵی پزیشکانی جوانکاریی و فلتەرە فەیکەکان هەست و نەستی بەشێکی زۆری کۆمەڵگە و بەتایبەتی گەنجانیان بردووە، بەڵام لە بەرامبەردا خۆشبەختانە چیرۆکی جوانیی رۆح و مرۆڤبوونمان هەیە، وەک سانا عومەر-ی ئاژەڵدۆست، کە لەلای ئەو زانست و ئینجا مرۆڤبوون گرنگترە و نموونەیەکی جوانی کچێکی گەنجمان پیشان دەدات، کاتێک لە ماوەی پێشوودا بۆ خەڵاتی باشترین خۆبەخشی ساڵ لە عیراقدا لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی کاندید کرا، راستە خەڵاتەکەی نەبردەوە، بەڵام وەک نموونەی کچێکی بە توانا و سەرکەوتوو کە دڵنیام لەم وڵاتەدا لەو نموونانەمان زۆرە، بۆی دووپاتکردینەوە مرۆڤ بوون گرنگترین و بەهێزترین چەکە بۆئەوەی وەک مێیەنەیەک خۆمان بسەپێنین.
دواجار کاتی ئەوە هاتووە لەبری دەرخستنی توانای کچە مۆدێلێک وەک کاڵایەک لەسەر شاشەکانمان، نموونەی کچ و ژنە جوانەکانی کۆمەڵگە و چیرۆکە کاریگەرەکانیان دەربخەین و یارمەتیان بدەین و گرنگییان پێبدەین.

وتارەکانی نوسەر