خوێندکاری کوردستانی نوێم

10:16 - 2025-01-12
رۆزا دڵشاد مەریوانی
48 خوێندراوەتەوە

لە هیچ کات و سەردەمێکدا وتارم بە زۆر پێ نەنووسراوە و هەر بابەتێکیشم لەم رۆژنامەیەدا بڵاوکردووەتەوە بە تەواوی قەناعەتەوە بووە

لە ساڵی 1993ەوە کوردستانی نوێ بۆ من ماڵی دووەمم بووە، بێگومان پەیوەندی من بەم رۆژنامەیەوە لەو کاتەوە دەستپێدەکات کە دایکم (شیرین.ک) لە نووسینگەی سلێمانی کوردستانی نوێ دەستبەکار بوو، دەتوانم بڵێم لە زۆربەی یادەکانی ئەم رۆژنامەیەدا بەشدارییم کردووە و جگە لە دایکم رەنگە خودی کوردستانی نوێ کاریگەری زۆری هەبووبێت لە سەرم، تا بواری راگەیاندن هەڵبژێرم و لە زانکۆ بچمە ئەو بەشە و حەزبکەم بە شێوەیەکی ئەکادیمی ئەو بوارە بخوێنم، هاوکات دوای تەواوکردنی خوێندنیش لە کوردستانی نوێ باشترم شک نەدەبرد، کە بتوانم ئەوەی بە ئەکادیمیی فێری بووم بە کرداریی لە نێو کوردستانی نوێ-دا پراکتیزەی بکەم، هاوکات راستە بواری ئەکادیمیی بۆ رۆژنامەنووس زۆر گرنگە جگە لەوەی پێویستی بەوەیە ئەو کەسە بەهرەی نووسینی تێدا بێت، بەڵام ئەوەی بە کرداریی لە نێو رۆژنامەیەکدا فێری دەبیت زۆر جیاواز و گرنگە، بۆ من ئەوەی لە کوردستانی نوێ فێری بووم رەنگە وەک خوێندنی دووەمم وابووبێت، چونکە ئەوەی بە شێوەیەکی تیۆریی فێری بووم چۆن رۆژنامەنووس بم، کوردستانی نوێ بە شێوەیەکی پراکتیکی فێری کردم رۆژنامەنووسی پرۆفێشناڵ و خاوەن ئیتیکی رۆژنامەنووسیی دەبێت چۆن بێت.
 رەنگە زۆرجار تانەی ئەوە بدرێت لەم رۆژنامەیە کە رۆژنامەیەکی زمانحاڵی حزبە و کادرەکانی بە زۆر فڵانە بابەتیان پێ دەنووسرێت، من شایەتی ئەوە دەدەم بەو جۆرە نییە، راستە کاتێک لە رۆژنامەیەکی زمانحاڵی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا کاردەکەیت دەبێت هیچ نەبێت لایەنگری ئەو حزبە بیت، بەڵام لە هیچ کات و سەردەمێکدا وتارێک یان هەر بابەتێکی دیکەی رۆژنامەوانیم بە زۆر پێ نەنووسراوە و هەر بابەتێکم لەم رۆژنامەیەدا بڵاوکردووەتەوە بە تەواوی قەناعەتەوە بووە.
یادگاریی من لەگەڵ کوردستانی نوێدا زۆرە و رەنگە ئاگاداری خۆشیی و ناخۆشیی زۆربەی ئەو دۆخ و سەردەمانە بم کە ئەم رۆژنامەیە پێیدا تێپەڕیووە، هەروەها ئەم رۆژنامەیە و ئەوانەی لە گەڵیاندا کارم کردووە زۆربەیان بە جۆرێک لە جۆرەکان دەستیان هەبووە لەوەی لە رۆژنامەنووسێکی تازە و بێ ئەزموونەوە پلە بە پلە وەک نووسەر و رۆژنامەنووس گەشە بکەم تا بگەم بەو پۆستەی ئێستام، هەمیشەش دنیای نووسین و رۆژنامەوانیی بە جۆرێکە تا زیاتر بزانیت کەمە و هەردەم خۆم بە خوێندکاری ئەم رۆژنامەیە دەزانم کە بەردەوام شتی نوێی لێوە فێردەبم.
بۆیە هیوادارم لەم یادەدا رۆژنامەکە لە گەشەی خۆی بەردەوام بێت و هەمیشە ماڵێک بێت بۆ کۆکردنەوەی نووسەران و  رۆژنامەنووسان و خوێندنگەیەک بێت بۆ ئەوانەی خولیایان دنیای نووسین و رۆژنامەنووسییە.
 

وتارەکانی نوسەر