بە هۆی نزیکبونی لە سنوری ئێران و دەروازەی نیودەوڵەتیی مونزرییە و بوونی هێڵی شەمەندەفەر و پاڵاوگەی نەوت و کارخانەی دروستکردنی بەرمیل و تەنەکەی نەوت و ئەرزێکی پڕ خێر و بەرەکەت و رووباری ئەڵوەن و جۆگەی باڵەجۆ، خانەقین لەو سەردەمەدا شارێکی بازرگانیی و کشتوکاڵیی و پیشەسازیی بوو
نسکۆی بەهاری ساڵی (1975) بۆ گەلی کورد کارەساتێکی گەورە و مەینەتییەکی بێوێنە بوو، شۆڕشێکی بە خوێن ئاودراو، بێجگە لە کەمو کووڕییە ناوخۆییەکان، شۆڕشەکە بە پیلانگێڕیی دوژمنان، تووشی هەرەس هات.
شارەکەی ئێمەیش، خانەقینی رۆحی کوردستان، زیاتر کەوتە بەر شاڵاوی (تەعریب و تەبعیس و تەهجیر)ی رژێمی بەعسی فاشیی و ئەو سیاسەتەی لە سەرتاسەری کوردستان جێبەجێ دەکرا.
لەم رۆژانەدا سەید تالب جارێکی تر زامی خۆی و بەندەشی کولاندەوە و پەڕەی یادەوەریی ئەو رۆژگارانەی هەڵدایەوە
خەڵکی کوردستان بێ ئومێد و رژێم لەخۆبایی و کۆمەڵەش لە خۆ ئامادەکردندا بوو بۆ هەڵگیرسانەوەی شۆرشی نوێ و چاوەڕوانی مژدەی دروستبوونی یەکێتیی نشتمانیی کوردستان بوو.
بە هۆی نزیکبونی لە سنوری ئێران و دەروازەی نیودەوڵەتیی مونزرییە و بوونی هێڵی شەمەندەفەر و پاڵاوگەی نەوت و کارخانەی دروستکردنی بەرمیل و تەنەکەی نەوت و ئەرزێکی پڕ خێر و بەرەکەت و رووباری ئەڵوەن و جۆگەی باڵەجۆ، خانەقین لەو سەردەمەدا شارێکی بازرگانیی و کشتوکاڵیی و پیشەسازیی بوو. ئێمەی ئەندامانی کۆمەڵە لە خانەقین بۆ دیدار و یەکتربینین دەچووین بۆ چایخانەکەی (ئەبو شوکور) لە پاشا کوپری، هەڵکەوتەی ئەم چایخانەیە کەوتبووە نزیک مەحەتەی شەمەندەفەری خانەقین و پشتەوەی باخی دارخورما و دارپرتەقاڵەکان و درەختە میوەدارە جۆراوجۆرەکان بوو. لەسەر جۆگە و ئاوی باڵەجۆ و لە دەستی راستی، لەوبەری جادەکە بە چەند گەزێک کەنیسەی مەسیحیەکانی لێ بوو . لە هاوینانیشدا ئێواران و شەوان لە دەرەوەی چایخانەکە، مێز و کورسیی دادەنرا و بە گڵۆپی نەشرە ئەو ناوە رووناک دەکرایەوە و بە ئاوی جۆگەکەیش ئەوناوە ئاوڕشێن و فێنک دەکرایەوە.
ئای چەند کاتی خۆشمان بەسەر دەبرد لەو چایخانەیەدا، لە لایەک گوێمان لە دەنگی بولبول و زیقە زیقی تەیر و قیڕە قیڕی بۆق بوو، لە لایەکی ترەوە گوێمان لە بانگی حوسەینییە و جامعی مەزرەعە و زەنگی کەنیسە بوو. ئەبو شوکور پیاوێکی قۆز و چوار شانە و قسەخۆش و ئەندامی حزبی شیوعیی عیراقی بوو. ئەو سەردەمە حزبی شیوعیی عیراقیی لە بەرەی نشتیمانیی لەگەڵ حزبی بەعسدا بوو، ئەم بڕوای بە هاوپەیمانێتیی لەگەڵ بەعسدا نەبوو، جاروبار ناخ و دەروون و دەردەدڵی خۆی بۆ ئێمە هەڵدەڕشت. لە نزیک ئەم چایخانەیە، عەلی دای پاقلە فرۆش بە عەرەبانەکەیەوە رادەوەستا، عەسران تا درەنگانی شەو دەمایەوە. خەڵک تامەزرۆی خواردنی پاقلە بە پونگەی لای عەلی دای بوون. دەتوانم بێ زیادەڕەویی بڵێم: چایەکەی ئەبو شوکور و باقلەکەی عەلی دای، بڕاندی دەرەجە یەکی شاری خانەقین بوون. گەنجانی خانەقین بە تایبەتیی لە هاویناندا، لە چایخانەکەی ئەبو شوکور کاتی خۆشیان بەسەر دەبرد. ئێمەی ئەندامانی کۆمەڵەی ئەوسا لە خانەقین، ئەو خۆشییەمان تێکەڵ بە سیاسەت دەکرد.
لەناو گەنجەکانی خانەقیندا لاوێکی جیاواز هەبوو ناوی غازیی بوو، رۆحسوک و رەوشتبەرز و تا بڵێی قۆز، لە سەرەتای بەهاری تەمەنیدا بوو، کوڕی خێزانێکی هەژار و تاقانەی دایکی بوو. لەشولاری وەک ئەسپ، باڵای وەک منارەی حوسەینییەکەی خانەقین، گەنجێکی چاو کاڵ و سەرنجڕاکێش و لەبەردڵان بوو. دانشتووی گەڕەکی تۆڵە فرۆش بوو. زۆر جار لە چایخانەکەی ئەبو شوکور لەگەڵمان دادەنیشت، ئێمە وەک رێکخستنی کۆمەڵە بەنیاز بووین رایبکێشین بۆ ناو رێکخستنەکانی خۆمان.
عەسرانێک لە نزیک چایخانەکە، غازیی گەنجە جوان و خێر لەخۆ نەدیوەکەی شارەکە، بە پاسکیل دەیەویت لە جادەکە بپەڕێتەوە، سەیارەیەکی عەسکەریی لێی دەدات و دەیخاتە ژێرەوە و یەکسەر دەیکوژێت و شۆفیری سەربازییەکە بێ بەزەییانە بەسەر لاشەکەیدا دەڕوات و جەستەی خەڵتانی خوێنی، دڵڕەقانە بە جێ دەهێڵێت. ئەم رووداوە بوو بە برینێکی دیکە لە دەروونی خەڵکی شارەکەدا و بوو بە هۆی زیادبوونی رق و کینە دژ بە رژێمی دیکتاتۆری بەعس و غەدرێکی دیکەی خستە سەر غەدرە کەڵەکە بووەکانی سەر شاری خانەقین و خەڵکە کوردپەروەرەکەی.
سەی تالب، هاورێی تەمەن و خەبات و پاڵەوانی زیندانەکانی بەعس، یەکێک بوو لەوانەی لەگەڵمان دەهات بۆ ئەو چایخانەیە و پەیوەندیی بە غازییەوە هەبوو.
کاتێک ئاگادار کرامەوە لەم رووداوە جەرگبڕە،
زۆر بێ تاقەت بووم و خەفەتێکی زۆرم خوارد.
هەر ئەو شەوە لەگەڵ بیرەوەرییەکانی ئەو رۆژانە و دەنگ و شێوە و یادەوەرییەکانی غازیی جوانەمەرگدا شەونخونیم کرد و شیوەننامەیەکم بە زمانی عەرەبیی بۆ نووسیی کە ناو نیشانەکەی (غازی یغزو دنیا الفناء)، پیشانی سەید تالب و هەندێک لە هاورێیانمدا و بەدڵیان بوو. هەتا ئێستاش زۆر جار سەید تالب باسی ئەو شیوەننامەیە دەکات، کە نزیکەی (50) ساڵ لەمەوبەر نووسیومە. ئەو نووسینەی کە بۆ غازیی جوانەمەرگم نووسیی، لەگەڵ نووسینەکانی ترم کە بە زمانی عەرەبیی بوون و زیاتر بە ستایلی پەخشانە شیعر نووسرابوون، بەداخەوە هەموویان بوون بە قوربانیی رۆژگار، لە کاتی رۆشتنمدا بۆ شاخ و بوونم بە پێشمەرگە، هەموو ئەو نووسینانەم لە ترسی فەوتان و زوڵمی بەعس لەلای حەسەن عەرەبی برادەرمان لە جەلەوە دانا، کە کوڕێکی پاک و ئەمین و دڵسۆز بوو، لە خێزانێکی عەرەبی، گامیشەوانی، رەسەنی خانەقین بوو. کاک حەسەن خۆی مەیلی حزبی شیوعیی هەبوو، بەڵام هەمیشە مایەی متمانەی ئێمە بوو، بەداخەوە لە شەڕی ئێران-عیراقدا لەگەڵ برایەکی دیکەی بەناوی خەلیل عەرەب، بوون بە قوربانیی ئەو شەڕە نەگریسە.
هەر سەبارەت بەو نووسینانە، ئەوەی لە بیرم مابێت شیوەننامەکەی غازیی جوانەمەرگم بە وشەی (لا أدري) دەستپێکرد و بە (في أمان الله) كۆتاییم پێ هینابوو.
لەم رۆژانەدا سەید تالب جارێکی تر زامی خۆی و بەندەشی کولاندەوە و پەڕەی یادەوەریی ئەو رۆژگارانەی هەڵدایەوە، کە وەک لەشکرێکی بێ سێبەر بە هێمنیی بە ناو کوچەکانی مێشک و بیرکردنەوەمدا بڵاوبوونەوە و دەروونیان داگیرکردم، بۆیە بە ناچاریی هانام بۆ خامە کەساس و کەم هێزەکەم برد، تا ئەم بەسەرهاتە تاڵ و شیرینانە بە کتێبی دووەمم کە بەناونیشانی (درەوشانەوی مێژوو)ە، بسپێرم.
ماوەتەوە بڵێم: رژێمی داگیرکەر و فاشیی بەعس، هەر بە کوشتن و لەسێدارەدان و زیندانیکردنی خەڵکی خانەقین تێریان نەدەخوارد، لەبەرئەوە هەر لەو سەردەمانەدا بە بلدۆزەر، بەشێک لە باخەکانی خانەقینیان وێران کرد و تەنانەت چایخانەکەی ئەبو شوکوریشان لەگەڵ زەویدا تەختکرد، دواتر لەسەر زەوییەکە و ئەو باخ و سەوزایی و دنیا جوانە، بارەگای بەدناوی مونەزەمەی حزبی بەعس(شوعبەی خانەقین)یان دروستکرد.
*ئەندامی مەکتەبی سیاسیی (ی.ن.ک)