گێڕانەوەیەک لە فرمێسک و نامەیەک بە خوێن بۆ مامۆستا جەعفەر

02:13 - 2024-12-27
عیماد ئەحمەد
192 خوێندراوەتەوە

عیماد ئەحمەد

ئەم شەو نووسین و نامە دەنگییەکەت، سەبارەت بە شەهید (سادق شەریف)، برینێکی قوڵی لە دڵمدا کولانەوە، برینێک کە هەرگیز نە لە دڵ و دەروونمدا ساڕێژ دەبێت و نە قەتماغەیش دەگرێت، زامێک کە بەردەوام ئاونگی وەفا و یادەوەریی لێ دەتکێت. دڵنیام شیوەننامەی سادقی برا و هاوڕێی رۆژگاری خەبات و تێکۆشان، لە جیاتی مەرەکەب بە خوێن نووسراوە...
بۆ هەردووکمان رۆژی (27)ی مانگی دوانزەی هەموو ساڵێک، دوای ساڵی (1977) رۆژی شیوەن و گریانە و یادەوەریی پاڵەوانێکی گەورەی دیکەی شاری خانەقی و یەکێتییەکەمانە.
مامۆستا گیان... بە رووخسەتی تۆ، منیش دەمەوێت چەند دێڕێک وەکو خەرمانە لە دەوری مانگی شیوەننامەکەی شەهید سادق بنووسم.
سادق لە ساڵی (1956) لە دایکبووە، ساڵی (1977) کۆلێجی ئەندازیاریی پترۆکیمیاویی تەواو کردووە کە ئەوسا تەمەنی (21) ساڵ بوو، لە بەهاری تەمەنیدا خەریکی خوێندنەوەی فەلسەفە و بیری چەپ و سیاسەت بوو، جاروباریش شتێکی دەنووسی، ئەو بە حەق، بوو بە کادرێکی بەتوانا و ئەستێرەیەکی درەوشاوەی هەرێمی پێشرەو، لە هەرێمی پێشڕەو بە ناوی نهێنیی (لەتیف) چالاکیی دەکرد، تەنانەت خۆتان دەزانن، یەکەم کۆبوونەوەی هەرێمی پێشڕەو لە ناو جەرگەی بەغدای پایتەخت، لە ماڵی غەفوری برا سادق لە کەڕادە ئەنجامدرا. بەڕای من ئەو کۆبوونەوەیە بۆ ئەوکات لە پایتەخت، رەمز و هێمایەکی تایبەت بوو بۆ خەباتێکی سەخت و پڕ لە تێکۆشان و لێوان لێو لە گیانفیدایی.
لەوکاتەوە تا کۆتایی تەمەنی، بەردەوام بوو لەو کاروانە کە بە ژمارەی ساڵەکان کورت بوو، بەڵام  بە رۆژژمێری شۆڕش و کوردایەتی و مەشقی تێکۆشان دوورودرێژ و پڕ واتابوون. 
یادگارییەکان زۆرن، نازانم چۆن تەتەڵەیان بکەم...؟!! ئاخ لەو ئێوارەیە کە سادق خۆی کرد بە ماڵماندا لە گەڕەکی جەلەوە و هەواڵی گرتنی هاوڕێیانی هەڵوی سووری پێگەیاندم، چەند بە ورە و بەجەرگ بوو.
مامۆستا گیان ...لە بیرتە رۆژێک پێش ئەوەی بچن بۆ شاخ و ببن بە پێشمەرگە، سێ قۆڵیی لە باوەمەحموی چیمان باسکرد؟ 
بیرت دێت بە چ خەونێکەوە ئەژیاین؟ بیرتە چۆن سادق و تۆ  خوا حافیزیتان لە بەندە کرد و بە چاوی فیراق و دابڕان لە من و ویساڵ و گەیشتن بە شەهید ئارام، ماڵئاویمان کرد...؟!!
وەک لاتان ئاشکرایە، تەمەنی پێشمەرگایەتی سادق زۆر کورت بوو، بەڵام پڕ بوو لە وێنەی جوان و هەڵوێستی جوامێرانەی دەگمەن، لە1977/12/7 بوو بە پێشمەرگە و لە قەراغ، بە ئارامی سەرکردە شاد بوو. لە 1977/12/27 لە بناری شاخی زەردە لە دیوی گەرمیان شەهید کرا، هەر بیست رۆژ بوو بە خەونی ئازادی و بە ئاواتی خۆی گەیشتبوو، جوانترین بەرگی بە کفنی ئاڵی شەهادەی پۆشیی و بە خوێنی گەشی دروشمەکەی خاڵە شیهاب و ئەنوەر و جەعفەری بەرجەستە کرد. 
هەرگیز ئەو رۆژەم لە بیرم ناچێتەوە کە نامە چوکلێتییەکەی ئێوەم لە جەلەوە پێگەیشت و لە ژوورە قووڕ و بێ پەنجەرەکەی ماڵەکەی نەنکم (هاجەر) خوێندمەوە. نامەکە چڕ و پوخت بوو، تائێستایش (نەمردم و ئەو رۆژەم بینی سادق لە ژێر گەڵای دار بەڕووەکاندا بشارمەوە)، بەتایبەت ئەم دیڕە جەرگبڕە لە مێشکمدا چەسپاوە. 
ئيستا دوای ئەو هەموو ساڵە لە خەبات و کوردایەتی، لە پێنج ئەندامەکەی هەرێمی پێشڕەو، سادق و مامۆستا موحسین ئێمەیان بە دڵێکی پڕ حەسرەتەوە جێهێشتووە و لێمان دابڕاون ... ئەمان ئەو دوو ئەستێرە پرشنگدارەی کە لە ئاسمانی ژیانماندا بوون، داخەکەم چەند بێ ئەوانیمان پێوە دیارە، بەڕاستی شوێنیان هەرگیز پڕناکرێتەوە و ئەرکی ئێمەمانانیشی قورستر کردووە هەتا ئەو رۆژەی ئێمەش بە دیداری ئەو نەمرانە شاد دەبینەوە.
بێگومان ژیان و خەباتی سادق شەریف، ناسراو بە (لەتیف) لەم هەلومەرجەدا بابەتێکی پڕ بایەخ و بەسوود بووە و دەبێت بۆ نەوەکانی ئەوسا و ئێستایشمان. ناوی سادق  ئاوێتەی و پڕ بە پێستی خۆیەتی، ئەو لە هەڵوێست و دەربڕیندا راستگۆ بوو، ناخی وەک منداڵێک بێگەرد بوو، پاک وەک شەونم، قایم وەک دار بەڕووی شاخەکان.
سادق هەم مرۆف و هەم تێکۆشەر بوو، جوانیی و خۆشەویستیی لێ دەباری، گوڵی نێرگزی چوار وەرزە بوو.
سادق پیاوی رۆژگاری سەخت بوو. بەراستی بە ئاسانی ناتوانم لە هەژموونی بیرەوەرییەکانمدا سەبارەت بە سادق لێیان دەرباز بم و نازانم چۆن کۆتایی بەم نامەیە بهێنم...؟
خوایە هاوکارم بە....
 خوایە مەدەد....
 جارێکی دیکەیش دەڵێم: خوایە مەدەد...

وتارەکانی نوسەر