یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یەکێکە لە دیارترین لایەنە کوردییەکان کە رەهەندی نەتەوەیی کورد و رەهەندی نەتەوەیی عیراقی پێکەوە پیادە کردووە، ئەمەش وایکرد رۆڵێکی کارا لە سیاسەتی ناوچەیی و ناوخۆییدا بگێڕێت.
سەرکردەی مێژوویی رەوان شاد مام جەلال تاڵەبانی، زۆر زیرەکانە توانی هاوسەنگیی نێوان پەیوەندیی نەتەوەیی و واقیعی سیاسیدا بەدەست بهێنێت.
ی.ن.ک هەر لەسەرەتای دامەزراندنییەوە بە هەڵگری رێبازێکی فیکریی مۆدێرن ناسراوە، دوور لە ئینتمای عەشایەری و کاردانەوەی سیاسی تەسک، ئەمەش وایکرد دیدێکی نوێ هەبێت بۆ کاری سیاسی لە کوردستان و عیراقدا و پەیوەندییەکی هاوسەنگی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بنیات بنێت و رۆڵێکی کاریگەر لە چارەسەرکردنی کێشەکانی کورد و بنیاتنانی عیراقی مۆدێرن دوای رووخانی رژێم بگێرێت.
رەوان شاد مام جەلال تاڵەبانی، رۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە داڕشتنی سیاسەتەکانی ی.ن.ک، لە سۆنگەی تێگەیشتنێکی قووڵ و فراوانی خودی خۆی بۆ هاوسەنگییە ناوچەیی و ناوخۆییەکان، ئەمە جگە لە پابەندبوونی بە ئەرکە نەتەوەییەکان و مافەکانی گەلی کورد و گەیشتن بە پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی عیراقدا.
ی.ن.ک، سەرەڕای ئەوەی توانایەکی سیاسیی گەورەی هەبوو لە بەکارهێنانی پەیوەندییە دیپلۆماسییە بەرفراوانەکانی لەگەڵ رۆژئاوا و رۆژهەڵات لە یەک کاتدا بۆ خزمەتکردنی دۆزی کورد و برەودان و جێگیرکردنی مافەکانی گەلی کورد و بەدیهێنانی خواستەکانی لە چوارچێوەی عیراقێکی یەکگرتوو و لە سایەی سەرکردایەتییە ژیرەکەی مام جەلال، یەکێتی سیاسەتێکی کراوەی گرتەبەر لەپێناوی بنیاتنانی هاوبەشیی ستراتیژی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی، ئەمەش پێگەی خۆی وەک ئەکتەرێکی سیاسی بە دیدێکی هاوسەنگ و هەمەلایەنە بەهێزتر کرد.
یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، پێداگیریی لەسەر پتەوکردنی ئەو پەیوەندییانە دەکرد، جا چ لە رێگەی وتووێژ لەگەڵ هێزە ناوخۆییەکان بێت یان پەیوەندیی لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییە کاریگەرەکان.
ئەم سیاسەتە، هۆکاری بەدەستهێنانی دەستکەوتی سیاسی و ئابووری بوو، هەروەها وێنەی یەکێتی وەک قەوارەیەکی دامەزراوەیی کە توانای راگرتنی بەڵانسی بەرژەوەندییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی هەبێت و لە هەمان کاتدا بنەما نیشتمانی و نیشتمانپەروەرییەکان بپارێزێت.
کرانەوەی یەکێتی بە رووی جیهان و نەرمی نواندن لە مامەڵەکردن لەگەڵ لایەنە جیاجیاکاندا، وایکرد کە ببێتە مۆدێلێک بۆ پارتێکی سیاسی کە بیری واقیعی لەگەڵ ویستە نیشتمانپەروەری و نەتەوەیی بە یەکەوە گرێ بدات .
لەژێر رۆشنایی ئەو گۆڕانکارییە گەورانەی لە ناوچەکەدا روودەدەن، ی.ن.ک، کار بۆ دووبارە رێکخستنەوەی خۆی لە ناوەوە دەکات لەڕێی پرۆسەی نوێکردنەوەیەکی گشتی بە جۆرێک کاریگەریی لەسەر هەموو جومگەکانی یەکێتی و هەیکەلی رێکخراوەیی هەیە.
ئەم کارە رەنگدانەوەی هۆشیاریی یەکێتی و تیگەیشتنی بۆ ئاڵەنگارە هەنووکەییەکان دەردەخات چ لەسەر ئاستی ناوخۆیی یان ناوچەیی، لە کاتێکدا گۆڕانکارییە سیاسی و سەربازییەکان دەستیان کردووە بە سەپاندنی واقیعێکی نوێ کە رەنگە دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی و هاوسەنگیی هێزی لە ناوچەکە لێبکەوێتەوە.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ستراتیژە نوێیەکەیدا، تیشک دەخاتە سەر بەهێزکردنی رۆڵی خۆی وەک هێزێکی سیاسی چالاک و کاریگەر و بە مۆدێرنکردنی سیاسەتەکانی و پەرەپێدانی میکانیزمی کاری سیاسی و رێکخراوەیی.
هەوڵدەدات دیدگایەک دابڕێژێت کە هاوتەریب بێت لەگەڵ گۆڕانکارییە ناوچەییەکان، لە هەمان کاتدا پرنسیپە نەگۆڕە نیشتمانی و نیشتمانییەکانی خۆی بپارێزێت.
ئەم هەنگاوە رەنگدانەوەی توانای یەکێتییە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ قۆناغی ئێستادا، بەو پێیەی درک بەوە دەکات کە دەبێت وەڵامدانەوەی خێرای بۆ گۆڕانکارییەکان هەبێت و ستراتیژێکی واقیعی و نەرم و دابڕێژێت کە ببێتە مایەی زامنی پاراستنی رۆڵی سەرەکی یەکێتی لە گۆرەپانی سیاسیدا، وەک یەکێک لە دیارترین پارتە سیاسییەکانی کوردستان و عیراق.
ئەو روانینە نوێیەی کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەسەندی کردووە، پابەندبوونێکە لەپێناوی هێنانەدی گۆڕانکارییەکی چۆنایەتی لە رێبازی سیاسی و رێکخراوەیی خۆیدا، ئەم روانینە نوێیە ئەدگاری گەنجانە لە خۆ دەگرێت و رەنگدانەوەی خواستی نوێگەرییە بە بەشداریکردنی گەنجان لە بڕیاردان و هەڵسەنگاندنی رێبازی پێشووی یەکێتی کە هەنگاوێکی ستراتیژییە و ئامانجی هاوتەریب بوونە لەگەڵ ئەلەنگارە هەنووکەییەکان و دڵنیابوون لە بەردەوامیی یەکێتی وەک هێزێکی سیاسی کاریگەر.
ئەم دیدەش بریتییە لە راستکردنەوەی ئەو رێگایەی کە حزب لە ساڵانی رابردوودا گرتویەتەبەر، بە پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانی پێشوو و دەستنیشانکردنی خاڵە لاوازەکان و چارەسەرکردنی ئەو هەڵانەی کە کاریگەرییان لە ئەدای سیاسی و رێکخراوەیی کردووە.