دەستپێشخەرییە نوێیەكەی توركیا بۆ دانوستان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان و راگەیاندنی كۆتاییهێنان بە خەباتی چەكداریی؛ وەك چاوەڕوان دەكرێت، ئاماژەیە بۆ هەوڵەكانی حكومەتی توركیا بۆ سوودوەرگرتن لە ساتەوەختی سیاسیی ئێستا بەمەبەستی دووبارە داڕشتنەوەی شێوازی رواڵەتی جوگرافیای ناوخۆیی و ناوچەیی لەپێناوی بەرژەوەندییەكانی خۆیدا. ئەم هەنگاوە لەچوارچێوەی پشێوییەكی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا دێت كە ئاماژە بە گۆڕانكاریی خێرا و ناڕوون و نادیار دەكات، ئەمەش وا لە ئەنقەرە دەكات هەنگاوی پێشوەختە بهاوێت و خۆی لە رووداوی ناكاو بەدووربگرێت، كە رەنگە پێگەی سیاسی و ئەمنی، لاواز بكات.
ئەم دەستپێشخەرییە نوێیە، كە داواكارییە لە ئۆجەلان بتوانێت پەكەكە بە داماڵینی چەك رازی بكات، پێدەچێت ئەمەش بەشێك بێت لە ستراتیژییەكی هەمەلایەنەی توركیا كە ئامانجی دووبارە پێناسەكردنەوەی پرسی كوردە لە ناوخۆدا. توركیا بە كۆتاییهێنان بە ململانێی چەكداری، هەوڵدەدات رێگریی بكات لە هەر هەوڵێك بۆ بەكارهێنانی پرسی كورد لە ئاستی ناوچەییدا، بە تایبەت لەژێر رۆشنایی گۆڕانكارییە بەردەوامەكانی سوریادا.
راگەیاندنی چاوەڕوانكراوی ئۆجەلان بۆ كۆتاییهێنان بە خەباتی چەكداری، رەنگە ئەو بیانووانە نەهێڵێت كە دەوڵەتی توركیا لەمێژە پەنای بۆ بردووە وەك پاساوێك بۆ گرتن و سەركوتی سیاسەتوانانی كورد. ئەم گۆڕانكارییە رێگە بە توركیا دەدات وردەكارییەكانی رێگای چارەسەری سیاسی كۆنترۆڵ بكات، لە هەمانكاتدا دڵنیایی دەدات بەوەی كە پرسی كورد لە ململانێیەكی ئەمنییەوە دەگۆڕێت بۆ گفتوگۆیەكی سیاسیی ناوخۆیی لەژێر چاودێریی تەواوی خۆیدا.
توركیا درك بەوە دەكات، كە بەردەوامیی ململانێی چەكداری، رەنگە پێگەی بەرامبەر گۆڕانكارییە ناوچەییەكان لاواز بكات، بەتایبەت لە سوریا كە پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ ئیدارەی خۆسەری كورد لە رۆژهەڵاتی فورات، ئالنگارییەكی بەردەوامە بۆ توركیا، بۆیە دەستپێشخەرییەكە هەوڵێكە بۆ بەهێزكردنی پێگەی توركیا لە ئاستی ناوچەییدا پێش ئەوەی چارەسەری نێودەوڵەتی بەسەردا بسەپێنرێت، كە رەنگە لە بەرژەوەندیی ئەودا نەبێت.
لەبەر رۆشنایی گۆڕانكارییە خێراكانی ناوچەكە، ئەنقەرە هەوڵدەدات وردەكارییەكان لەدەستیدا بهێڵێتەوە بۆ ئەوەی دووربكەوێتەوە لە هەر جۆرە كارێكی لەناكاودا، كە رەنگە بەسەریدا بسەپێندرێت. ئەگەر ئەم هەنگاوانە سەربگرن، رەنگە لاپەڕەیەكی نوێ بۆ پرسی كورد لە توركیا بكەنەوە و بەشداربن لە گەیشتن بە ئاشتی ناوخۆیی و سەقامگیریی ناوچەكە.