خانەنشینبوون، قۆناغی‌ سێیەمی‌ تەمەن یان سەرەتای کۆتایی؟

10:27 - 2025-02-02
پ.ی.د. عومەر عەلی ئەحمەد
181 خوێندراوەتەوە

ئەوەی‌ لە هەرێمی‌ کوردستان گوزەرا، بە تەنها پرۆسەیەکی‌ ئاسایی کارگێڕی نەبوو، بارتەقای‌ بێهیواکردن و ئازاردانی‌ دەروونی‌ ئەوانەبوو کە بڕیارەکە دەیانگرێتەوە، چونکە هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی‌ پێشوەختە بۆ ئەم کارە نەبوو، هیچ رەچاوی‌ باری‌ دەروونیی‌ ئەو فەرمانبەرانە نەکرا

بەپێی یاسای‌ عیراقی‌، حکومەتی‌ هەرێمی‌ کوردستان بڕیارییداوە نزیکەی‌ 35 هەزار مووچەخۆر خانەنشین بکات و  ئەو کەسانەی لەم قۆناغەدا خانەشین دەکرێن، لەدایکبووانی ساڵەکانی 1962،1963،1964 لەگەڵ لەدایکبووانی مانگی یەکی ساڵی 1965 کە تەمەنیان بۆتە 60 ساڵ و سەرجەمییان خانەنشین دەکرێن.
ئاشکرایە خانەنشینبوون پرۆسەیەکی‌ ئاسایی کارگێڕییە و کۆتایهێنانە بە کاری فەرمانبەرێک و چەندیین رەهەندی‌ ئابووری‌ و کۆمەڵایەتی‌ و دەروونی‌ هەیە. هاوکات خانەنشین (Retired) بە کەسێک دەوترێت کە کارەکەی‌ بەجێهێشتبێت، ئەویش بە زۆربێت کە بەهۆی هەڵکشانەی‌ تەمەنەوەیە یان ئارەزوومەندانەیە و بەهۆی گرفتی تەندروستییەوەیە.
 تاوەکو ئێرە دۆخەکە ئاساییە ئەوەی‌ ئاسایی نییە لێکەوتە کۆمەڵایەتی‌ و دەروونییەکان و کاردانەوەی‌ خانەنشینانە بەرامبەر ئەو رەوشە نوێیە،  کە هەندێک کەس بە قۆناغی ” تەمەنی سێیەم “ ناوی دەبەن، کە گرنگییەکەی کەمتر نییە لە قۆناغەکانی دیکەی ژیانی مرۆڤ، بەخۆشحاڵییەوە ئەو تەمەنەی‌ کە ماوییانە بۆ گەڕان و گەشت بەسەری‌ دەبەن و هەندێکی‌ دیکە بە سەرەتای‌ کۆتایییەک تەماشای‌ دەکەن و خۆیان رادەستی‌ خەمۆکی‌ دەکەن و بەختەوەرییان نامێنێت، لەکاتێکدا بە پێی پێوەرە دەروونییەکان یەکێک لەو هۆکارانەی‌ وادەکات مرۆڤ لە ژیان رازی بێت بەختەوەرییە.
ئەوەی‌ لە هەرێمی‌ کوردستان گوزەرا، بە تەنها پرۆسەیەکی‌ ئاسایی کارگێڕی نەبوو، بارتەقای‌ بێهیواکردن و ئازاردانی‌ دەروونی‌ ئەوانەبوو کە بڕیارەکە دەیانگرێتەوە، چونکە هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی‌ پێشوەختە بۆ ئەم کارە نەبوو، هیچ رەچاوی‌ باری‌ دەروونی‌ ئەو فەرمانبەرانە نەکرا، لەکاتێکدا توێژینەوەکان ئەوەیان دووپات کردۆتەوە، کە هەبوونی‌ پلان بۆ ئەم قۆناغە هۆکارە بۆ کەمکردنەوەی‌ خاڵە نەرێنییەکانی‌ و نەبوونی‌ پلان دەبێتە هۆی داڕمان، کەچی هەبوونی‌ وادەکات هەست بە گۆشەگیری‌ کۆمەڵایەتی‌ نەکەیت. هاوکات خانەنشینکردنی‌ کوتوپڕ کاریگەری‌ هەیە لەسەر خۆگونجاندنی‌ کۆمەڵایەتی‌ و دەروونی‌ خانەنشینان، من لەم ماوەدا چەندین هاوپیشەی‌ خۆمم دواندووە کە باسییان لەوە کردووە چەندە ناخۆشە خانەنشین بکرێن، هێندە ئەوە بابەتەکە چاوەڕوان نەکراو بوو.
گونجانی دەروونی پێناسە دەکرێت بە کارلێکی تواناکانی تاک لەگەڵ ژینگەی دەوروبەری و بەپێی بارودۆخ و تواناکانی بۆ تێرکردنی پێداویستی و ئارەزووەکانی بەپێی ئەو بارودۆخە دەرەکییەی کە ئەو ژینگەیە بۆی دیاری دەکات.  هاوکات خۆگونجاندنی‌ کۆمەڵایەتی به هەستکردن به دڵخۆشی لەگەڵ کەسانی تر و پابەندبوون به ئەخلاقی کۆمەڵگە و هاوپەیمانبوون لەگەڵ نۆرمه کۆمەڵایەتییەکان و کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵایەتی و قبوڵکردنی ئەوانی تر له کۆمەڵگەدا پێناسه دەکرێت.
میدیا عیراقییەکان، باس لەوە دەکەن زۆرێک لەو فەرمانبەرانەی تەمەنیان گەیشتۆتە خانەنشینی کەسانی شایستەن، کە لە ماوەی کارکردنی درێژخایەندا ئەزموونی بەرفراوانییان بەدەستهێناوە، بۆیە خانەنشینی پێشوەختە بۆ ئەم پۆلە، دەبێتە هۆی زیادبوونی جیاوازی نێوان ئەزموونی کەڵەکەبوو و ئەو گەنجانەی کە ئەزموونی پراکتیکییان نییە.
لە بابەتێکدا کە لە ماڵپەڕی «FB.R.»ی روسیدا بڵاوکراوەتەوە، نووسەر یوری لازوتین دەڵێت: تەمەنی خانەنشینی لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە جیاوازە. لە وڵاتانی OECD، تێکڕای تەمەنی خانەنشینی بۆ پیاوان 64.3 ساڵە، لە کاتێکدا بۆ ژنان 63.7 ساڵە. نووسەر روونی دەکاتەوە، کاتێک تەمەنی چاوەڕوانکراو لە کاتی لەدایکبووندا زیاد دەکات، حکومەتەکان رووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە لە مامەڵەکردن لەگەڵ دیاردەی «پیربوونی دانیشتووان»،  لەنێو ئەو چارەسەرانەی کە لەم حاڵەتەدا پەنایان بۆ دەبەن، بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینییە لە پێناو پاشەکەوتکردنی خەرجییەکاندا. 
لەم نێوەندەدا ئوسترالیا تێکڕای تەمەنی خانەنشینی بەرز دەکاتەوە تا دەگاتە 67 ساڵ. هاوکات بەریتانیا لە ئێستادا تەمەنی خانەنشینی بۆ پیاوان 65 ساڵە، پێشبینیش دەکرێت وردە وردە بۆ ژنان لە 60 ساڵەوە بۆ 65 ساڵ بەرز بکرێتەوە. هەروەها یاساکانی خانەنشینی لە ئەمریکا ئاڵۆزە بەپێی رێساکانی حکومەتی فیدراڵی، لە مێژە تەمەنی خانەنشینی بە 65 ساڵ دیاری کراوە، بەڵام بۆ ئەوانەی لە ساڵی 1938 یان دواتر لەدایک دەبن، تەمەنی خانەنشینی 67 ساڵە.

کێشە خێزانییەکانی‌ پەیوەست بە خانەنشینبوونەوە
لە توێژینەوەکاندا، ئاماژە بەوە کراوە هاوسەران لە دوای خانەنشینبوونیان، زۆر بەزەحمەت پێکەوە دەژین. ئەمەش ئەنجامی توێژینەوەیەکە کە لەسەر 660 کەسی خانەنشین کراوە، کە تا ئێستا پێکەوە دەژین وتوێژینەوەکە دەریخستووە لەهەر سێ هاوسەری خانەنشین، یەکێکیان کاتەکانی بە مشتومڕکردن لەسەر شتە پڕوپووچەکان لەگەڵ نیوەکەی تریان بەسەر دەبات، هەروەها 13 % دان بەوەدا دەنێن، کە بە شێوەیەکی باوەڕپێنەکراو یەکتر بێزار دەکەن. 29 %ی دیکەش سەریان سوڕما کاتێک بۆیان دەرکەوت کە هەمان هیوایان نەماوە کە لەساڵانی‌ زێڕیندا  هەیانبووە.

من چیتر سوودم نەماوە
ستایسی ستۆسارد، بەڕێوەبەری پەیوەندییە دامەزراوەییەکان لە کۆمپانییای سکیپتۆن بیلیندج لە توێژینەوەکدا دەڵێت: «ئاسانە باوەڕ بەوە بکەین کە کاتێک هاوسەرەکان دەگەنە خانەنشینی، دەتوانن لە پەیوەندییەکانیاندا رووبەڕووی هەموو جۆرە کێشەیەک ببنەوە «. ئەو کێشانەی‌ لە تەمەنی‌ خانەنشینی‌ رووبەڕووی‌ مرۆڤ دەبنەوە کاریگەری هەیە لەسەر گونجاندنی‌ کۆمەڵایەتییان. ئەو کێشانەش کێشەی‌ ئابووری‌، کۆمەڵایەتی‌، تەندروستی‌، دەروونی‌ و پیشەیین. ناوەندی‌ رێکخراوی‌ نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی‌ بەوە کردووە، کاتێک مرۆڤ دەچێتە تەمەنەوە و لەرووی‌ بەرهەمهێنانەوە دەوەستێت، هەستێکی‌ لا دروست دەبێت کە ئیدی‌ سوودی‌ نەماوە، بۆیە تونای‌ خۆگونجاندنی‌ لە تاکێکی‌ ئاسایی قورسترە.
کێشەی‌ خانەنشینبوون ئەوەیە کە پارەیەکی‌ ئەوتۆییان نادرێتێ، یان ئەوەتا ئەو بەشەی‌ تەمەنییان کە ماوە، لە نۆرەی‌ وەرگرتنی‌ پارەی‌ مانگانەی‌ خانەنشینبوونەکەیان بە رێی دەکەن. بەگوێرەی‌ توێژینەوەیەک کە (Smith,et.al,2004)  ئەنجامیداوە گەیشتووە بەو دەرئەنجامەی‌، کە هەستکردن بە تەندروستییەکی‌ باش و باری‌ دارایی باش، بەشدارن لە کەمکردنەوەی‌ خراپی باری‌ دەروونی‌ و نەگونجاندنی‌ دەروونیی‌ و کۆمەڵایەتی‌ لای‌ خانەنشینان.
ئەو خانەنشینبوونە کتوپڕەی‌ لای‌ خانەنشینان بێ پلانی‌ پێشوەختەبوو، کە ئەمەش هۆکارە بۆ گۆشەگیریی کۆمەڵایەتی‌ و تێکچوونی‌ باری‌ داراییان، چونکە توێژینەوەکان گەیشتوون بەو ئەنجامەی‌، کە هەبوونی‌ پلان بۆ ئەم قۆناغە هۆکارە بۆ کەمکردنەوەی‌ خاڵە نەرێنییەکانی‌ و بە پێچەوانەوە نەبوونی‌ پلان دەبێتە هۆی داڕمان و هەبوونی‌ وادەکات هەست بە گۆشەگیریی‌ کۆمەڵایەتی‌ نەکەیت. هاوکات توێژینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە، کە هۆشیاری‌ بەرامبەر خانەنشین بوون و ئامادەکاری‌ بۆ گۆڕانکارییەکان زۆر گرنگە چونکە لەرووی‌ لێهاتووی‌ جەستەیی‌ و ئاسایشی ئابوورییەوە پاریزراوتر دەبن.

تێبینی/
بۆ ئەم وتارە سوود وەرگیراوە لە چەند سەرچاوەیەک و لەناویاندا (التخطیط الاستراجي للتقاعد و علاقته‌ بالتوافق النفسي والاجتماعي للمسنین، د. نجلا سید حسین).

*مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی‌

راوەستانی خانەنشینان بۆ مووچەکانیان

وتارەکانی نوسەر