بە بۆچوونی كۆنفۆشیۆس، ئەگەر گەل لەلایەن فەرمانڕەواوە بە یاسا و بڕیارە توندەكان بەڕێوەبرا، ئەوا هەوڵی خۆرزگاركردن دەدەن لەو یاسا و بڕیارانە و پێشێلیان دەكەن و شەرم ناكەن لە سەرپێچیكردنیان، بەڵام ئەگەر گەل بە رەوشتە چاكەكان بەڕێوەبرا، ئەوكاتە شەرم دەكەن لە ئەنجامدانی تاوان و پێشێلكردنى یاسا و بڕیارەكان
كۆنفۆشیۆس داوا لە دەسەڵاتدارەكان دەكات كەسی چاك و شیاو لە پۆستە گشتییەكانی دەوڵەتدا دابنێن و ئەوانەشی شیاو نین دووریان بخەنەوە، بەم رێگەیەش ئەوانەی هەوڵی پۆست دەدەن خۆیان چاك دەكەن، بەڵام ئەگەر دەسەڵاتدار خۆی باش نەبێت كەسی شیاو و باش دانانێت لە پۆستەكان، بەمە متمانەی خەڵك بە دەسەڵاتداران دروست نابێت، پێویستە دەسەڵاتدار دارودەستەكەی وەك خۆی باش بن، كەسی گەندەڵ و خراپ لە خۆی و پۆستەكان دووربخاتەوە، چونكە نزیكیان لێی، دەبێتە هۆی لە دەسەتدانی متمانەی هاووڵاتیان بە فەرمانڕەوا.
كۆنفۆشیۆس تیشك دەخاتەسەر ئەوەی كاتێك كابینەی حكومەت لە كەسی باش و پاك پێكبهێنرێت، متمانەی هاووڵاتیان پێی زیاتر دەكات و ئەوەش هاوكاری دەسەڵاتداران دەكات لە گەیشتن بە ئامانجی باڵای سیاسەت، كە لە خزمەتكردنى گەل خۆی دەبینێتەوە، كۆنفۆشیۆش دەڵێت:(ئەگەر كەسە باشەكان دەسەڵات بگرنەدەست، خەڵكە خراپ و ستەمكارەكان باش دەبن، ئەم هۆكارەش وادەكات دەسەڵاتداران پێویستیان بە لە سێدارەدان نەبێت).
كۆنفۆشیۆس بەدەستهێنانی پلە و پۆست بە ئاسایی دادەنێت، بەڵام بەڕێگەی ئاسایی و یاسایی لەسەر حسابی كەسی تر نەبێت، هەروەها ئەو فەرمان بە مرۆڤەكان دەكات، دووربكەونەوە لە شارستانیەتێك كە لە ژێر دەسەڵاتێكی ستەمكارانەدایە، بە نەنگيشی دادەنێت كە هەژار بیت و وڵات لە ژێر سایەی دەسەڵاتێكی دادپەروەرانەدا بوو، ئەوەش بە نەنگی دەزانێت كە دەوڵەمەند بیت و شانازی بكەیت لە كاتێكدا كە وڵات لەژێر دەسەڵاتێكی ستەمكارانەدابوو.
بڕوای كۆنفۆشیۆس لەبارەی پەیڕەوكردنی یاسا و رێنمانییەكان بەجۆرێكە ئەگەر مرۆڤەكان بەهاو ئاكار و رەوشتیان باش بێت، ئەوا یاساكانیش پەیڕەودەكەن، ئەگەر فەرمان و یاسا و رێنمانییەكان بەكارهێنران بۆ گەیشتن بەڕاستی، سزاكانیش بۆ سەپاندنی یاسا، بەڵام بەهای ئەخلاقییان نەبوو ئەوكاتە خەڵكی شەرم ناكەن لە پێشێلكردنی یاسا و رێنمانییەكان.
بە بۆچوونی كۆنفۆشیۆس، ئەگەر گەل لەلایەن فەرمانڕەواوە بە یاسا و بڕیارە توندەكان بەڕێوەبرا، ئەوا هەوڵی خۆرزگاركردن دەدەن لەو یاسا و بڕیارانە و پێشێلیان دەكەن و شەرم ناكەن لە سەرپێچیكردنیان، بەڵام ئەگەر گەل بە رەوشتە چاكەكان بەڕێوەبرا، ئەوكاتە شەرم دەكەن لە ئەنجامدانی تاوان و پێشێلكردنى یاسا و بڕیارەكان. كۆنفۆشیۆس ئەخلاق پێش یاساش دادەنێت بۆ بەڕێوەبردنی وڵات، بەڵام ئەخلاق بەكاردەهێنێت تا خەڵكی شەرم و حەیا بزانن و پەیڕەوی لێ بكەن.