(5)
ململانێی نەوەکان لە بواری پەروەردە و کۆمەڵایەتیدا، ئەگەری هەیە لە نێوان نەوەکانی کۆمەڵگەدا رووبدات.
ئەم ناکۆکییە کاتێک سەرهەڵدەدات کە بەها و بیروڕای نەوەکانی پێشوو (وەک دایک و باوک و مامۆستایان) لەگەڵ نەوەکانی پێشوو (وەک منداڵان و فێرخوازان) سەبارەت بە شێوازەکانی پەروەردە جیاواز بێت، واتە دیاردەیەکە رەنگدانەوەی گرژی و جیاوازییەکانی نێوان نەوە جیاوازەکان لەخۆدەگرێت، بابەتێکی ئاڵۆزە و تەحەدای سیستمە جۆراوجۆرەکانی پەروەردە دەکات لە سەرانسەری جیهاندا.
ململانێی نەوەکان لە بواری پەروەردەدا رەنگدانەوەی گەشەسەندنی سروشتی کۆمەڵگەکانە لەگەڵ گۆڕانی سەردەمدا
ئەم ململانێیە لە چەند ئاستێکدا خۆی دەردەخات وەک بەرنامەکانی خوێندن، شێوازەکانی پەروەردەیی و پەیوەندیی نێوان مامۆستا و فێرخواز.
هۆکارەکانیش زۆرن لەوانە، گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان، زیاتر بوونی پشتبەستن بە تەکنۆلۆژیای ئینتەرنێتیش بۆتە هۆی گۆڕانکاریی لە شێوازی پەیوەندیی مامۆستا و فێرخوازدا.
شێوازی وانەوتنەوەش یەک لە ململانێکانە، لە رابردوودا، پەروەردە بەشێوەیەکی سەرەکی پشتی بە شێوازە تەقلیدییەکانی وەک لەبەرکردن و وتنەوەی دەق دەبەست، لەکاتێکدا ئەمڕۆ ئارەزوو بەرەو فێربوونی کارلێک و بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای هاوچەرخ دەکات، وەک ئینتەرنێت و ئامڕازەکانی پەروەردەی دیجیتاڵی.
نەوەی رابردوو، لەوانەیە ببینن کە ئەم شێوازە نوێیانە توانای تێگەیشتنی قووڵ لاواز دەکەن، بەڵام ئەمانەی ئێستا پێیانوایە ئەمە تێگەیشتنیان زیاتر دەکات.
پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا، بۆتە هۆی جیاوازی لە شێوازی بەکارهێنانی ئامڕازەکانی پەروەردە، نەوەی ئێستا، حەز بە بەکارهێنانی تەلەفۆنە زیرەکەکان و لایەنە کردەییەکانی پەروەردەیی دەکەن، لە کاتێکدا نەوەی رابردوو، ئەم ئامڕازانە بە سەرقاڵکردنی فێرخوازان و کاریگەریی لەسەر کوالیتی پەروەردە دەبینن.
نەوەی رابردوو، جەختی لەسەر دابونەریت و بەهاکانی کۆمەڵگە کردۆتەوە، وەک رێزی دامەزراوەکان، گوێڕایەڵی مامۆستایان، خۆ تەرخانکردن بۆ خوێندن، لە کاتێکدا نەوەی ئێستا بەدوای ئازادی و داهێنانی زیاتردا دەگەڕێن لە پەروەردەدا، ژینگەی فێربوونی نەرم پەسەند دەکەن کە هانی رەخنەی بونیادنەر، بیرکردنەوەی سەربەخۆ و بەکارهێنانی زانیاری دەدات لە چوارچێوەکانی ژیانی پراکتیکدا.
چارەسەر بۆ کەمکردنەوەی ململانێکان زۆرن، لەوانە، هاوکاریکردنی نێوان نەوەکان، تێکەڵکردنی شێوازەکانی فێرکردنی تەقلیدی لەگەڵ تەکنۆلۆژیای هاوچەرخدا کە رێگە بە فێرخوازان دەدات هاوسەنگیی لەنێوان بەها پەروەردەییەکان و تەکنۆلۆژیای پەروەردەییدا ئەزموون بکەن.
ئەم کارلێکردنە دەتوانێت ژینگەیەکی فێربوونی گەشەکردووتر و گشتگیرتر دابین بکات، کە هەر نەوەیەک بەشداریی بەهێزی ئەویتر دەکات، هەروەها رەخساندنی دەرفەت و گەشەسەندن و فێربوونی هاوبەش بەشێوەیەک نەوەی رابردووی مامۆستایان دەتوانن رێنمایی فێرخوازان بکەن بۆ فێربوونی بەها نەریتییەکانی وەک، دیسپلین و رێز، لە کاتێکدا نەوەی ئێستای فێرخوازان دەتوانن یارمەتی مامۆستایان بدەن بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ تەکنۆلۆژیای پەروەردەی هاوچەرخدا.
ململانێی نەوەکان لە بواری پەروەردەدا رەنگدانەوەی گەشەسەندنی سروشتی کۆمەڵگەکانە لەگەڵ گۆڕانی سەردەمدا. مەرج نییە نەرێنی بێت، بەڵکو دەرفەتێکە بۆ گەشەپێدان و باشترکردنی پەروەردە بە هاوسەنگی ئەزموونی رابردوو وتەکنۆلۆژیای هاوچەرخ و دەشێت ببێتە سەرچاوەی داهێنان و گەشەپێدان ئەگەر بەنەرمی و لێکتێگەیشتن لەنێوان نەوە جیاوازەکاندا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت وە دەتوانێت بەرهەمدار بێت ئەگەر بە باشی سوودی لێ وەربگیرێت لەڕێگەی هاوکاری و ئاڵوگۆڕی زانیاری نێوان نەوەکان، بۆ گەشەپێدانی سیستمێکی پەروەردەیی گشتگیرتر و نەرمتر کە لەگەڵ سەردەمدا بگونجێت و ئەو بەها بنچینەییانە بپارێزێت کە بنەمای کۆمەڵگە پێکدەهێنن.
[email protected]