(4)
ململانێی نەوەکان لە خێزاندا، دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە کە لە ئەنجامی جیاوازی بیروبۆچوون، و بەها و رەفتار و هەڵسوکەوتی نێوان نەوە جیاوازەکانی ناو خێزاندا روودەدات.
ئەم ململانێیە بەزۆری لەنێوان دایک و باوک و منداڵاندا بەدەردەکەوێت و تەشەنە دەسێنێت، بەشێوەیەک هەر نەوەیەک رووبەڕووی ئاستەنگەکانی تایبەت بە خۆی دەبێتەوە لە جیهانێکدا کە بە خێرایی گوزەر دەکات.
بە نموونە زۆرجار دایک و باوک قورسایی و زەحمەت بەدی دەکەن لە تێگەیشتن و قبووڵکردنی ئەو گۆڕانکارییە خێرایانەی منداڵەکانیان پێیدا تێدەپەڕن، بەتایبەتی لە بوارەکانی تەکنۆلۆژیا، پەیوەندی و ئازادیی کەسیدا، لەبەرامبەر ئەوەشدا منداڵەکانیشیان هەست بە کۆت و بەندی سەپێنراو دەکەن بەسەریاندا لەلایەن دایک و باوکیانەوە، کە دەشێت هەڵسوکەوت و بیرکردنەوەیان، وەک هەڕەشەیەک ببینن بۆ بەها نەریتییەکان.
ئەم ململانێیە دەشێت ئاسەوار و دەرکەوتەی جیاواز بەخۆوە ببینێت و ببێتە هۆی دوورکەوتنەوەی لایەنی سۆزداریی یان ململانێی توند لەناو خێزاندا ئەگەر بەشێوەیەکی گونجاو مامەڵەی لەگەڵدا نەکرێت، چونکە خۆی لە بارودۆخی جۆراوجۆردا دەردەخات، وەک جیاوازیی لە شێوازەکانی پەروەردەکردن، خواستی پیشەیی و هەڵبژاردنی شێوازی ژیان، لە کاتێکدا دایک و باوک هەندێک جار حەز بە پاراستنی داب ونەریتەکان دەکەن، ومنداڵەکانیشیان هەوڵ دەدەن بەشێوەیەکی جیاواز گوزارشت لە خۆیان بکەن بە پێی گونجاندن لەگەڵ بەها و بیروبۆچوونەکانی تایبەت بە خۆیان.
کاریگەرییەکانی ململانێی نەوەکان لەناو خێزاندا ئاڵەنگارییەکی گەورەیە لە کۆمەڵگە هاوچەرخەکاندا بەهۆی گۆڕانکارییە خێراکانەوە لە ژیانی کۆمەڵایەتی، ئابووری و تەکنۆلۆژیادا.
ئەم گۆڕانکارییانە بەڕوونی لە بۆشایی نێوان نەوەکانی رابردوو(دایک و باوک و داپیرەکان) و نەوەی ئێستا (منداڵ و نەوەکان) دا دەردەکەون، کە دەبێتە هۆی جیاوازیی لە بەهاکان، هەڵوێست و چاوەڕوانییەکان، هەستکردن بە دابڕانی منداڵان لە دایک و باوکیان و بەپێچەوانەوە، دروستبوونی کەلێن و دوورەپەرێزی منداڵان لە دایک و باوکیان لە رووی کۆمەڵایەتی و سۆزدارییەوە و لەدەستدانی تێگەیشتن لەناو خێزاندا کە دەبێتە هۆی ناسەقامگیری ژیان وپەیوەندییەکانی نێوان ئەندامانی خێزان.
چارەسەرەکان لەکاتی سەرهەڵدانی ئەو بەریەککەوتنانەدا جۆراوجۆرن لەوانە، بایەخدان بە قسەکردنی کراوە لە نێوان نەوەکانی نێو خێزاندا و تێگەیشتنی هاوبەش و رێزگرتن لەکاتی جیاوازییەکاندا و بەهێزکردنی پەیوەندی و دروستکردنی پەیوەندیی چالاک و کاریگەر لە نێوان نەوەکاندا کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و رەخساندنی دەرفەت بۆ هاوکاری و رێزی هاوبەش، بەدەر لەگرتنەبەری رێگەچارەسەرەکان لەڕێی جیاوازیی تێگەیشتن و نەرمی نواندن، بایەخدان بە ئاڵۆگۆڕی بیروڕا، دانوستان و سەوداگەریی و خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییەکان، و رەخساندنی دەرفەت بۆ گفتوگۆکردن و وتووێژ لەگەڵ یەکتریدا.
سەرەنجام: ململانێی نەوەکان لە خێزاندا دیاردەیەکی سروشتییە و مەرج نییە نەرێنی بێت، بەڵکو بەشێکی سروشتی گەشەی پەیوەندییە مرۆڤایەتییەکانە و گەورەترین ئاڵەنگاریی ئەوەیە کە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم ململانێیەدا بکەین بەشێوەیەکی بونیادنەر کە یارمەتیدەر و پاڵپشت بێت بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی خێزان، نەک لەناوبردنیان، ئەو کات ئەو ململانێیانە دەتوانێت ببێتە دەرفەتێک بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی تۆکمەتر لەناو خێزاندا و بەهێزکردنی تێگەیشتن لە نێوان ئەندامەکانیدا، لەپێناوی خێزان وکۆمەڵگەیەکی گەشەکردوو و زیندوودا.
[email protected]