دوابەدوای ئەوەی كەرتی خانووبەرە و زەویی شارەكان دەستیان بەسەردا گیرا و بەتەل و دیوار پەرژین كران و چەند كەسێك لە رێگایەوە بوونە ملیۆنێر، كاروباری دادنووسەكانیش درایە دەستی كەرتی تایبەت.
بەهۆی بێدەنگیی خەڵكەوە دەست بەسەرداگرتن و گواستنەوەی حكومەت، بۆ ژێر دەستی كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت بەردەوامە، كەرتەكانی پەروەردە، تەندروستی، خوێندنی باڵا، گواستنەوە و شارەوانیش زۆربەی كارەكانیان دراوە بە كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەتی کە زۆربەیان کەسانی دەسەڵاتداریان لە پشتەوەیە! نموونەشیان كۆكردنەوەی پارەی سزای سەرپێچییەكانی هاتوچۆ و دەیان بواری ترە، كە لە رێگایەوە داهاتێكی خەیاڵییان بۆ چەند كۆمپانیایەك مسۆگەر كردووە.
دیارە حكومەت دەیەوێت خۆی لە حوکمڕانیی وڵات داماڵێت و دەسەڵاتە یاسایی و نایاساییەكانی خۆی لەپێناوی ئیستغلالكردنی هاووڵاتیان بۆ زیاتر دەوڵەمەندكردنی چەند كەس و كۆمپانیایەك بەكاربهێنێت.
لەگەڵ ئەوەی هەموومان دەزانین حكومەتی ئێستا، دوو جار شەرعیەتی لەدەست داوە و تەنها حكومەتێكی كاربەرێكەرە و مافی ئەم جۆرە هەنگاوانەی نییە. ئەویش جارێك بەهۆی كات بەسەرچوون و هەڵوەشانەوەی پەرلەمان بە بڕیاری دادگای فیدراڵی، جارێكیش كە زیاتر لە 6 مانگ بەسەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستاندا تێپەڕیوە و كابینەی نوێ دروست نەكراوە! ئەمانەش پێچەوانەی دەستووری عیراقی فیدراڵن، كە لە ماددەی پێنجەمدا بە روونی گەل لە رێگای دەنگدانەوە حکومەت بەسەرچاوەی دەسەڵات و شەرعیبوونی دەزانێت.
سەرەڕای ئەوەی یاسای بودجەش چەندین ساڵە نییە! كە ئەمە لە تەواوی سیاسەتی حوكمڕانی وڵاتانی هەرە دواكەوتووش روو نادات، كەچی حكومەتی هەرێم مێشێكیش مێوانی نییە و هەندێک لە بەرپرسە حکومییەکان پێیانوایە حكومەتی نوێ پێكنەهێنرێت باشترە لەوەی بەشێك لە دەسەڵاتە فراوانەكەیان بدەنەوە دەستی یاسا و دامەزراوە حكومییەكان!
هەربۆیە دەبینین ئەم هەرێمەی بەرهەمی خوێنی شەهیدان و قوربانیدانی بێشوماری خەڵكەكەیەتی، لە شێوەی دیوەخانی كوێخایەك بەڕێوەدەچێت!
لەكاتێكدا ئەو كەرتانەی كە باسمان كردن، داهاتیان هەیە و دەبوایە داهاتەكانیان بۆ خەزێنەی حكومەت بگەڕێتەوە، لەوێشەوە بەپێی دەستوور بەشێكی بۆ خەزێنەی حكومەتی فیدراڵی بگەڕێتەوە، لەبەرامبەریشدا ئەوان بە هەموو ئەركەكانی سەرشانیان جێبەجێبکەن كە لەسەریانە بەرامبەر حكومەت و خەڵكی كوردستان.
كەچی ئەوانیش (حكومەتی ناوەند و دادگای فیدراڵی) بێدەنگییان هەڵبژاردووە و خەریكە ئەو جیاوازییەی لە ساڵانی رابردووەوە لە بواری خۆشگوزەرانی لە نێوان هەرێم و ناوچەكانی تری عیراقدا هەبوو پێچەوانە دەبێتەوە.
هەندێک لەوان لە بەرژەوەندییاندایە كە ئەركەكانی سەرشانیان بەرامبەر بە خەڵكی كوردستان جێبەجێنەكەن، دەشزانن برسیبوون و چەوساندنەوەی خەڵكی كوردستان، دەنگی حزبە دەسەڵاتدارەكانی عیراق كەمناكاتەوە، بەڵكو بە زەلیل بوونی خەڵكی كوردستان دڵخۆشدەبن.
حكومەتی هەرێم سیاسەتی «هی خۆم بۆ خۆم، هی ئێوەش دەخۆم» بەرامبەر خەڵكی كوردستان و حكومەتی فیدراڵیش پەیڕەو دەكات.
راستە لە كوردستان نابەرپرسیارێتی لە بەرهەمهێنان و گواستنەوە و خەرجكردنی كارەبادا هەیە، لە هەمان كاتدا کێشەی كەمیی كارەبامان هەیە كەچی هەر لێرەوە كارەبا بە نرخی بازرگانی بە (عیراقی دراوسێ) دەفرۆشرێت، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە ئەو نرخەی ئێستا ئیدارەی كوردستان دیاریكردووە بۆ فرۆشتنی كارەبا بە هاووڵاتیانی خۆی، زۆر زیاترە لەو نرخە بازرگانییە و نرخی كارەبای زۆربەی وڵاتانی ناوچەكەش، دیاریكردنی نرخەكە بەبێ هیچ پێوەرێکە، نە بینیمان بخرێتە تەندەر و كێبڕكێی كۆمپانیاكان، نە بەرژەوەندیی خەڵك و ئاستی بژێوی خەڵك، نە پێداویستییەكانی و نە خەرجی بەرهەمێنانیش رەچاو نەكراوە.
بە پشت بەستن بە دەستووری عیراق و هەموو یاسا بەركارەكان دەكرێت بڵێین ئەوەی ئێستا لە كوردستان دەگوزەرێت، تاوانێكی یاساییە بەرامبەر بە خەڵكی كوردستان دەكرێت! چونكە بەپێی دەستوور و یاسا هیچ بڕە پارەیەك لە هیچ كەسێك وەرناگیرێت تەنها بەیاسا نەبێت. وەك دەشزانین پەرلەمانێكی كارامان نییە كە تیایدا ئەم بابەتە گرنگە بخرێتە گفتوگۆ و یاسای بۆ دەربچێت، یاخود وەك هەموو حكومەتەكانی دونیا، ساڵانە یاسای بودجە لە پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر بكرێت و ئەم بابەتانەی تیادا دیاریبكرێت، پاشانیش پەرلەمان بۆ هەڵسەنگاندن و چاودێریی دەسەڵاتی جێبەجێكردن پشتی پێ ببەستێت. دەسەڵاتدارانی حكومەتی هەرێمیش، ئەم بۆشاییە یاساییەیان بە هەل زانیوە و لەبەرژەوەندیی خۆیان بەكاریدەهێنن.
ئەوەی دەگوزەرێت داڕمان و هەڵوەشانەوەی متمانەی نێوان حكومەت و هاووڵاتیانە، كە شەرعییەتی دەسەڵات لێیەوە سەرچاوە دەگرێت، بۆیە دەبێت گەل لە ئاستیدا بێتە دەنگ و داوای بونیادنانەوە و داڕشتنەوەی سەر لەنوێی بكاتەوە.
جێی خۆیەتی لەجیاتی دەسەڵات، رەخنە لە خاوەن قەڵەم و خەڵكی هۆشیار و شەقامیش بگرین كە بەهۆی بێ دەنگی و بێ هەڵویستیی ئەوانەوە، ئەمرۆ گەل دەچەوسێنرێتەوە!
پێویستە هەرچی زووە هەموو بێینە دەنگ. رێگای مەدەنی وەك بایكۆت، خۆپیشاندان، رێپێوان و جۆرەها شێوازی تری ناڕەزایی هەن تا لە رێگایانەوە ئەم حکومڕانییە بە هۆش خۆی بێنینەوە.
دادگای باڵای فیدراڵی دەتوانێت کێشەی مووچە لە نێوان هەرێم و بەغدا یەکلا بکاتەوە