کەناڵی کوردسات، شانازییەکی تری سلێمانی

10:59 - 2023-12-28
کەلتور
670 جار خوێندراوەتەوە
خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە یەکێک لە بۆنەکانی کەناڵی کوردساتدا

سەرکەوت عەلی حەبیب


کەناڵی کوردسات، بیرۆکەی (هێرۆ خان- هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد)ە، یەکەم کۆبوونەوە بۆ دامەزراندنی کەناڵەکە، لە ماڵی هیرۆ خان بووە بە ئامادەبوونی (دارۆ شێخ نووری، کۆسرەت رەسووڵ، د. بەرهەم ساڵح و د. ئەرسەلان بایز) بۆ ناونانی کەناڵەکەش، هێرۆ خان پێشنیازی (کورد تیڤی) دەکات، د. بەرهەم ساڵح، دەڵێت: چونکە پەخشەکەی بۆ دونیایە و سەتەلایتە، باشترە ناوی بنێین: کوردسات.
کەناڵی کوردسات، لە سەری ساڵی 2000، سەعات 10:23 بە کاتی سلێمانی بۆ ماوەی (2 سەعات) لەسەر سیستەمی ئەنەلۆگ دەستیپێکرد.
پاش هەفتەیەک ماوەکەی کرا بە (4 سەعات) گەرچی ئەو رۆژگارە لە رووی ئابووری و هونەرییەوە، سەردەمێکی جیاواز بوو، بەڵام پێویستی قۆناغەکە وای دەخواست، دەنگی کورد بگاتە دەرەوەی هەرێم و باشووری کوردستان و کوردسات پردی پەیوەندی نێوان هەرێم و دەرەوەی هەرێم  بێت.
پاش چەند مانگێک ئەو سیستەمە بۆ دیجیتاڵ گۆڕدرا و ماوەی پەخشەکەی کرا بە (7 سەعات)، پاشان ماوەی پەخشەکەی کرا بە (12 سەعات) لە شەو و رۆژێکدا و لە سەرەتای ساڵی 2002، تا کۆتایی مانگی تەمموزی هەمان ساڵ، پەخشەکەی کرا بە (18 سەعات) لە مانگی ئابی 2002 تا ئەمڕۆ ماوەکەی پەخشەکەی کرا بە (24 سەعات).
کەناڵی کوردسات، سەرجەم بەرنامەکانی (راستەوخۆ و تۆمارکراو) لە ئەمڕۆدا، بە شێوەزاری کرمانجی خواروو پێشکەش دەکات، جگە لە گەشتی هەواڵ کە بە هەردوو شێوەزاری کرمانجی ژووروو- خواروو پێشکەش دەکات.
سەرەتا، بە هۆی نەبوونی بارەگا یان بینایەکی تایبەت بە خۆی، تا 25 / 12 / 2001، لە نێو بارەگای تەلەفزیۆنی خاک بووە.
کەناڵی کوردسات، پێویستییەکی، یەک لە قۆناغەکانی  میدیای کوردی دوای راپەرینی 1991 بوو، کە جگە لەوەی پردی پەیوەندی ناوەوە و دەرەوەی هەرێم بوو، لە هەمان کاتدا کەناڵێک بوو بۆ ئازادی و هۆشیاری و ماڵی هەموو کورد.
کەناڵی کوردسات، بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕیووە و گرنگترینیان ئەمانەی خوارەوەن: یەکەم: قۆناغی نێو بارەگای تەلەفزیۆنی خاک، لە 1 / 1 / 2000 تا 25 / 12 / 2001. دووەم: قۆناغی نێو بارەگای کەناڵی کوردسات، لە 26 / 12 / 2001 تا 20 / 3 / 2007. سێیەم، لە 21 / 3 / 2007، ئەم قۆناغە لە ئێوارەی نەورۆز و سەرەتای ساڵی نوێی کوردییەوە، بە هەوڵ و کۆششی  دڵسۆزان و خەمخۆرانی کەناڵەکە، بە گڕوتینێکی نوێ و گۆڕانکاری، لە کاروان دانەبڕاو بەردەوام بوو لە خزمەتکردن بە میدیای کوردی و تا نها کەناڵی کوردسات، درێغی نەکردووە لە خزمەتکردن و گەیاندنی پەیامی میدیای کوردی و هەمیشە بە خەمەوە هەوڵی داوە لە ئاست خواست و داواکانی بینەراندا بێت و دەنگ و رەنگی هەمووان بێت.
کەناڵی کوردسات، لە چەند بەشێک پێک هاتووە: کارگێڕیی، هونەری، هەواڵ، رۆشنبیری، بەرنامەکان، ئەرشیڤ و تەنسیق، تەکنیکی، منداڵان، پەیوەندییەکان و دۆبلاژ 
سەرپەرشتیار، بەڕێوەبەر و لێپرسراوی بەشەکان:
هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد: سەرپەرشتیار
ئاوات نەجمەدین: بەڕێوەبەر
لێپرسراوی بەشەکان:
یوسف حاجی یونس: هونەری
هیوا فەریق: تەکنیک
عوسمان نوری: مۆنتاژ
بەکر فەرەج: کامێرا
سەرکەوت عەلی حەبیب: تەنسیق، ئەرشیڤ، مۆنیتەرینگ
ئازاد سدیق: هەواڵ
مەریوان عومەر: منداڵان.
(دیارە هەموو ئەو ناوانانە، ئێستا هیچ پۆستێکیان لەو کەناڵەدا نییە).
کەناڵی کوردسات، دەکەوێتە ناوچەی دەباشان لە باکووری شاری سلێمانی لە سەر رێگەی چیای ئەزمڕ- سلێمانی لە سەر رووبەری (14000 مەتر چوارگۆشە) و بریتییە لە دوو نهۆم و ژێر زەمینێک و کۆی رووبەری بیناکە (4680 مەتر چوارگۆشەیە) لە لایەن کۆمپانیای نەورۆز بە سەرپەرشتی ئەندازیار (تەیب جەبار) دروست کراوە.
سڵاو لە گیانی پاکی خەمخۆران، بە تایبەتی هەڤاڵ مام جەلال، خەمخۆری هەمیشەیی کەناڵەکە. سڵاو لە دامەزرێنەرانی، سڵاو لە دایکی میهرەبان، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد. سڵاو لەو کارمەندانەی بۆ چرکەساتێک خزمەتیان بەم کەناڵە کردووە و هەموو ئەوانەی بەردەوامن و ئەوانەشی بە هەر هۆیەک بێت بەردەوام نەبوون. سڵاو بۆ ئەو کارمەندانەی، پەپوولە ئاسا گیانیان بەخشی و لە نیوەڕۆی تەمەنیاندا خۆریان ئاوابوو. سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەکانی پارێزەری ئەو کەناڵە، کە ئەستێرە دەکەنە خەو، خۆشیان نەخەوتوون.

 



بابەتە پەیوەندیدارەکان