رۆبەرت سۆلۆ، تیۆریزانی گەشەی ئابووری

09:57 - 2024-02-04
ئابووری
49 جار خوێندراوەتەوە
رۆبەرت سۆلۆ

فەیسەڵ عەلی
سۆلۆ لە دووی ئابی 1924 لە نیویۆرک لە دایک بووە، باوکی سۆلۆ یەکێک بووە لەو کۆچەرییانەی رووی لە ئەمریکا کردووە، نانەوایی کردووە و دایکیشی ژنی ماڵەوە بووە. سەرەتا لە خوێندن زۆر زیرەک بووە، بەڵام دواتر وەک پێویست بایەخی پێ نەداوە، بەڵام لە کۆتایی خوێندنی ئامادەییدا، بەهۆی کاریگەریی قوڵی یەکێک لە مامۆستاکانییەوە، توانیویەتی لە ئەیلولی 1940دا مینحەی خوێندنی کۆلیجێکی هارڤارد بەدەست بهێنێت، لەوێ لەسەر دەستی زانایان خوێندویەتی، لە کۆمەڵناسی (یەد تالکوت پارسۆنز) وانەی پێگوتووە و ئەنترۆپۆلۆجیای لەسەر دەستی (کلاید کلیسخۆن) خوێندووە. 

کتێبی بەهەدەردانی نەوەدەکان
لە ساڵی 1942دا زانکۆی بەجێهێشتووە و پەیوەندیی بە هێزی سەربازیی ئەمریکاوە کردووە و تا کۆتایی جەنگ لە باکووری ئەفریقا و سەقلیە کاری کردووە. ساڵی 1945 گەڕاوەتەوە بۆ هارڤارد، لەوێ (لیۆنتیف) دەبینێت و وانەی ئاماری لە زانکۆی هارڤارد وتۆتەوە. لە ساڵی 1949 تا 1950، زەمالەی خوێندنی لە زانکۆی کۆڵۆمبیا هەبووە، لە ساڵی 1951دا دکتۆرای لەوێ بەدەستهێنا کە فاسیلی لیۆنتییڤ سەرپارشتیاری تێزەکەی بوو، لەسەر تێزی دکتۆراکەی زانکۆی هارڤارد خەڵاتی کرد و بە کتێب بڵاویان کردەوە، پاشان وەک پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەشی ئابووری و بواری ئامار و ئابووریی پێوانەیی لەگەڵ (پۆل ساملسۆن) دامەزرا، دوای ئەویش لە پەیمانگای ماساچوس بۆ تەکنۆلۆجیا تا ساڵی 1987 کاری کرد و لە ساڵی 1995 خانەنشین بوو. هەروەها لە چەندین توێژینەوەدا کە لە پەیمانگای ماکینزیی جیهانی کران بەشداری کردووە و لە ماوەی ساڵانی 1995 تا 2000 لە ئابووریی ئەمریکای کۆڵیوەتەوە، ئەو لێکۆڵینەوەیەش کتێبی (بەهەدەردانی نەوەدەکان)ی لێبەرهەم هات، سۆلۆ رۆژی 21ی کانونی یەکەمی 2023 کۆچی کرد.

قەیرانی بێبازاڕیی
سۆلۆ هاوسەردەمی بێبازاڕی ئابووریی سییەکانی سەدەی رابردوو بوو، ئەو ماوەیە کاریگەریی دیاری لەسەر ئاراستەی سۆلۆ و ئابووریناسەکانی تریش دانا، بە تایبەتی ئەوانەی لە پەنجاکان و شەستەکاندا توێژینەوەیان لەسەر هۆکارەکانی گەشەی ئابووری دەکرد و بایەخیان پێ دەدا، بە تایبەتیش دوای ئەوەی چەندین دەوڵەتی گەشندە سەربەخۆییان بەدەست هێنا و هەوڵیان بۆ گەشەکردنی ئابووریی دەوڵەتەکانیان دەدا. دوای قەیرانی بێبازاڕیی ئابووری لە ساڵانی نێوان 1929 بۆ 1933، فرانکلین رۆزفلت بە ئامانجی بوژانەوەی ئابووریی ئەمریکا کۆمەڵێک پڕۆژەی جێبەجێ کرد، ئەمەش ئەو راستییەی لای سۆلۆ چەسپاند کە بەبێ دەستوەردانی بەهێزی حکومەت ناتوانرێ کێشە ئابوورییەکان چارەسەر بکرێت.
دوو هۆکاری سەرەکی
ئەوکات ئابووریناسان سەرمایە و دەستی کاریان وەک دوو هۆکاری بنچینەیی گەشەی ئابووری دەبینی، گەشەی ئابووری بە کەڵەکەبوونی سەرمایە و هەندێک هۆکاری پاشەکەوتەوە بەند بوو. سۆلۆ رای جیاوازی هەبوو، ئەو پێی وابوو گەشەی ئابووریی دەوڵەتانی پێشکەوتوو بە بنیاتنانی کارگە و وەچە خستنەوە بەدی نایەت، ئەوەشی روونکردەوە، کە پشت بەستن تەنها بەو دوو هۆکارە ئابووری لە حاڵەتی سەقامگیری دەهێڵێتەوە و دواتر ئابووری بەهۆی زیادبوونی گەشەی دانیشتوان و کەمبوونی دەستکەوتەکانەوە ناتوانێ لە گەشەکردنی بەردەوامدا بێت.

سامپڵی سۆلۆ
ئەم بۆچوونەی وای لە سۆلۆ کرد، لە کاریگەریی تەکنۆلۆجیا بگەڕێت و دەکرێ لە پاڵ سەرمایە و دەستی کاردا هۆکارێکی تری گەشەی ئابووری بێت. ئەمەشی لە میانی پەیپەرە بەناوبانگەکەی (بەشداری لە تیۆریی گەشەی ئابووریدا) کە ساڵی 1956 بڵاویکردەوە، لەو پەیپەرەیدا جەختی لەسەر سەربەخۆیی گەشەی درێژخایەنی ئابووری لە پاشەکەوت کردەوە، ئەم پەیپەرەی دواتر بە ناوی (سامپڵی سۆلۆ) ناسرا. لە کۆتا ساڵی 1957دا توێژینەوەیەکی تری بە ناونیشانی (گۆڕانی تەکنۆلۆجیا و پابەندیی بەرهەمی هەموەکی) بڵاوکردەوە، بەم توێژینەوەیەی جیهانی قەرزارباری خۆی کرد، چونکە توانی رۆڵی بنەڕەتی داهێنان لە گەشەی بەردەوامی ئابووری روون بکاتەوە، تەکنۆلۆجیا و داهێنان دەتوانن ئابووری لە حاڵەتی سەقامگیری بەرەو گەشەی سەقامگیر بگوێزنەوە، چونکە داهێنان تا رێگەی زیادکردنی بەرهەمداری و بەرزکردنەوەی کارامەییە.

رۆڵی داهێنان
تیۆرییەکەی سۆلۆ سەبارەت بە رۆڵی داهێنان لە ئابووریدا، کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر سیاسەتە ئابوورییەکانی دەوڵەتان بەجێهێشت، قەناعەتی بە داڕێژەرانی سیاسەتە ئابوورییەکان کرد، کە داهێنان رۆڵی دیاری لە بوژانەوەی ئابوورییدا هەیە، وایکرد پشتیوانی لە سیاسەتەکانی توێژینەوە و پەرەپێدان و خوێندن و ژێرخانی داهێنان بکەن. لە لایەکی ترەوە، دامەزراوە حکومییەکان تێڕوانینەکانی سۆلۆیان بۆ  داڕشتنی ستراتیجی داهێنان و جەختکردنەوە لەسەر توانای سەرمایەی مرۆیی بەکاربهێنن، هەروەها ژینگەیەکی لەباریش بۆ داهێنانەکان بڕەخسێنن.

کۆمەڵێک خەڵات
رۆبەرت سۆلۆ ساڵی 1961 مەدالیای (جۆن بیتس کلارک)ی لە کۆمەڵەی ئابووریناسانی ئەمریکا وەرگرت، ساڵی 1987 خەڵاتی نۆبڵی پێبەخشرا، پاشان لە ساڵی 1999دا مەدالیای نەتەوەیی زانستی پێدرا.
تیۆرییەکەی سۆلۆ سامپڵێکی تێڕوانینی بە بڕیاردەرانی سیاسەتی ئابووری دا، تا پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیا بە مەبەستی گەشەکردنی ئابووری تەوزیف بکەن. یەکێک لە ئاڵنگارییەکانی ئەو تیۆرییەی لە گەشەی ئابوورییدا سۆلۆ مامەڵەی لەگەڵدا کرد، گەیشتن بوو بە کۆکردنەوە لە نێوان گەشەی ئابووری مەودا کورت و مەودا درێژ.

بابەتە پەیوەندیدارەکان