تونجەر باكرهان هاوسەرۆكی دەم پارتی لە كۆبوونەوەی گروپی پارتەكەیدا، رایگەیاند: عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە چەند رۆژی داهاتوودا بانگەوازە مێژووییەكە دەكات. باكرهان وتی: ئێستا تۆپەكە لە گۆڕەپانی ئەردۆغاندایە.
تەئكیدی لەوەش كردەوە، ئاكەپە بە ئیدیعای دیموكراتیزەكردنەوە هاتووە، بەڵام یەك گەردیلەی دیموكراسی نەماوە و تەنانەت ئەوەی هەشبووە لەدەست دەچێت، رایگەیاند: یەك هەنگاو بۆ دەسەڵاتێكی دادوەریی سەربەخۆ نەنراوە. تەنانەت نووسەرێك لە دەزگاكانی راگەیاندن دەستبەجێ دەستگیر دەكرێت كاتێك لێدوانێك لەسەر كەسێك دەدات. ئاماژەی بەوەشكرد، ئێمە دەبینین زیاتر لە جاران كەسانی ئەكادیمی دەردەكرێن، ئەو رۆژنامەنووسانەی راستییەكان دەنووسن دەچنە زیندان. ئەوان دەیانەوێت كەس هاوسۆزیی لەگەڵ كەسی دیكە نیشان نەدات، بەڵام ئێمە لە هەموو شوێنێك دژی ئەو ئازار و نادادپەروەرییە دەنگدەدەین.