بەسەرپەرشتی پرۆفیسۆر دكتۆر كۆسار محەمەد سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و بە هەمئاهەنگی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی و نۆ زانکۆی تری هەرێمی کوردستان، کە بریتین لە زانکۆی کۆیە، زانکۆی راپەڕین، زانکۆی هەڵەبجە، زانکۆی گەرمیان، زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان، زانکۆی کۆمار، زانکۆی تیشکی نێودەوڵەتی و زانکۆی قەیوان، كۆنفڕانسێكی زانستیی نێودەوڵەتی سەبارەت بە مێژووی ژیان و خەبات و كاری ڕێكخراوەیی و سیاسی سەرۆك مام جەلال، لە زانكۆی سلێمانی رێكدەخرێت.
لەو كۆنفڕانسەدا كە وابڕیارە ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت، بەشێوەیەكی زانستی ڕۆشنایی دەخرێتەسەر هەوڵەكانی سەرۆك جەلال تاڵەبانی لە بوارەكانی مافی مرۆڤ و دبلۆماسی و رزگاربوونی كوردستان لەژێر دەسەڵاتی دكتاتۆری و دامەزراندنی حكومەتی هەرێم، هەروا ڕۆڵی لە بونیاتنانی عێراقێكی دیموكراسی و فیدراڵ و هەوڵەكانی بۆ چەسپاندنی ئاشتی و بوونی بەیەكەمین سەرۆك كۆماری هەڵبژێردراوی عێراق.
ئامانجی كۆنفڕانسەكە ناساندنی دنیابینی سەرۆك مام جەلالە لە بواری بەڕێوەبردن و سەركردایەتیكردندا، هەروەها ناساندنێكی گشتگیر و هەمەلایەنی كەسێتیی سیاسی و هزری و یاسایی و دبلۆماسیی سەرۆك جەلال تاڵەبانی، سەرباری ئەوەش رۆڵ و كاریگەریی لە مێژووی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی كورددا.
گرنگیدان بە لێهاتوویی و كاریزمای سەرۆك مام جەلال لە چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكاندا، شیكردنەوەی هەوڵ و بیر و كارەكانی لە پتەوكردنی پێگەی هەرێمی كوردستان، گرنگیدان بە تێڕوانینی بۆ سەروەری یاسا و مافی ژن، ڕۆڵی لە گەشەپێدانی زانست و پاراستنی كەلتور و گرنگیدانی بە بواری پەروەردە و خوێندنی باڵا، دەرخستنی گرنگیدانی بە ئازادیی بیروڕا و رۆژنامەگەری، گفتوگۆ و شرۆڤەی هزر و ئەدەبیاتی سیاسیی، كاریگەریی لە ئاستی عێراق و ناوچەكە و نێودەوڵەتی و ڕۆڵی سەرۆك مام جەلال لە پاراستنی ژینگە و پاراستنی رەسەنایەتیی شارەكان و تێكنەدانی ناسنامەكەیان، بەشێكی دیكە دەبێت لە ئامانجەكانی كۆنفڕاسەكە.