عەلی حەمادی مێژوو تۆمار دەكات

یەكەم یاریزانە لە مێژووی تۆپی پێی عیراقدا لە پریمەر لیگدا یاریی بكات

01:25 - 2024-08-20
وەرزش
123 جار خوێندراوەتەوە

عەلی حەمادی مێژوو تۆمار دەكات
یەكەم یاریزانە لە مێژووی تۆپی پێی عیراقدا لە پریمەر لیگدا یاریی بكات

یەكێكە لە یاریزانەكانی هەڵبژاردەی عیراق، لە هێڵی هێرشبەردا یاریی دەكات، لە تەمەنی یەك ساڵییەوە لەگەڵ خانەوادەكەی عیراقیان جێهێشتووە و لە بەریتانیا دەژین، لە تیپەكانی منداڵانەوە لەو وڵاتە دەستی بە یارییكردن كردووە و تا دواجار ئەم هەفتەیە بووە بە یاریزانی پریمەر لیگ و یاریی بۆ یانەی ئیبسویچ تاون دەكات، ئەو یاریزانەش عەلی حەمادییە.
1/3/2002 لە پارێزگای مەیسان لەدایكبووە، لەتەمەنی یەك ساڵیدا لەگەڵ خێزانەكەی عیراق جێدەهێلن و لە بەریتانیا ژیان بەسەردەبەن، تەمەنی یارییكردنی لە ساڵی 2013 – ەوە بووە، كاتێك قوتابی بووە یاریی بۆ قوتابخانەكەی كردووە، ئیتر پلە بە پلە توانی پەرە بەتواناكانی خۆی بدات و لە چەندین یانە یاریی بۆ ئاستی تەمەنە جیاجیاکان كردووە، تا دواجار ئەمساڵ توانی بگاتە ریزەكانی یانەی ئیبسویچ تاون و ئێستا یاریزانی ئەم یانەیەیە.
یەكەم بەشدارییكردنیشی لە یاریی یانەكەی  و لیڤەرپوڵدا بوو كە یەكێك بوو لە یارییەكانی هەفتەی یەكەمی پریمەرلیگ و لەدەقیقەی 74 – ی یارییەكەدا هاتە ناوە و بەشداریی كرد، ئەمەش بۆخۆی و بۆ مێژووی تۆپی پێی عیراق سەروەرییەكی گەورە بوو تۆماریكرد بەوەی بوو بە یەكەم یاریزان لەمێژووی تۆپی پێی عیراقدا بتوانیت بەشداریی پریمەر لیگی ئینگلیزی بكات.
هەرچەندە یانەكەی عەلی حەمادی 0-2 بە لیڤەرپوڵ دۆڕا، بەڵام ئەم یاریزانە لەو ماوە كەمەدا كە یاریی كرد:
*دوو شوتی ئاراستەی گۆڵی لیڤەرپوڵ كرد.
*2/2 پاسی تەواوی لە یارییەكەدا داوە.
*3 جار تۆپی گرتووە و یاریی پێكردووە.
*67 % بەریەككەوتنە هەواییەكانی سەركەوتوو بوون.
*بەریەككەوتنە هەواییەكانی 3 جار بووە و لە  2 یاندا سەركەوتووبووە.
*هەڵسەنگاندنی لەو ماوە كەمەدا كە یارییكردووە 6:5 بووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان