بە بۆنەی کۆتایی هاتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و بەشداری گەرم و گوڕی هاووڵاتیان لە پرۆسەکە پیرۆزبایی گەرمی خۆم ئاراستەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەگشتی و یەکێتییەکان بە تایبەتی دەکەم.
بۆ ئێمە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەگشتی و لە هەولێر بە تایبەتی، ئەم پرۆسەیە زۆر چارەنووسساز بوو، سوپاسێکی تایبەتی هەولێرییەکان و جەماوەر و دەنگدەر و ئەندام و لایەنگرانی یەکێتیی لە هەولێر دەکەم، کە بە گوڕوتینەوە بەشداریان لە پرۆسەکە کردو توانیمان دەنگەکانی یەکێتی بۆ دوو هێندە بەرز بکەینەوە و بەندەش زۆرترین دەنگ لەسەر ئاستی کاندیدەکانی کوردستان بەدەست بێنین، کە ئەمەش قۆناغێکی گرنگە و بەرپرسیارێتی زیاتر دەخاتە سەرشانمان.
هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە بەردەوام دەبین و لە کوردستان بە گشتی و هەولێر بە تایبەتی کاردەکەین و لەگەڵتان دەبین و داکۆکی لە مافەکانتان دەکەین و خزمەتتان دەکەین.
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ
سەرۆکی لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
لە پارێزگای هەولێر
٢١/١٠/٢٠٢٤