نەخۆشییەکە دەگوێزرێتەوە و زۆر كوشندە نییە

زانیاریی پزیشكی لە بارەی نەخۆشی ئاوڵەی مەیمونەوە

10:41 - 2024-09-10
ڕاپۆرت
235 جار خوێندراوەتەوە
ئاوڵەی مەیمون نەخۆشییەكی ڤایرۆسییە



پ.د. فەرەیدون عەبدولستار*



نەخۆشیی ئاوڵەی مەیمون (monkey pox) یەكێكە لە نەخۆشییە مرۆژەڵییەكان، لەبەرئەوەی ڤایرۆسی نەخۆشییەكە لە ئاژەڵەوە دەگوێزرێتەوە بۆ مرۆڤ، بەپێی سەرچاوە پزیشكییەكان بۆ یەكەمین جار لە ساڵی 1958 لە وڵاتی دانیمارك نیشانەكانی ئاوڵە لەسەر دوو كۆمەڵە مەیمونی تاقیگەكان توێژینەوەی پزیشكی دەركەوت هەربۆیە ناونرا ئاوڵەی مەیمون.
نەخۆشی ئاوڵەی مەیمون نەخۆشییەكی ڤایرۆسییە بە شێوەیەكی سروشتی ڤایرۆسەكە لە لەشی ئاژەڵە كێوییەكاندا هەیە كە لە دارستانە چڕەكانی ناوەڕاست و خۆرئاوا و باشووری كیشوەری ئەفریقیا دەژین وەك مەیمون و جۆرەكانی سمۆرە، جرج و مشك، زیاتر لە وڵاتانی كۆماری كۆنگۆی دیموكرات، كامیرۆن، گایۆن، كۆتدیڤوار، نایجیریا و لایبریا.

 

ماوەی توشبوون بە ڤایرۆسی ئاوڵە تاکاتی دەركەوتنی نیشانەكان 10-14 رۆژ دەخایەنێت و دوای چەند هەفتەیەك لە وەرگرتنی چارەسەر كەسەکە بەرەو چاكبوونەوە دەڕوات


بڵاوبوونەوەی ئاوڵەی مەیمون
لە ساڵی 1970 لە وڵاتی كۆنگۆی دیموكرات یەكەمین توشبوو بە نەخۆشی ئاوڵەی مەیمون لە مۆرڤدا دەستنیشانكرا و لە دوایدا بەهۆی گەشتكردنەوە ڤایرۆسەكە گوازرایەوە بۆ وڵاتانی دیكەی ئەفریقیا، چونكە نەخۆشییەكە لە مرۆڤی توشبوو دەگوێزرێتەوە بۆ یەكێكی ساغ، بەپێی قسەی توێژەران لەڕێی هاوردەكردنی ئاژەڵە جۆراوجۆرەكان بۆ وڵاتانی دیكەی جیهان و هەروەها بە مەبەستی گەشتكردن بۆ وڵاتان ڤایرۆسەكە پەڕیوەتەوە بۆ وڵاتانی دەرەوەی كیشوەری ئەفریقیا وەك ئەمریكا و ئەوروپا بەپێی سەرچاوەكان لە ماوەی نێوان ساڵانی (1970-1986) 400 توشبووی مرۆڤ تۆماركراوە، بۆ یەكەمینجار لە ساڵی (2003 ز) ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیمون گەیشتە وڵاتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا لە رێی هاوردەكردنی كۆمەڵیك ئاژەڵی كێوی لە دارستانەكانی ئەفریقیا وەك سمۆرە و هەندێك جۆری جرج و مشك. کە بوونە هۆی بڵاوبوونەوەی توشبوونی كۆمەڵێك لە سەگەكانی كێڵگەكان لە لەوەڕگەكاندا.

هۆكاری نەخۆشییەکە
هۆكاری نەخۆشی ئاوڵەی مەیمون دەگەڕێتەوە بۆ ڤایرۆسی Monkey pox virus كە سەر بە كۆمەڵەی  ortho pox virus ئەمانەش دەكەونە چوارچێوەی خێزانی ڤایرۆسەكانی دانكە یان ئاوڵە  pox viridaeكە لە راستیدا كۆمەڵێك ڤایرۆسی دیكەی تریش لەخۆ دەگرێت وەك:
Variola virus - 1: دەبێتە هۆی نەخۆشی ئاوڵە لە مرۆڤدا .Small pox Diseas 
Com pox  virus - 2 :دەبێتە هۆی دانكەی مانگا.
Vaccinia virus - 3: بەكاردەهێنرێت بۆ دروستكردنی ڤاكسینی ئاوڵە.
ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیمون بەهۆی گازگرتن و چڕنووك گرتنەوە لە ئاژەڵێكی توشبوو بۆ ئاژەڵیكی دیكە یان بۆ مرۆڤ بەهۆی بەركەوتنیان بە دەردراوە شلەكانی لەشی ئاژەڵی تووشبوو دەگوێزرێتەوە. توێژینەوەكان سەلماندویانە لە مرۆڤێكی توشبوو ڤایرۆسەكە دەگوێزرێتەوە بۆ مرۆڤێكی ساغ لەڕێی تێكەڵبوون بەهۆی كۆئەندامی هەناسەوە و هەڵمژینی هەناسەی خەڵكی نەخۆش و بەكارهێنانی كەلوپەل یان جلوبەرگ و خاولی و شوێنی نوستن، هەروەها رێكخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژەی بەوەداوە لەڕێی كۆئەندامی زاوزێوە بەهۆی جوتبوون لەگەڵ كەسێكی نەخۆشدا بڵاودەبێتەوە.
بەپێی زانیاری ناوەندە پزیشكییەكان ماوەی توشبوون بە ڤایرۆسی ئاوڵە تاکو دەركەوتنی نیشانە كلینیكییەكان ماوەی (10-14) رۆژ دەخایەنێت، نەخۆشی ئاوڵەی مەیمون لە مرۆڤدا، زۆر لە نەخۆشی ئاوڵەی مرۆڤ دەچێت. بەگوێرەی ئەنجامی توێژینەوەكان سەلمێنراوە نەخۆشی ئاوڵەی مەیمون زۆر كوشندە و ترسناك نییە بە بەراورد بە نەخۆشی كۆرۆنا و قۆناغەكانی چاكبوونەوە خێرایە بەوەی دوای چەند هەفتەیەك لە وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی كەسی نەخۆش بەرەو چاكبوونەوە دەڕوات.

نیشانەكانی ئاوڵەی مەیمون لە مرۆڤدا:
1 - ئاوسان و گەورەبوونی گرێ‌ لیمفاوییەكانی لەش.
2 - بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش.
3 - بوونی ئازارێكی زۆر لە ماسولكەكانی لەشدا بە گشتی.
4 -سەرئێشە و پشت ئێشە و ئازارێكی  توند لە ئەژنۆکاندا، نەخۆش ماندوو شەکەت دەردەکەوێت.
5 - گۆڕانكاری لە پێستی نەخۆشدا دەردەكەوێت بەوەی بە خوراندن  دەستپێدەكات و لە دواییدا دروستبوونی زیپكە یان بەشێوەی بڵق لە بەشەكانی لەشی نەخۆشدا بڵاودەبێتەوە.
 
رێگەكانی خۆپارێزی 
1 - بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی تەندروستی سەبارەت بە نەخۆشییە مرۆژەڵییەكان بە مەبەستی بەرزكردنەوەی ئاستی تیگەیشتنی هاووڵاتیان لەبارەی ئەو نەخۆشیانەی لە ئاژەڵ و باڵندەكانەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ.
2 - قەدەغەكردنی هاوردەكردنی ئاژەڵەكێوییەكان و ماڵییەكان بۆ هەرێمی كوردستان لەو وڵاتانەی كە نەخۆشی ئاوڵەی مەیمونی تێدا تۆماركراوە.
3 - سنوورداركردنی گەشتكردن لەم ماوەیەدا بۆ ئەو وڵاتانەی ئاوڵەی مەیمونی تێدا تۆماركراوە.
4 -قەدەغەكردنی گەشتكردن لەم ماوەیەدا بۆ ئەو وڵاتانەی كیشوەری ئەفریقیا بە تایبەتی وڵاتانی باشوور و ناوەڕاست و خۆرئاوای كیشوەرەكە.
5 -جێبەجێكردنی مەرجە تەندروستییە ڤێترنەرییەكان و بەدواداچوونی بەردەوام لەلایەن تیمەكانی ڤێترنەرییەوە بۆ ئەو ئاژەڵانەی لە باخچەكانی ئاژەڵان بەخێو دەكرێن لە شارەكانی كوردستاندا.
6 -دۆزینەوەی چارەسەرێكی خێرا بۆ ئەم ژمارە زۆرە لە سەگی بێلانە لە شار و شارۆچكەكانی هەرێم، چونكە هەندێكجار سەگیش تووشی ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیمون دەبێت و لێیەوە دەگوێزرێتەوە بۆ مرۆڤ.
7 -جەختكردنەوە لە جێبەجێكردنی مەرجە تەندروستییەكان لە دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە فەرمانگەكان لە قوتابخانە و زانكۆكاندا.
8 -هەوڵدان بۆ دامەزراندنی ناوەندێكی پزیشكی بە ناوی ناوەندی نەخۆشییە مرۆژەڵییەكان Zoonothc Diseases Cente بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ نەخۆشییە هاوبەشەكانی لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستاندا هەن بۆ توێژینەوەی بەردەوام و تۆماركردنیان.

سەرچاوەكان :
1 - رێكخراوی تەندروستی جیهانی .Who
2 - رۆژنامەی  الشرق الاوسط ژمارە 15880 لە 21/5/2022.
3 -نەخۆشییە مرۆژەڵییەكان Zoonothc Diseases لە نووسینی: دكتۆر فەرەیدون عبدالستار(2015). 

*راگری كۆلێجی پزیشكی ڤێترنەری/ زانكۆی سلێمانی 
*جێگری سكرتێری سەندیكای پزیشكانی ڤێترنەری لە سلێمانی







بابەتە پەیوەندیدارەکان