لە میدیای ئێرانییەوە

01:26 - 2024-09-10
جیهان
119 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆك كۆماری ئێران بە چ كارنامەیەكەوە دێت بۆ عیراق؟

 


 بڕیارە سبەینێ مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئیسلامیی ئێران سەردانی عیراق بکات، ئەمە یەكەمین سەردانی دەرەوەیەتی پاش ئەوەی كە وەک سەرۆک کۆمار دەستبەكار بووە، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە كە حكومەتی چواردەهەمی ئێران روانینێكی تایبەتی بۆ ناوچەكە هەیە.
وەک میدیاکان بڵاویانکردۆتەوە، ئەم سەردانە لەسەر بانگهێشتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراقە، هاوکات دوای ئەو سەردانەشی بۆ عیراق بڕیارە پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران بە مەبەستی بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان سەردانی ئەمریكا بكات. 
پزیشكیان بە دروشمی گۆڕانكاری هاتۆتە ناو گۆڕەپانەكەوە و پێشبینی دەکرێت لە کارنامەکەیدا هەوڵ بدات بۆ دانوستان لەبارەی لابردنی سزاكانی سەر ئێران، یەکێکی دیکە لەو چاوەڕوانییانەی لە پزیشکیان دەکرێت ئەوەیە کە هەوڵی باشتركردنی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە بدات.
چاوەڕێ دەکرێت لەو زنجیرە سەردانانەی پزیشکیاندا کە بە سەردانیکردنی عیراق دەستپێدەکات، سەردانی روسیاش بکات، لەو بارەیەوە سەرۆكی روسیا بانگهێشتی پزیشکیانی کردووە بۆ بەشداری لە كۆبوونەوەی برێكس.
ئەوەی لە بارەی سەردانەكەی پزیشكیان-ەوە بۆ عیراق بڵاوكراوەتەوە و جێگەی هیوا و ئومێدە، ئەوەیە کە لەبەرچاوگرتنی هەڵبژاردنی (عیراقچی)یە بۆ پۆستی وەزیری دەرەوە كە لەلایەن وڵاتانی ناوچەكەوە پێشوازیی باشی لێكراوە، سەردانەكەشی بۆ دەرەوە هەڵگری پەیامێكی پۆزەتیفە بۆ وڵاتانی ناوچەكە كە لەم رووەوە پێگەیەكی باش بۆ ئێران دەستەبەر دەکات و بە خێراییەكی زۆر پەرە بە پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە دەدات.
عیراق وڵاتێکی گرنگە بۆ ئێران و لەچەند ساڵی رابردوودا هەوڵێكی زۆری داوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی، هەروەها بە یەکێک لەو وڵاتانە دەژمێردرێت کە هۆکار بووە لە نزیککردنەوەی ئێران و سعودیە لە یەکتری و ئەوەش وایکرد ئەو دوو وڵاتە دوای چەندین ساڵ لە پچڕاندنی پەیوەندییەكانیان دووبارە پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی نێوانیان دەستپێبكەنەوە، لەوێشەوە ناردنی پەیامێك بێت بۆ وڵاتانی ناوچەكە بە تایبەتی وڵاتانی كەنداو.
بۆیە پێدەچێت ئێران و عیراق بگەن بە رێككەوتنی ئەمنی، هەروەك محەمەد كازم ئال سادق باڵیۆزی ئێران لە بەغدا رایگەیاندووە: لە میانەی سەردانەكەی پزیشكیان بۆ بەغدا رێككەوتن و یادداشتی لێكتێگەیشتن لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا ئیمزا دەكرێت. ئال سادق راشیگەیاندووە کە لەبەرئەوەی عیراق نێوەندگیریی كردووە لەنێوان ئێران و سعودیەدا، ئەوا دەتوانێت رۆڵی هەبێت لە پتەوتركردنی پەیوەندییەكانی وڵاتانی ناوچەكە بەتایبەتی لە نێوان میسر و ئوردن. باڵیۆزی ئێران لە عیراق ئاماژەی بە بواری ئابووریش كردووە كە ئێران و عیراق لەوبارەیەوە رێككەوتننامە ئیمزا دەكەن. 

 سەرچاوە: روزنامە آ‌رمان ملی – شماره 1916 

بابەتە پەیوەندیدارەکان