لە میدیای سورییەوە

01:30 - 2024-09-10
جیهان
59 جار خوێندراوەتەوە

ئامادەكردنی: فەتحوڵڵا حوسێنی

 

پێشهاتە مەیدانی و سیاسییەکانی سوریا


بەگوێرەی راپۆرتی رۆژنامەی الوطن، عەلی ئەسغەر خاجی راوێژکاری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری سیاسیی تایبەت، پشتڕاستی کردووەتەوە کە بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا خزمەت بە تیرۆریستان دەکات لەسەر خاکی ئەو وڵاتە.
خاجی لە رێگەی ڤیدیۆوە لەگەڵ گەیر پیدەرسن نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری سوریا باسی لە پێشهاتە سیاسی و ئابووری و مەیدانییەکانی سوریا و قەیرانی مرۆیی لەوێ و پێویستی درێژەدان بە پرۆسەی سیاسی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە، کرد.
لە بەرامبەردا پێدەرسن راپۆرتێکی سەبارەت بە دوایین رێوشوێن و کۆبوونەوەکانی سەبارەت بە پێشخستنی چارەسەری سیاسی بۆ قەیرانی سوریا پێشکەش کرد.

کامالا هاریس یاساکان قبوڵ دەکات

 
رۆژنامەی تشرین رۆشنایی خستەسەر رەوتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا و پشتڕاستی کردەوە کە بانگەشەی کامالا هاریس کاندیدی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا رێساکانی دیبەیتی هەفتەی داهاتووی دژی دۆناڵد ترەمپ کاندیدی کۆمارییەکان قبوڵ کردووە، لەوانەش بێدەنگکردنی مایکرۆفۆنەکان لە کاتێکدا نۆرەی کاندیدەکە نییە قسە بکات.
بڕیارە رۆژی 10ی ئەیلول لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا لە یەکەم دیبەیتی سەرۆکایەتیدا ترەمپ و هاریس رووبەڕووی یەکتر ببنەوە.
دیبەیتی نێوان ترەمپ و هاریس لە کەناڵی ABC لە سەنتەری دەستووری نیشتمانی لە شاری فیلادلفیا لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا بەڕێوەدەچێت.
لە راپرسییەکیشدا کە گۆڤاری ئیکۆنۆمیست بڵاویکردووەتەوە، کامالا هاریس 47 %ی دەنگەکانی لەسەر ئاستی نیشتمانیی بەدەستهێناوە، لەکاتێکدا دۆناڵد ترەمپ 45 %ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.

ساڵێکی نوێی خوێندن و نیگەرانی نوێ

 
رۆژنامەی الوحدة بەدواداچوونێکی سەبارەت بە دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لە سوریا بڵاوکردەوە، ئەمەش لەبەر رۆشنایی گەمارۆدان و دۆخی ترسناکی ئابووریدا.
لە بەدواداچوونەکەدا دووپاتکراوەتەوە کە ئازارەکانی دایک و باوکان لە کڕینی پێداویستییەکانی پەروەردەدا بە روونی دەرکەوتووە بەهۆی ئەو زیادبوونە لەبەرچاوەی لە بازاڕەکاندا بەدی کراوە کە هاوتا نییە لەگەڵ ئاستی داهات و نرخەکان چەندین هێندەی ساڵانی پێشوو بەرزبووەتەوە و نرخی کتێبەکان بە بەراورد بە ساڵی رابردوو بە رێژەی لەسەدا سەد زیادی کردووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان