لە میدیای تورکییەوە

11:14 - 2024-09-11
جیهان
98 جار خوێندراوەتەوە

ئەردۆغان: ئەو شمشێرانە بۆ كێ دەهەژێنن؟

 


شەممەی رابردوو، دەیان خوێندكاری دەرچووی كۆلێژی جەنگی وشكانی لە زانكۆی بەرگریی نیشتمانی، دوای ئەوەی لە رێوڕەسمی رەسمیی دەرچووندا سوێندیان خوارد، جارێكی دیكە لە میانی رێوڕەسمێكی هاوتەریبی ناڕەسمیدا سوێندیان خواردەوە و وەكو خۆپیشاندانێك شمشێرەكانیان بەرزكردەوە و هەموو پێكەوە دروشمی: «ئێمە سەربازەكانی مستەفا كەمالین»یان وتەوە، وەك ئاماژەیەك بۆ دامەزرێنەری كۆمارەكە.
ئەم سوێندخواردنە ناڕەسمییە و بەرزكردنەوەی شمشێر لە میدیا و پلاتفۆرمی سۆشیال میدیادا بە «پەیامی سیاسی» و «نیشانەی یاخیبوون» لە حكومەت وەسفكرا.
بازنەی عەلمانی و پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان بە سەرۆكایەتیی جەهەپە، پشتیوانی خۆیان بۆ هەڵسوكەوتی دەرچووانی سەربازیی راگەیاند. لەسەرەتادا هەمان هەڵوێست لەلایەن پارتی داد و گەشەپێدانیشەوە لە رێگەی عومەر چەلیكی وتەبێژەكەیەوە راگەیەنرا، كە هەڵسوكەوتی دەرچووان ئاسایی بوو.
بەڵام لە ژێر رۆشنایی دابەشبوونی رای سیاسی و كۆمەڵایەتی و گشتی لەسەر ئەو بابەتە، ئەردۆغان مشتومڕەكەی یەكلاییكردەوە بە راگەیاندنی كردنەوەی لێكۆڵینەوەیەك بۆ ئەو بابەتە، بەو پرسیارەی كە ئاراستەی دەرچووانی كۆلێژی سەربازی كرد: ئەو شمشێرانە بۆ كێ دەهەژێنن؟!
 ئەردۆغان بەڵێنیدا ئەو «ئیستغلالكارانەی سنووری خۆیان نازانن» كە بەشدارییان لە خۆپیشاندانە سەربازییە مشتومڕاوییەكەدا كردووە، لە ریزەكانی هێزە چەكدارەكان دەربكات، ئەمەش لەبەر رۆشنایی ئەو لێكۆڵینەوانەی كە زانكۆ و وەزارەتی بەرگری بە هاوبەشی ئەنجامیانداوە.
جمهوریەت

 

״سوریا مەرجی پێشوەختەی بۆ كشانەوەی هێزەكانی توركیا نییە״ 


نیزال قەبلان باڵیۆزی پێشووی سوریا لە توركیا باسی لە «نیشانە ئەرێنییەكان» كرد لە هەوڵەكانی ئاساییكردنەوەی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق.
لە لێدوانەكانیدا كە بی بی سی توركیا بڵاویكردووەتەوە، قەبلان ئاماژەی بەوەكردووە، كشانەوەی هێزەكانی توركیا لە سوریا «دەرئەنجامی دانوستانەكانە و مەرجی پێشوەختە نییە بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان»، ئاماژەی بەوەشكرد، «نیشانەی ئەرێنی» سەبارەت بە هەوڵەكانی ئاساییكردنەوەی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق هەیە، لەوانەش ئەگەری سازدانی كۆبوونەوەیەكی دوولایەنە لە نێوان وەزیرانی دەرەوەی هەردوولادا.
قەبلان روونیشیكردەوە، لێدوانەكەی سەرۆكی سوریا سەبارەت بە كشانەوەی هێزەكانی توركیا لە سوریا پێشمەرج نییە بۆ ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ ئەنقەرە، بەڵكو وەڵامێكە بۆ لێدوانەكانی ئەمدواییەی سەرۆك كۆماری توركیا.
میللیەت

 
داود ئۆغڵو پلانێكی بەپەلە دەخاتەڕوو


ئەحمەد داود ئۆغڵو سەرۆكی  پارتی ئایندەی توركیا و سەرۆك وەزیرانی پێشووی توركیا، پلانێكی بەپەلەی بۆ رێگریكردن لە قەتڵوعامی ئیسرائیل لە دژی گەلی فەلەستین خستەڕوو پێش كۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان كە لە 24ی ئەیلولی 2024 سازدەكرێت.
داودئۆغڵو ئاماژەی بەوەكرد، هۆكاری سەرەكیی ئەوەی كە ئیسرائیل بوێری ئەوە دەكات دەستدرێژییەكی هاوشێوە لە كەرتی رۆژئاوا زیاتر بكات لەگەڵ نزیكبوونەوەی ساڵی یەكەمی جەنگی  غەززە، هەڵوێستی هاوكاریی زلهێزە گەورەكانی جیهانە، بەتایبەتی  ئەمریكا، ئەمە جگە لە بێدەنگی جیهانی ئیسلامی.
تورك پرێس

بابەتە پەیوەندیدارەکان