لە سەکۆی میدیا جیهانی و ئیقلیمییەکانەوە

لە میدیای توركیاوە

12:47 - 2024-09-15
جیهان
142 جار خوێندراوەتەوە

لەبارەی هەڵبژاردنی شارەوانییەكان 
یەنی شەفەق  لە ژێر ناونیشانی گەمەی نوێی یەپەگە بڵاویكردووەتەوە، كە ئیدارەی خۆسەریی رۆژئاوا بەردەوامە لەسەر هەوڵەكانی بۆ سازكردنی هەڵبژاردنی شارەوانییەكان  لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا، سەرەڕای دژایەتی و ناڕەزایی توندی توركیادا.
بەپێی رۆژنامەكە، ئیدارەی خۆسەریی رۆژئاوا لە هەوڵی ئەوەدایە كە لەكاتی جیاجیادا هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لەشار و شارۆچكەكانی ژێر دەسەڵاتیدا بكرێت، نەك هەمووی بە كۆمەڵ و لە یەك رۆژ و كاتدا. بۆ ئەمەش رێنمایی پێویستی بە ئیدارە و بەڕێوەبەرایەتییەكان داوە.
بەپێی رۆژنامەكە، هەڵبژاردنەكە كە لە حەوت ناوچەی جیاوازدا بەڕێوەدەچێت، لەگەڵ بڕیارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكاندا نایەتەوە، چونكە هەوڵێكە بۆ دابەشكردنی خاكی سوریا.
پێشتر بڕیار بوو، كە مانگی تەممووزی ئەمساڵ هەڵبژاردنی شارەوانییەكان بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی دژایەتیی توركیاوە دواخرا بۆ مانگی ئاب، دواتریش ئەنجام نەدرا و بێدەنگیی لێكرا.

توركیا ئیدانەی رێككەوتنی ئەمریكا و بەشە یۆنانییەکەی قوبرس دەكات
رۆژنامەی ئاکشەم لە زاری وەزارەتی بەرگریی توركیا رایگەیاندووە:  كاردانەوەی توندی نواند بەرامبەر بەو رێككەوتنە سەربازییەی  كە لەنێوان ئەمریكا و ئیدارەی بەشە یۆنانییەکەی قوبرسدا ئیمزا كراوە.
لە لێدوانێكدا سەبارەت بەو رێككەوتنە سەربازییەی كە لەنێوان ئەمریكا و ئەو بەشەی قوبرسدا کراوە، دەریاوان ئاكت ورك وتی: «ئێمە بە توندی ئیدانەی رێككەوتنی (نەخشە رێگەی هاوكاریی بەرگری) لەنێوان ئەمریكا و ئیدارەی قوبرسی یۆنانی لە باشووری قوبرس دەكەین. وەك وەزارەتی دەرەوەمان رایگەیاندووە: «ئەم هەنگاوانە دژی ئاسایشی لایەنی بەشە تورکییەکەی قوبرس گیراونەتەبەر و زیان بە هەڵوێستی بێلایەنیی ئەمریكا بەرامبەر بە دوورگەی قوبرس دەگەیەنێت».
 توركیا پێیوایە، ئەمریكا پێویستە پێداچوونەوە بەو رێبازەدا بكات، كە بەشە تورکییەکەی قوبرس پشتگوێ دەخات و ئیدارەی بەشە یۆنانییەکە لە باشووری قوبرس وەك تاكە نوێنەری دوورگەكە دەبینێت.




ئەمریكا گوشار دەخاتە سەر بانكەكانی توركیا 
بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی زەمان، ئەمریكا گوشارێكی بەرفراوان دەخاتە سەر بانكەكانی توركیا بەهۆی بەردەوامیی مامەڵەكانیان لەگەڵ روسیا و پابەندنەبوونیان بەو سزایانەی بەسەر مۆسكۆدا سەپێنراون.
ئەمریكا و وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا گەمارۆكان بەسەر روسیادا جێبەجێ دەكەن، بەهۆی شەڕی ئۆكرانیاوە و لەو چوارچێوەیەشدا بەردەوام بانكەكانی توركیا ئاگادار دەكرێنەوە و داوایان لێدەكرێت كۆنترۆڵی توند بەسەر سەرچاوەی پارەكانیاندا بسەپێنن.
سەرچاوەیەكی توركی ئاگادار لە بازاڕی دارایی بە ئاژانسی سپۆتنیكی روسیای راگەیاندووە: لە چوارچێوەی سزاكانی ئەم دواییەی ئەمریكادا بۆ سەر روسیا، ئەمریكا گوشارەكانی بۆ سەر بانكەكانی توركیا زیادكردووە.
ئەو سەرچاوە توركییە دەڵێت: لە چوارچێوەی سزاكانی ئەم دواییەی ئەمریكادا بۆ سەر روسیا، بانكەكانمان چ حكومی بێت یان تایبەت، رووبەڕووی گوشاری زیاتر دەبنەوە لەلایەن ئەمریكاوە، لەڕاستیدا هەموو سەرچاوەكانی گواستنەوە بۆ روسیا و لە روسیاوە چاودێریی دەكرێن.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشكردووە کە هێشتا دیار نییە كەی حەواڵە بانكییەكان لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا ئاسایی دەبێتەوە، ئاماژەی بەوەشكردووە، بۆ ئەوە بڕیاری رەسمی پێویستە، بەڵام هێشتا بڕیارێكی لەو شێوەیە نەدراوە.
پێشتر ئەلێكسی یارۆڤ باڵیۆزی روسیا لە ئەنقەرە، باسی بەردەوامیی كێشەكانی مامەڵەی بانكیی نێوان روسیا و توركیای كرد و روونیكردەوە كە حاڵەتەكانی وەك رێگریی لە گواستنەوە و داخستنی هەژمارەكان و دەركردنی كۆمپانیاكانی گواستنەوەی كەلوپەل بۆ روسیا بە هەمان شێوە زیادیان كردووە.
جێی سەرنجە توركیا پێشتر لەلایەن ئەمریكاوە تۆمەتبار كرابوو بەوەی تۆڕی داراییەكەی پێشێلی سزاكانی سەر ئێرانی كردبوو، كە بەهۆی كێشە ئەتۆمییەكەی بەسەر ئێراندا سەپێنرابوو.

بابەتە پەیوەندیدارەکان