لە میدیاکانی سوریاوە

12:55 - 2024-09-15
جیهان
100 جار خوێندراوەتەوە

ئەمریکا هەژموونی بەسەر جیهانەوە نامێنێت
رۆژنامەی (الثورة‌)ی چاپی سوریا راپۆرتێکی درێژی سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا و تێیدا تەئکید لەوە کراوەتەوە کە سەرباری ئەو راپرسییانەی ئاماژە بە کێبڕکێی هەڵبژاردنی نێوان کامالا هاریس-ی کاندیدی دیموکراتەکان و دۆناڵد ترەمپ-ی کاندیدی کۆمارییەکانی ئەمریکا دەکەن وەک دوو رکابەر کە دەنگەکانیان لە یەکترییەوە نزیکە، بەڵام دەرکەوتنی تەحەدییەکانی ئەو دروشمەی هەڵبژاردن (با سەرلەنوێ ئەمریکا مەزن بکەینەوە) لەسەر زاری ترەمپ و کۆمارییەکانەوە کە تووشی جۆرێک لە دابڕان بوون، ئەوەش بۆخۆی جۆرێک لە گەشبینی داوەتەوە بەوانەی هێشتا بڕوایان بەوەیە کە بە تەنها سەرکردایەتیی ئەمریکا لەتوانایدایە چارەسەری قەیرانە جیۆسیاسییە مەترسیدارەکان بکات.
بەڵام بەگوێرەی راپۆرتەکە هێشتا کەسایەتییە گرنگەکانی واشنتۆن لەو بڕوایەدان کە هیچ شتێک بەبێ سەرکردایەتیی ئەمریکا روونادات، بەڵام ئێستا ئەمریکا هەژموونێکی لاوازی لە زۆربەی ناوچەکانی جیهاندا هەیە، ئەوەش بە روونی بەر لەماوەیەک پێش دەستبەکاربوونی جۆ بایدنەوە دەرکەوتووە.



پێکهێنانی ناوچەی میدیای ئازاد لە سوریا

 بترۆس ئەلحەلاق-ی وەزیری راگەیاندنی سوریا لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی تشرین-ی چاپی دیمەشق رایگەیاندووە: پرۆژەی پێکهێنانی ناوچەی میدیای ئازاد لە وڵاتەکەیدا لە چوارچێوەی ئەو پرۆژانەدا دێت کە ئامانج لێی گەشەدانە بە کەرتی میدیایی تا بتوانێت بەهای زیاتر بدات بە هەردوو بواری مەعریفی و میدیایی.
لەو رووەشەوە ئەنجومەنی وەزیرانی سوریا رەزامەندیی نیشاندا سەبارەت بە پڕۆژە یاسای تایبەت بە دروستکردنی ناوچەی راگەیاندنی ئازاد، وەک یەکێک لە چەندین پرۆژە کە لەرێگەیەوە وەزارەتی راگەیاندنی سوریا هەوڵ دەدات گەشە بە کەرتی میدیا بدات بەجۆرێک ببێتە کەرتێک لەتوانایدا بێت باشترین بەها لە بواری مەعریفی و میدیاییدا پێشکەش بکات، سەرباری ئەوەش سنوورێک بۆ دیاردەی کۆچی شارەزایانی بواری میدیای سوریا بۆ هەندەران دابنێت. 


ئەمریکا بە جەنگێکی ناوخۆ تووشی هەرەس دەبێت

 رۆژنامەی (الوطن)ی چاپی سوریا لەزاری  دیمیتری میدڤیدیێڤ-ی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی روسیاوە بڵاویکردووەتەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تووشی جەنگێکی ناوخۆیی دەبێتەوە و بەو هۆیەشەوە هەرەس دەهێنێت.
لەو بارەیەشەوە میدڤیدیێڤ دەڵێت: سزاکانی ئەمریکا بۆسەر وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت تا ئەوکاتەی ئەمریکا هەرەس دەهێنێت لە رێگەی جەنگێکی ناوخۆیی نوێوە کە ئەمریکا هیچ بوارێکی بۆ خۆ دزینەوەی لەو جەنگە نییە.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا و ئەگەری گەیشتنی کامێلا هاریس بە پۆستی سەرۆکی ئەمریکا، ئەو بەرپرسەی روسیا دەڵێت: پیشبینیی هیچ سوپرایزێک لە هاریس ناکەین، چونکە بەوتەی ئەو، هاریس هیچ شارەزاییەکی نییە و پێشمانوایە ترەمپ ناکۆک نییە لەگەڵ دیدگای ئەمریکای دژبە روسیا.

 

فەتحوڵڵا حسێنی ئامادەی دەکات



بابەتە پەیوەندیدارەکان