لە میدیای سورییەوە

01:27 - 2024-09-17
جیهان
99 جار خوێندراوەتەوە

د.محەمەد غازی جەلالی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ سوریا راسپێردرا
ئاژانسی هەواڵی سانا-ی سوریا، لەهەواڵێکیدا رایگەیاندووە کە بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا، مەرسومێکی کۆماریی دەرکردووە و تێیدا د. محەمەد غازی جەلالی-ی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت راسپاردووە.
سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو لە ساڵی 1969 لە دیمەشقی پایتەخت لەدایکبووە و لە ساڵی 2008 تا ساڵی 2014 بریکاری وەزیر و لە ساڵی  2014 شەوە تا ساڵی 2016 وەزیری تەکنۆلۆژیا و پەیوەندییەکانی سوریا بووە لەدوای ئەوەشەوە سەرۆکی زانکۆی سوریای تایبەتی بووە تا ساڵی 2023.
جەلالی بڕوانامەی دبلۆمی باڵای لە ئەندازیاریی مەدەنیدا لە زانکۆی دیمەشق لەساڵی 1994دا بەدەستهێناوە و ماستەرەکەشی هەر لەو بوارەدا لە ساڵی 1997 بەدەستهێناوە و دکتۆراشی لە ساڵی 2000دا لە بواری ئابووریی ئەندازیاریی لە زانکۆی عەین ئەلشەمسی قاهیرە بەدەستهێناوە.



پەنابەرە سوریە ناڕەسمییەکان لە خوێندنگەکانی لوبنان تۆمار دەکرێن
رۆژنامەی (الوطن)ی چاپی دیمەشق لە راپۆرتێکدا تیشکی خستووەتە سەر دۆخی گوزەرانی پەنابەرە سورییەکان لە لوبنان، تێیدا ئاماژەی بە داوایەکی سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی ئازاد-ی لوبنانی جوبران باسیل کردووە کە ئاراستەی نەجیب میقاتی سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری لوبنانی کردووە و تێیدا داوای لێکردووە کە پاشگەز ببێتەوە لەبڕیارێکی پێشتری سەبارەت بە تۆمارکردنی ناوی ئاوارە سورییە نارەسمییەکان لە خوێندنگەکانی لوبنان و تێیدا هۆشداریی لەوە داوە کە ئەوە دەبێتە مایەی نیشتەجێبوونی ئەو خوێندکارانە و دواتر دەبنە دیفاکتۆ بەسەر لوبنانەوە و جگە لەوەش بڕیارەکە بە ئاشکرا ناکۆکە لەگەڵ یاسای رێکخستنی هاتنەناو لوبنان و نیشتەجێبوون و چوونەدەرەوە لێی.
هەروەک باسیل پەیامێکی ئاراستەی سەرۆکی هەموو حزبەکانی وڵاتەکەی و گەلەکەی کردووە کە ئەم دیاردەیە دووبارە هەڕەشە لەبوونمان دەکات لەسایەی پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی و بێدەنگییەکی مەترسیداری ناوخۆیی، بۆیە دەبێت رووبەڕووی بووەستینەوە.



دزەکردنی هەواڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و دیمەشق
رۆژنامەی (السوری) راپۆرتێکی لەبارەی گوایە (دزەکردنی هەواڵ سەبارەت بە ئەگەری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە) بڵاوکردۆتەوە.
راپۆرتەکە پێیوایە کە زۆرێک هەن ئەو ئاساییکردنەوەیە بە کەم تەماشا دەکەن بە رەچاوکردنی ئاڵۆزییە سیاسیی و جوگرافییەکان لەنێوان هەردوو وڵاتدا و لەسایەی چەند فاکتەرێکدا کە رەنگە بە نێگەتیڤ بەسەر ئەگەری روودانی ئەو ئاساییکردنەوەیەدا بشکێتەوە. هەروەها نووسیوێتی «رژێمی تورکیا کە پشتیوانی سەرەکیی ئەو ئۆپۆزسیۆنە بەکرێگیراوەی سوریا بوو، کە هەمیشە بەدەوری خولگەی ئەودا دەسووڕایەوە، لە سەرەتای ململانێی سوریاوە». 
دوا دزەکردنی ئەو هەواڵەش ئەوەبوو کە سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی عەرەبی رایگەیاندبوو: رەنگە مۆسکۆ داڕشتنی خشتەی کاری بۆ دیدارێکی هاوبەشی روسیا، تورکیا، سوریا و ئێرانی، تەواو کردبێت کە بڕیارە کۆتایی ئەم مانگە ببەسترێت و ئەجێندای دیدارەکە ئەوەش دەگرێتەخۆی کە کێ بە تیرۆریست ناوزەدبکرێت، هەروەها دیاریکردنی میکانیزمێکی هاریکاریی لەنێوان دیمەشق و ئەنقەرەدا بەمەبەستی بنبڕکردنی تیرۆر.
هەر بەگوێرەی راپۆرتی رۆژنامەکە «حکومەتی دیمەشق پێیوایە بەردەوامیی پرۆسەی ئاساییکردنەوەکە وادەخوازێت رێوشوێنەکانی کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە سوریا دیاریبکرێت، هەرچی تورکەکانیشە ئامادەن بۆ پاشەکشە، بەڵام هێشتا لەسەر پێوەرێکی هاوبەش رێککەوتن نەکراوە». 

بابەتە پەیوەندیدارەکان