لە میدیای تورکییەوە

12:44 - 2024-09-18
جیهان
96 جار خوێندراوەتەوە

تاوانباركردنی توركیا بە جینۆسایدی ئاشوورییەكان
بەشێك لە ئەندامانی كۆمەڵگای تورك - ئەمریكی ئەریزۆنا، هەڵمەتێكی ئیمزا كۆكردنەوەیان دەستپێكردووە وەك ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بە تێزێكی مێژوویی كە باس لەوەدەكات توركەكان جینۆسایدیان كردووە دژی ئاشوورییەكان.
بەشێك لە دایك و باوكانی خوێندكارانی بە رەچەڵەك تورك لە داواكاری و پەیامەكانیاندا بۆ وەزارەتی پەروەردەی ویلایەتی ئەریزۆنا رایانگەیاندووە «قبووڵ ناكرێت كە منداڵەكانیان فێری جینۆسایدی ئاشوورییەكان بكرێن كە هیچ واقیعێكی مێژوویی نییە».
لە داواكارییەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، ئاشووری و یۆنانی و ئەرمەنییەكان كە ئیدیعای ئەوەدەكەن گوایە جینۆساید كراون، لە كاتی جەنگی جیهانی یەكەم و دوای جەنگەكەش بە هاوكاری روسیا و هاوپەیمانەكانی لە دژی دەوڵەتی توركیا راپەڕین و هەوڵیان داوە ئەو زیانانەی كە لە كاتی شەڕ لێیان كەوتووە وەكو جینۆساید نیشان بدەن.

ئاكشەم
چوار ماددەی دەستووری توركیا قابیلی هەمواركردنەوە نین
عومەر چەلیك جێگری سەرۆكی پارتی داد و گەشەپێدان و وتەبێژی پارتەكە سەبارەت بە ریفۆرمی دەستووری لە لێدوانێكدا رایگەیاند، هیچ گفتوگۆیەكمان لەسەر 4 ماددەی یەكەمی دەستوور نییە، وتیشی: گۆڕانكارییە پێشنیاركراوەكان سەبارەت بەو چوار ماددەیە بۆ ئێمە ئەرێنی نین»، ئێمە هیچ مشتومڕێكمان لەسەر چوار ماددەی یەكەمی دەستوور نییە. ئێمە دەستوورێكی مەدەنیمان دەوێت، دەستوورێكمان دەوێت كە توركیا بگوازێتەوە بۆ ناو سەدەی توركیا. ئێمە دەستوورێكمان دەوێت كە بنەمای ئیرادەی نەتەوەیی پێكبهێنێت، هیچ باس و خواسێك لەسەر چوار ماددەی یەكەمی دەستوور نییە» ئەو چوار ماددەیەش چوار مـاددەی سەرەكیــی دەستوورەكەن و باس لە توركچێتیـی، یەك نەتەوە و یەك ئاڵا دەكەن.

میللیەت ئەمریكا و هەڵبژاردن لە سوریا
ماتیۆ میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە بەیاننامەیەكی نووسراودا رایگەیاند: ئەمریكا پێیوایە كە مەرجە پێویستەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئازاد، دادپەروەرانە، شەفاف و گشتگیر لە سوریا بە ناوچەكانی باكوور و باكووری  رۆژهەڵاتیشەوە، جێبەجێ نەكراون.
میلەر رایگەیاندووە: ئەوان جارێكی دیكە پشتیوانی لەو بانگەوازە بەناو هەڵبژاردنە ناكەن كە یەپەگە پلانی هەیە لە رۆژئاوا ئەنجامی بدات.
لای خۆیەوە، ڤێدانت پاتێل جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە بەیاننامەكەیدا سەبارەت بە  هەڵبژاردنەكان رایگەیاندبوو: هەر هەڵبژاردنێك كە لە سوریا بەڕێوەبچێت، دەبێت ئازاد، دادپەروەرانە، شەفاف و گشتگیر بێت، وەك لە بڕیارنامەی 2254ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا هاتووە. لە باكووری رۆژهەڵاتی سوریا، پێمانوانییە لە ئێستادا ئەم مەرجانە جێبەجێ بكرێن سەبارەت بەو هەڵبژاردنانەی كە بڕیارە لەلایەن یەپەگە ئەنجام بدرێت، ئێمەش ئەم بۆچوونەمان گەیاندووەتە ئەكتەرەكانی باكووری رۆژهەڵاتی سوریا.
تەقویم

بابەتە پەیوەندیدارەکان