جێگری سەرۆکی هەرێم جەخت لە خێراکردنی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە دەکاتەوە

05:14 - 2024-09-22
کوردستان
353 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ یەکشەممە، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیکرد لە رائد کریس راینگانس، سەرپەرشتیاری ڕێکخستنی فیرقەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە چوارچێوەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە.

لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دوایین بەرەوپێشچوونی چاکسازییەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە کرا، هەروەها تیشک خرایەسەر ئەو هەنگاوانەی کە بە ئاڕاستەی بەرەوپێشچوون کراون سەبارەت بە چاکسازیی هێزی پێشمەرگە، وەک بەشێک لە پابەندبوونی هاوبەشی ماوەدرێژ بە مەبەستی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەدا لە چوارچێوەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا.

لە کۆبوونەوەکەدا کە لیوا روکن رێبوار، فەرماندەی فیرقەی دووی هێزی پێشمەرگە ئامادەی بوو، هەردوولا جەختیان لە خێراکردن و بەرەوپێشچوونی هەنگاوەکانی پڕۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە کردەوە، له‌پێناوی هێزێکی یەکگرتووی نیشتمانيدا، هەروەها هاوڕابوون کەوا تیرۆریستانی داعش هێشتا مەترسین بۆ سەر ئارامیی و سەقامگیری ناوچەکە، بۆیە هاريكارى و هه‌ماهه‌نگيی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عیراقیان به‌ پاڵپشتی هاوپه‌يمانيی نێوده‌وڵه‌تيی دژى داعش لەم کاتەدا گرنگ زانی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان