شكۆنامەی کوردستانی نوێ پێشكەش بە خانەوادەكەی كرا

ساڵۆنی كوردستانی نوێ‌، چلەی ماتەمینی بۆ (مەلا موحسین-ی رۆژنامەفرۆش) رێكخست

12:26 - 2024-10-06
هەمەرەنگ
65 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ‌ 5/10/2024، رۆژنامەی كوردستانی نوێ‌ ، مەراسیمێكی چلەی ماتەمینی بۆ هاوكار و هاوڕێی رۆژنامەنووسان (موحسین مەحمود مستەفا) ناسراو بە (مەلا موحسین-ی رۆژنامەفر‌ۆش) رێكخست.
لە مەراسیمی چلەكەدا، وێڕای وەستانی چەند ساتێك بۆ گیانی پاكی مەلا موحسین و شەهیدانی كوردستان، لە وتەیەكدا سەرەتا د. عەدالەت عەبدوڵڵا سەرنووسەری كوردستانی نوێ‌، ئاماژەی بە پێگەی ئەو كەسایەتییانە كرد، كە بە تەواوكاری كاری رۆژنامەگەری دادەنرێن و رایگەیاند، بە پێی هەموو پێوەرێك كەسانی وەكو مەلا موحسینی رۆژنامەفرۆش،كە ئێمە پێیان دەڵێن سەربازی ونی وشە و كاغەز، هۆكارێكی گرنگی گەیاندن و بڵاوكردنەوەی بڵاوكراوەكانن، چونكە ئەگەر ئەوان نەبن، رۆژنامە و گۆڤار و كتێبەكان ناگەن بە خوێنەر و رای گشتی.
پاشان، كاروان ئەنوەر سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، لەوتەیەكدا، وێڕای سوپاسگوزاریی بۆ رۆژنامەی كوردستانی نوێ‌ كە بۆنەكەی رێكخستووە، ئاماژەی بە مەرگی ئازیزان كردو دووپاتیكردەوە ئێمە وەكو سەندیكا مەلا موحسینی رەحمەتی و هاوڕێكانی بە هاوكار و ئەندامی خۆمان دەزانین، چونكە ئەوان گەیەنەری رۆژنامە و گۆڤارەكانن.
دواتر، ئەریوان سیوەیلی بەڕێوەبەری چاپ و بڵاوكردنەوەی سلێمانی بەناوی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانەوە، وتەیەكی پێشكەشكرد و وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی مەلا موحسین، چەند یادگارییەكی خۆی لەگەڵ مەلا موحسین و كۆشكی رۆژنامەفرۆشییەكەی لەبەردەركی سەرای سلێمانی گێڕایەوە و ئاماژەی بە پێویستیی ئەم جۆرە رێزلێنان و بەسەركردنەوانە كرد. 
هەر لە مەراسیمەكەدا، ڤیدیۆیەكی كورت لەبارەی ژیان و ماندووبوونی مەلا موحسین پێشكەشكرا، كە لەلایەن رۆژنامەنووس و هاوكارمان هاوار مستەفا خان -ەوە ئامادەكرابوو.
لەكۆتایشدا، رێزلێنانی (شكۆنامەی سەربازێكی ون)، لەلایەن سەرنووسەری كوردستانی نوێ ‌-ەوە پێشكەش بە خانەوادەی مەلا موحسین كرا، هەروەها چەپكەگوڵی وەفاداری وەزارەتی رۆشنبیریش -یان پێشكەشكرا ، پاشان، مەلا عەبدوڵڵا برای مەلا موحسین بە ناوی خانەوادەی كۆچكردووەوە وتەیەكی سوپاسگوزاری پێشكەشكرد، بەتایبەت سوپاسی رۆژنامەی كوردستانی نوێی كرد كە بەم ئەركە پیرۆزە هەستاون و وتی: ئێمە وەكو بنەماڵەی مەلا موحسین هەرگیز ئەو وەفاداریەتان لە بیر ناكەین.
كۆمار مەسعود
فۆتۆ: حەمە عومەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان