ناساندنی كتێبی (كەركوك شاری ئاگر) و كەركوكی دوای 16ی ئۆكتۆبەر

11:09 - 2024-10-07
هەمەرەنگ
90 جار خوێندراوەتەوە

ئێوارەی دوێنێ‌ 6/10/2024، لە هۆڵی گەلاوێژ، رۆژنامەی كوردستانی نوێ و بنكەی رووناکبیریی گەلاوێژ كۆڕێكی هاوبەشیان بۆ ناساندن و ئیمزاكردنی كتێبی (كەركوك شاری ئاگر) رێكخست كە لە بڵاوكراوەكانی ئەمساڵی بۆردی راگەیاندن-ی مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیارییە و لە نووسینی لێكۆڵەر و رۆژنامەنووسی فنلەندیی كریستینا كۆیڤونەن -ە و لەنجە ئەحمەد وەریگێڕاوە بۆ كوردی. كتێبەكە بەڵگەنامەیی و كارێكی مەیدانییە، نووسەر  ساڵی 2008 بۆ یەكەمجار چۆتە كەركوك بۆ كۆكردنەوەی زانیارییەكان، هەندێجاریش چۆتە بەرەكانی شەڕ، بەشی كۆتایی كتێبەكەی باس لە كەركوكی دوای 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 دەكات و روونی دەكاتەوە چۆن دوای شانزەی ئۆكتۆبەر وجودی توركیا و خەونە كۆنەكەی سەردەمی عوسمانیی لە كەركوك لە هەڵكشاندابووە و تەعریبیش زیاتر تەشەنەی سەندووە و جموجوڵی داعشیش بەهەمان شێوە بۆتە مەترسی بۆ سەر كەركوك و كاكەییەكانی داقوق و شوێنەكانی تر. باسی دابەشبوونی شارەكە بۆ سێ بەرەی كورد و شیعە و سوننە دەكات و چارەسەری گرفتەكان لە پێكەوەژیان و هەڵبژاردنی ئازادانەدا دەبینێت.
كریستینا دەڵێت: توركیا یارییكەرە لە كەركوكدا، پارتی دیموكراتی كوردستان شوێن ویستی ئەو دەكەوێت، هەروەها دەڵێت: زۆر كەس باوەڕیان وایە بڕیارەكەی مەسعود بارزانی سەبارەت بە ریفراندۆم، هەنگاوێكی خەیاڵیی بوو كە بووە هۆی تووڕەیی بەغدا و داگیركردنی كەركوك لە 16 ی ئۆكتۆبەری 2017دا.
لەكۆتاییشدا، كۆڕەكە گفتوگۆیەكی گەرمی دروستكردو نووسەر وەڵامی ئامادەبووان و راگەیاندنەكانی دایەوە.
گوڵەباخ


فۆتۆ: حەمە عومەر


بابەتە پەیوەندیدارەکان