عەشیرەتی بابۆڵی: نەبووین بە پارتی و رەتیدەكەینەوە

01:40 - 2024-10-17
کوردستان
106 جار خوێندراوەتەوە

عەشیرەتی بابۆڵی بەناوی 127 گوندەوە رەتیدەكەنەوە كە ئەوان پەیوەندییان بە پارتی-یەوە هەبێت و رایدەگەیەنن: «تەنها كەسێك و دوو كوڕی، بوون بە پارتی و هیچی تر نییە».
لە راگەیەندراوێكدا، عەشیرەتی بابۆڵی، لێدوانی ئەو كەسە و دوو كوڕەكەی رەتدەكەنەوە كە بەناوی عەشیرەتی بابۆڵی و 127 گوندەوە كردوویانە، كە ئەو كەسە تەنیا گەورەی ماڵی خۆیەتی و هیچ پەیوەندییەكی بە سەرۆك عەشیرەتەوە نییە و تەنانەت سەرۆكی هیچ هۆزێكی نێو چوار عەشیرەتەكەی بابۆڵی-ش نییە.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیشدا، وتەبێژێك بەناوی عەشیرەتی بابۆڵییەوە دووپاتیكردەوە كە «عەشیرەتەكەمان پەیوەندیی بە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە نییە و نابێت رێڕەوی كۆمەڵایەتی و سیاسی لەلایەن هیچ حزب و لایەنێكەوە بەلاڕێداببرێت و ناوی عەشیرەتی بابۆڵی بەكاربهێنرێت»، وتیشی: «هیچ كام لە چوار سەرۆك عەشیرەتە سەرەكییەكەی بابۆڵی پەیوەندییان بە پارتییەوە نەكردووە».
ئەوەشی وت: «عەشیرەتەكەمان هەر لە هەكارییەوە تا ئێستا رۆڵمان لە شۆڕشی نوێ و شۆڕشەكانی بزوتنەوەی كوردایەتیدا هەبووە و درێغیمان نەكردووە». وتیشی: «بەناوی هەر چوار سەرۆك هۆزەكەوە رەتیدەكەینەوە پەیوەندیمان بە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە هەبێت».

بابەتە پەیوەندیدارەکان