لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاری ئۆرگانە جیاجیاکانی راگەیاندنی یەکێتی بەسەرکردەوە

07:22 - 2024-10-19
کوردستان
112 جار خوێندراوەتەوە

عیماد ئەحمەد، لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاری بە یاوەری لەتیف نێروەیی، لێپرسراوی بۆری راگەیاندن، سەرجەم کەناڵ و ئۆرگانە جیاجیاکانی راگەیاندنی یەکێتی بەسەرکردەوە

لەو سەردانانەدا عیماد ئەحمەد لە نزیکەوە دەستخۆشی لە  هەڤاڵانی بۆردی راگەیاندن و  بەڕێوەبەران و رۆژنامەنووسان و کادرانی راگەیاندنی یەکێتی کرد کە لەم قۆناغەی رابەرایەتیکردنی داواکاری کۆمەڵانی خەڵک و راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی، هەستانەوە و بوژاندنەوەی گیانی یەکێتیبوونمان رۆڵی پێشەنگیان گێڕاوە کە شایەنی دەستخۆشی هەموومانە.

عیماد ئەحمەد وتیشی، مایەی خۆشحاڵیە دوای گۆڕانکارییەکانمان میدیای یەکێتی وەک هەمیشە سەنگین و بەرپرسیار بە وزە و توانایەکی باشتر و پابەند بە بنەما پیشەییەکان لە گەیاندنی  پەیامی خەڵک و یەکێتی راستگۆیانە بەرنامەکانی ئاڕاستەکرد کە دەبێت هانمان بدات لە خزمەتکردنی پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەکان و خەڵکەکەی خۆمان بە هەمان سیاسەت و رێبازەکەی رابەرمان، سەرۆک مام جەلال و ئەمانەتی خوێنی شەهیدان بەردەوام بین و هیچ کاتێک نەکەوینە ژێر کاریگەری میدیای چەواشەکارەوە.
ئەرکیشتانە لەم گۆڕانکاری و سەردەمی راستکردنەوەی رێڕەوی چەوتی حکومڕانییەدا وەک هەمیشە پێشەنگ بن چونکە یەکێتی بە سەرۆکایەتی سەرۆک بافڵ پێشڕەوایەتی ئەم گۆڕانکارییە دەکات بە ویستی هاووڵاتیان و بەهێزترکردنی قەوارەکەمان .

هاوکات لەتیف نێروەیی دووپاتیکردەوە کە راگەیاندنی  یەکێتی لەسەر هەمان سیاسەتی راست و رەوانی میدیایی درێژە بە کاری خۆی دەدات و لەگەڵ خەڵک دەمێنێتەوە تا گەیشتن بە ئامانجە باڵاکانی گەلەکەمان و سەرکەوتنمان هەروەها سوپاس و پێزانینی ئاراستەی سەرجەم میدیاکارانی یەکێتی کرد کە لەم بانگەشەی هەڵبژاردنەدا داهێنانیان کرد و نموونەیەکی میدیایی نوێ و  سەرکەوتوویان پێشکەشکرد.

بابەتە پەیوەندیدارەکان