لە نێوان خانمان و هاوسەرە نووسەرەکانیاندا، کێشمەکێش یان هاوکاری؟

نووسەران و کتێبخانەی ماڵەوە

10:57 - 2024-10-21
کەلتور
45 جار خوێندراوەتەوە

سەفا زیاب

 ئا: نەرمین عوسمان محەمەد

 

زۆرجار سەرەتاکانی خوێندنەوە دەبێتە سەرچاوەی گرفت لە لای زۆربەی خێزانە عیراقییەکان، ئەو سەرەتایانە هۆکارێک بووە بۆ دوورکەوتنەوەی خەڵکێکی زۆر لە کتێبکڕین بەهۆی رازی نەبوونی خێزانەکانیان بۆ پارەدان بە منداڵەکانیان بۆ کڕینی کتێبێک و دواتریش زۆربەی خوێنەران، کتێبەکانیان بە نهێنی دەکڕی تاوەکو هۆشیارییەکی ئەوتۆیان لە لادروست دەبوو، کە خێزانەکانیان دەخستە بەردەم واقیعی مەسەلەکەوە.
لە دوای هاوسەرگیری، ئەم خوێنەرانە کە هەندێکیان دواتر بوونەتە نووسەر، کۆژانێکی دیکە دەست پێدەکات کاتێک هیچ پەیوەندییەک لە نێوان خانمی هاوسەری خوێنەرەکە و کتێبدا نییە. لەوانەیە ئاریشەکە  گەورەتر بێت، ئەگەر خانووەکەیان بە کرێ بێت کە ناچاریان دەکات زیاتر لە جارێک  ماڵ بگوێزنەوە.
لەلای هەندێک لە خوێنەران کار گەیشتۆتە ئەوەی کە لە هاوسەرەکانیان جیاببنەوەو هەندێکی دیکەیان لە کۆمەڵە گرفتێکی زۆردا ژیاون، چونکە هاوسەرەکانیان رەزامەند نین بە هاتنی هیچ کتێبێک بۆ ماڵەکەیان ، بۆیە زۆربەی گرفتەکانی رۆشنبیران و نووسەران بریتییە لە پەیوەندیی هاوسەرەکانیان بە کتێبخانە تایبەتییەکانیانەوە و رەتکردنەوەی کڕینی ئەو کتێبانەی کە پێویستیان پێیەتی و دەیهێننەوە بۆ ماڵەوە.

 

لە زۆربەی ماڵانی رۆشنبیران و نووسەراندا، خانمی هاوسەران  ژینگەیەکی گونجاو بۆ هاوسەرەکانیان فەراهەم دەکەن بۆ بەردەوام بوونی خوێندنەوە و بەرهەمهێنانی داهێنەرانە

 

جیاوازییە کۆمەڵایەتییەکان
رەخنەگرێک پێیوایە پەیوەندیی نێوان    نووسەران و هاوسەرەکانیان، پشت دەبەستێت بە هۆکارە رۆشنبیریی و تایبەتمەندییەکانی هەر یەکێکیان. لەوانەیە بایەخدان بە کتێب و کتێبخانەی تایبەتی، جیاوازبێت لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە. بۆیە پێویستە گفتوگۆیەکی کراوە سەبارەت بە پێداویستییەکان و خواستە تایبەتییەکانی هەر یەکێکیان بکرێت. لێرەدا  لێكتێگەیشتن و رێزگرتنی حەز و ئارەزووە تایبەتییەکان، مەسەلەیەکی گرنگە.

مۆڕاڵەکان
نووسەرێک پێیوایە کاتێک کە جیاوازیی و پەرچەکرداری جیاواز بەرامبەر پەیوەندیی لەگەڵ کتێبدا لە نێوان دوو هاوسەردا هەیە، ئەم جۆرە جیاوازییە و نەگونجاندنی میزاج و هەڵوێست لە بەرامبەر بوونی کتێب لە ماڵەکەدا، ناهاوسەنگییەک لە پەیوەندیی لە نێوانیاندا دروست دەکات. سەبارەت بە پەیوەندی خۆی لەگەڵ ئەم بابەتەدا دەڵێت: زۆر باش بیرمە چۆن لەگەڵ  هاوسەرەکەمدا لە سەردەمی دەستگیرانیدا باسم لەو بابەتانە کرد کە شتی بنەڕەتین لە ژیانمدا،  کە ئەوانیش بریتیین لە کڕینی کتێب و خوێندنەوە، هەروەها بەردەوامبوونم لە پەیوەندییم لەگەڵ ئەو هاوڕێیانەمدا کە لە هەمان ئارەزوو و بیروبۆچووندا هاوبەشم لەگەڵیان، ئەمەم لە یادگەماندا هەڵگرت هەروەکو ئەوەی کە بەشێک بێت لە مۆڕاڵی پەیوەندییەکەمان و پاراستنی بەردەوامییەکەی. هاوسەرەکەم زۆر بە ئەرێنی مایەوە لە بەخشین و بەخشندەیی  لەگەڵ من و ئەو کتێبانەی کە کەڵەکە بوون لەناو کتێبخانەکەمدا.

بودجەیەکی درز تێکراو
هاوسەری رۆماننووسێک نە کتێبی خۆشــــدەویست و نــە حــــــەزیشی لـــــە خوێندنەوەیان بوو، هەروەها کتێبخانەشی خۆشنەدەویست و بە شتێکی گرنگی هەژمار نەدەکرد و زۆرکات پەست دەبوو لە بوونی کتێبخانە لە ناوماڵدا و بە شتێکی قورس و زۆرتێچووشی دادەنا، بەتایبەتی کە ئەو لە عاشقانی گۆڕینی دیکۆری زستانە و هاوینەی ماڵەکەی بوو، ئەمە کتێبخانەکەشی دەگرتەوە کە بەتاڵکردنی کتێبخانەکە و سەرلەنوێ رێکخستنەوەیان، دەبووە هۆکاری هیلاکبوونێکی زیاتر، بۆیە دەستی بە گلەییکردن کرد، بەڵام لەهەمانکاتدا رێگری لە کڕینیان نەدەکرد. 
رۆماننووسەکە دەڵێت: من کاریگەر نەبووم بە قسەکانی و ساردیان نەکردمەوە لە خۆشەویستیم بۆ کتێب و گەشەپێدانی کتێبخانەکەم بە هەموو کتێبێکی نوێ، لەگەڵ ئەوەی کە کاریگەریی هەبوو بۆسەر بودجەکەم، بەڵام باوەڕ ناکەم هیچ نووسەرێک بیر لە بودجەکەی بکاتەوە چونکە کتێب پشکی شێر دەبات.

بەرەفەکانەوە بیانبە
بەپێی وتەکانی شاعیرێک بێت، لە زۆربەی کاتەکاندا کتێب میوانێکی نەخوازراوە لەناو ماڵدا لە لایەن خانمەکانەوە، ئەو دەڵێت: لە ساڵانی نەوەدەکاندا کتێبمان دەفرۆشت لە شەقامی موتەنەبی و چەند هەلێکی زۆرم بۆ رەخسا بۆ چوونە ناو چەند ماڵێك بە مەبەستی کڕینی ئەو کتێبانەی بۆ فرۆشتن دایانناوە. زۆر چاک لە یادمە جارێکیان خانمێک بە گوێمدا چرپاندی: بە رەفەکانەوە بیانبە، چونکە جێگای پێویستمان نییە بۆیان و نامەوێن.

رێگایەکی قیرتاو کراو
شاعیرەکە لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەماندا دەڵێت: وێڕای ئەوەی کە بڵاوەو دەگوترێت، بەڵام لە زۆربەی ماڵەکانی رۆشنبیران و نووسەرەکاندا، خانمە هاوسەرەکانیان  ژینگەیەکی گونجاو بۆ هاوسەرەکانیان فەراهەم دەکەن بۆ بەردەوام بوونی خوێندنەوە و بەرهەمهێنانی داهێنەرانە و هەر ئەم پشتگیریەشە وایلێکردووم بەردەوام ببم لە نووسین و بەرهەمهێنانی نووسیندا، بەڵکو  بەرەو زیاتریشی بردم و وایلێکردم خوێندنی باڵا تەواو بکەم. 
لێرەوە تێگەیشتنێک لە ناڕوونی سوودی کتێب لە ژیانی رۆشنبیردا بارەکەی گران دەکات، کە لەلایەن خودی رۆشنبیرەوە دەردەچێت بۆ هاوسەری ژیانی، کاتێک پێی وایە، خوێندنەوە گۆشەگیرییە تەنانەت لە نزیکترین کەسەکانیش، ئەمەش دەبێتە مایەی بزوواندنی رقی لایەنی بەرامبەر. پێویستە لەسەر رۆشنبیر بیری رووناک لە کەشی هاوسەرگیرییدا بچەسپێنێت، بۆئەوەی رێز لە رۆشنبیری و کتێب بیگیردرێت لەلایەن هاوسەرەکەیەوە.

سەرچاوە: alsabaah.iq

بابەتە پەیوەندیدارەکان