مامۆستایەكی زانكۆ كۆرسی كتێب نووسین بۆ خوێندكارەكانی دەكاتەوە

10:56 - 2024-10-23
هەمەرەنگ
48 جار خوێندراوەتەوە
عەبدوڵڕەحمان عوسمان حاجی

مامۆستایەكی زانكۆ بۆ دوورخستنەوەی گەنجان لە جیهانی پڕ جەنجاڵی سۆشیال میدیا، كۆرسێكی نووسینی كتێب و شێوازی خوێندنەوە بۆ خوێندكارەكانی دەكاتەوە و وەك هاندەر و پاڵپشتێك یارمەتی خوێندكاران دەدا بۆ ئەوەی بتوانن شێوازەكانی كتێب نووسین فێر ببەن و بتوانن كتێب بنووسن.
مامۆستا عەبدوڵڕەحمان عوسمان حاجی  بە دوالاپەرەی وت: هەمیشە ئارەزووم هەبووە یارمەتیدەری ئەو كەسانە بم كە خولیای نووسینیان هەیە، ئیتر چیرۆك بێ، یان شیعر، یان رۆمان، یان هاوشێوەكانی، بەڵام ئەزموونیان نییە لەگەڵ نووسین و نازانن چۆن دەستپێبكەن منیش هەمیشە هەوڵی ئەوەم داوە ببمە پاڵپشتی ئەو كەسانە، تا بتوانن بەهرەكانیان كە سوودی هەم بۆ خودی خۆیان، هەم بۆ كۆمەڵگە هەیە، بەدەرخەن.
لەبارەی ئەمانج لەو كۆرسە وەک رێكخەر و سەرپەرشتیار  وتی: هەمیشە شتە گەورەكان بە چەند هەنگاوێكی بچووك هاتوونەتە دی،  مەبەستم لە كردنەوەی ئەو كۆرسە، بەرەوپێشبردنی تواناكانی گەنجانە و دەرخستنی بەهرەی گەنجە زیرەكەكانە، من كاتێك دەستم پێكرد هیچ پاڵپشت و رێنشاندەرێكم نەبوو، بۆیە حەزم كرد ببمە پاڵپشتی ئەو گەنجانە.
لەبارەی ژمارەی خوێندكارانی كۆرسەکە و پاڵپشتی دارایی كۆرسەكە وتی: لە كۆرسەكە 8 خوێندكار كە تەمەنیان لە نێوان 19 بۆ 24 ساڵان دەبوو بەشداربوون و 8 كتێب لەلایەن ئەو خوێندكارانەوە بە زمانەكانی كوردی و ئینگلیزی نووسراوە، جگە لە وەرگێڕان كە سەرجەم بەرهەمەكان بە نووسین و وەرگێڕانەوە دەگاتە 12 بەرهەم و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پاڵپشتی دارایی بۆ كتێبەكان کردووە.  
مامۆستا عەبدولڕەحمان عوسمان حاجی ساڵی 2001 لە سلێمانی لە دایكبووە و ئێستا مامۆستای زانكۆیە.

ژینۆ ئیبراهیم

بابەتە پەیوەندیدارەکان