هەڵوێستی چەند لایەنێكی سیاسیی بەشدار لە هەڵبژاردنی پەرلەمان

12:50 - 2024-10-23
کوردستان
65 جار خوێندراوەتەوە

چەند لایەنێكی سیاسی بەشدار لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان كە رۆژی 20/10/2024 بەڕێوەچوو، رایدەگەیەنن: ساختەكاریی كراوە.
دوێنێ نوێنەرانی كۆمەڵی دادگەری، یەكگرتووی ئیسلامی، رەوتی هەڵوێست، بەرەی گەل، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا رایانگەیاند: ئەنجامی هەڵبژاردنەكان ئەو ئەنجامانە نین كە بۆ لایەنەكان هاتوونەتەوە، بۆیە خەریكی كۆكردنەوەی بەڵگەكانین بۆ ئەوەی بیخەینە بەردەم لایەنە پەیوەندیدارەكان.
لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی كۆمەڵی دادگەریی كوردستانیش رایگەیاندووە: سەرباری ئەوەی هەندێك زانیاریمان لەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن بەدەستگەیشتووە، كە لای ئێمە پرسیار لەسەر پرۆسەكە دروست دەكات و سەرقاڵی ‏لێكۆڵینەوەین لەبارەیانەوە، پاش تەواوبوونی لێكۆڵینەوەكانمان، هەڵوێستی خۆمان لەبارەی پرۆسەكەوە ‏رادەگەیەنین.
دەزگای هەڵبژاردنی یەكگرتوی ئیسلامیی كوردستانیش رایگەیاند: بەدواداچون دەكەین بۆ ئەو هەواڵانەی كە باس لە ساختەكاریی دەكەن لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستاندا، بۆ ئەم مەبەستە بەردەوام لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان لە هەماهەنگیداین بۆ گەیشتن بە راستییەكان و كاری پێویست.
هەروەها، هێمن شێخانی باژێڕوانی گۆڕان لە هەولێر باس لەوە دەكات كە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن رەتدەكەنەوە، چونكە بەبۆچوونی ئەوان، زیاتر لە 24 هەزار دەنگیان سڕاوەتەوە، لەوبارەیەشەوە دەڵێت: پارتی لە هەولێر ساختەكاریی ئەنجامداوە، پارتی و نەوەی نوێ پێكەوە سەردانی توركیایان كردووە و موئامەرەیەكی گەورەیان لەسەر گۆڕان و یەكێتی كردووە.
هەرلەوبارەیەوە، عیرفان عبدولعەزیز رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی، رایگەیاند: بە هەموو شێوەیەك ئەنجامەكانی هەڵبژاردن رەتدەكەینەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان