لە درێژەی بەشداریكردنی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ كتێب، بۆردی راگەیاندن خانەی چەپكە كتێبی یەكێتی دەكاتەوە و سەدان ناونیشانی هەمەجۆری ئۆرگان و كەسایەتی و تێكۆشەرانی یەكێتی هەر لە بڵاوكراوە و چاپەمەنییەكانی سەردەمی خەباتی شاخ و تا ئێستا تێدا نمایش دەكرێت.
ئاریان محەمەد نوێنەری بۆردی راگەیاندنی یەكێتی لە خولی شەشەمی پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ كتێب، ئاماژەی بەوەدا كە نزیكەی (1000) ناونیشانی جیاواز لە كتێب و گۆڤاری ئۆرگانەكانی یەكێتی تێدا دەخرێتە روو، لەوانە كتێبەكانی بۆردی راگەیاندن و بۆردی هۆشیاری و مەڵبەندی دیراسات و ناوەندی كاروباری یاسایی و دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی، هاوكات بەرهەمی تێكۆشەرانی یەكێتی و بیرەوەری و یاداشتی سیاسەتمەدارانی شۆڕشی نوێ، ئەوەش ئاماژە پیكرد كە ئەمە هەنگاوێكی قازانج نەویستە و خستنەڕووی (1000) ناونیشان ئەو راستییە دەخاتە روو كە یەكێتی هێزی بیر و كارخانەی بەرهەمهێنانی هزر و مەعریفە و توانا و ئازادی بووە و بەردەوام پشتیوانی نووسەران و رۆشنبیران بووە كە بە ئازادی بدوێن و بنووسن. لە سەروو هەموویانەوە سەرۆك مام جەلال كە هەمیشە لە شاخ و لە شار، هەڵگری دروشمی نان و ئازادی بوو بۆ نووسەران، ئێستاش یەكێتی بە سەرۆكایەتی سەرۆك بافڵ تاڵەبانی بەردەوامە لەسەر هەمان رێباز و فەرهەنگ.