ئا: فاروق سەعید
ئەگەر ئەم ساڵیش وەك دوو ساڵی رابردوو كەش و هەوا مامناوەند بێت، ئەوا دۆخی بازاڕی غاز بە ئارامی و ئاسایی تێدەپەڕێت، بەڵام هەر گۆڕانكارییەك لە كەش و هەوادا دەبێتە هۆی كەمیی غاز لە زۆر وڵاتدا
غازی سروشتی كە سووتەمەنییەكی سەرەكییە بۆ خۆگەرمكردنەوە و چێشتلێنان، ساڵانە لە وەرزی زستاندا بڕی بەكارهێنان زۆر زیاد دەكات و بۆ ئەو وڵاتانەی هەناردەی دەكەن دەبێتە گرفتێكی سەرەكی، لە رووەوە جیهان دوو زستانی رابردووی تا رادەیەك بە ئارامی بەڕێكرد، ئەویش بەهۆی كەش و هەوای مامناوەندەوە، كە وای كردبوو گوشارێكی كەمتر لەسەر بازاڕی غاز دروست ببێت، بەڵام بۆ ئەم زستانە پسپۆڕان دڵنیا نین لەوەی بە ئارامی تێپەڕێت و ئەگەری قەیران لە ئارادایە.
راپۆرتێكی نوێی فەرمانگەی كاروباری وزەی ئەمریكا لە تازەترین راپۆرتیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، ئەگەر ئەم ساڵیش وەك دوو ساڵی رابردوو كەش و هەوا مامناوەند بێت، ئەوا دۆخی بازاڕی غاز بە ئارامی و ئاسایی تێدەپەڕێت، بەڵام هەر گۆڕانكارییەك لە كەش و هەوادا دەبێتە هۆی كەمیی غاز لە زۆر وڵاتدا. ئەو راپۆرتە پێنج هۆكاری دەستنیشانكردووە، كە كاریگەرییان لەسەر بازاڕی غاز دەبێت:
بەڵێنی زیادكردنی بەرهەم
هۆكاری یەكەم بڕی بەرهەمێهنان و خستنەڕووی غازە، لەو رووەشەوە ئەمریكا پێشەنگە لە بەرهەمهێنان و مەكسیك و سەنیگالیش بەڵێنیان داوە بەرهەمیان زیاد بكەن. هۆكاری دووەم بۆرییەكانی گواستنەوەی غازە، لە كۆتایی ئەم ساڵدا گرێبەستی گواستنەوەی غاز لە نێوان ئۆكرانیا و روسیادا كۆتایی پێدێت، كە تایبەتە بە گواستنەوەی غاز لە روسیاوە بە ناو ئۆكرانیادا بۆ وڵاتانی ئەوروپا، ئەوەش گرفت بۆ ئەوروپا دروست دەكات لە بەدەستهێنانی غازدا.
تەكنیكی بەرهەمهێنانی غاز و ئامادەكردنی بۆ ئەوەی بۆ گواستنەوە و عەمباركردن گونجاو بێت، كە رەنگە لە هەندێك وڵاتی بەرهەمهێن لە ئاستی پێویستدا نەبێت، ئەوەش هۆكاری سێیەمە كە كاردەكاتە سەر بازاڕی غاز.
هەندێك وڵات غازی كەم بەكارهێناوە
هۆكارێكی دیكە، ئەگەری دابەزینی پلەی گەرمایە بۆ ئاستی خوار مامناوەندیی، كە دەبێتە هۆی ئەوەی وڵاتانی نیوەی سەرووی گۆی زەوی زستانێكی سەخت بەڕێ بكەن، ئەوەش وا دەكات خواست لەسەر غاز زیاد بكات.
هۆكاری كۆتاییش بڕی عەمباركراوی غازە لەلایەن وڵاتانەوە، چونكە هەندێك وڵات، بۆ نموونە ژاپۆن ساڵی رابردوو غازی كەم بەكارهێناوە و غازی عەمباركراوی هەیە، لە پاڵ ئەو هۆكارانەشدا، كێشە جیۆپۆلەتیكەكان هەمیشە ئەگەرێكی كراوەن بۆ دروستبوونی قەیران.
سەرچاوە: پرۆجێكت سەندیكەیت