راپۆرتی: ئه‌یاز هه‌ركی
جووتیارێک: داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین پاڵپشتیی زیاتری جووتیارانی دەشتی ناوكۆڕ بكەن، چونکە جۆری پەتاتەکەمان لە پارێزگای دهۆک و کوردستان بە گشتی بەناوبانگە و خواستێکی زۆری لەسەرە
دەشتی ناوكۆڕ له سنووری دەڤەری شێخان یەکێکە لە ناوچە دەوڵەمەندەکانی بەرهەمهێنانی پەتاتە لە پارێزگای دهۆک و ساڵانە بەرهەمەکانیان هەناردەی بازاڕه‌كانی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان و ناوەڕاستی عیراق دەکرێن، لەو دەڤەرە ساڵانە هەزاران دۆنم زەوی بە پەتاتە دەچێنرێت و بەرهەمێکی باشی هەیە، بەڵام جووتیاران داوا له حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌که‌ن زیاتر هاوکاریان بكات، بۆ ئەوەی بەرهەمەکانیان لە بازاڕەکانی کوردستان ساغبكرێته‌وه و زیانیان پێنه‌گات.
له‌و باره‌یه‌وه حسێن گۆران، کە جووتیارێكی ده‌شتی ناوكۆڕە به كوردستانی نوێی راگه‌یاند: زۆربوونی پەتاتەی ده‌ره‌كی لە بازاڕەکانی کوردستاندا بووەتە هۆی دابەزینی نرخی پەتاتەی ناوخۆ، بۆیە ناچار بووین پەتاتەکانمان له كۆگا و ساردکەرەوەكاندا هەڵبگرین، تا بەرهەمی دەرەکی کەم دەبێتەوە، دواتر پەتاتەکانمان ساغ ده‌كه‌ینه‌وه، تەنها بۆ ئەوەی بگه‌ینه پارەی تێچووه‌كه‌مان و زه‌ڕه‌مه‌ند نه‌بین.
هاوکارییەکان وەک پێویست نین
وتیشی: تێچووی هەر 10 دۆنمێک نزیکەی بیست ملیۆن دیناره، بە کرێی زەویه‌كە و ئاودێری و ده‌رمان و كێلانەوە بە گشتی، لەبەر ئەوە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین لە وەرزی پێگه‌یشتنی په‌تاته‌ی هەرێمی کوردستاندا پەتاتەی ده‌ره‌كی هاوردە نەکرێت، یان گومرگی زۆری بەسەردا بسەپێندرێت، بۆ ئەوەی نرخەکەی بەرزبێتەوە، ئێمە تا مانگی حوزەیران پەتاتەی خۆماڵیمان هەیە، داواكارین حکومەت پەتاتەی ئێمە هەناردەی دەرەوەی وڵاتان بکات، نەک پەتاتەی ده‌ره‌كی هاوردە بکرێت.
جووتیارێكی تر به ناوی عه‌لی عه‌ربۆ ده‌ڵێت: بەهۆی زۆریی پەتاتەی ئێرانی و تورکییەوە له بازاره‌كانی كوردستاندا، نرخی پەتاتەکەمان هەرزان بووە، جگە لەوەش حکومەت هاوکاریی پێویست بۆ جووتیاران ناکات لە دابینکردنی مادەی کیمیایی و دەرمان ..هتد، بۆیە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین پاڵپشتیی زیاتری جووتیارانی دەشتی ناوكۆڕ بكەن، چونکە جۆری پەتاتەکەمان لە پارێزگای دهۆک و کوردستان بە گشتی بەناوبانگە و خواستێکی زۆری لەسەرە.
ئێستا نرخی پەتاتەی خۆماڵی باشترە
له‌و باره‌یه‌وه نەجمەدین عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری چاندنی قەزای شێخان رایگەیاند: ساڵانە کاتێک له وه‌رزی به‌هار و پاییزدا پەتاتەی ده‌ڤه‌ره‌كه‌مان پێدەگات، ئێمە وەک بەڕێوەبەری چاندنی شێخان، نوسراوێکی فەرمی ئاراستەی بەڕێوەبەری گشتی دەکەین و ئاگاداریان ده‌كه‌ینه‌وه و لەو رێگەیەشەوە داوا لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەکرێت، رێگری له پەتاتەی هاوردە بکرێت بۆ کوردستان، بۆ ئەوەی جووتیارەکانمان زیانیان پێ نەگات.
وتیشی: ئێمه رۆژانه هاوکاری جووتیارانی سنووره‌كه‌مان دەکەین بۆ ناردنی بەرهەمەکانیان بۆ شارەکانی ناوەڕاستی عیراق و ساغكردنه‌وه‌ی بەرهەمەکانیان، ئێستا نرخی پەتاتەی خۆماڵی باشترە و پەتاتەی هاوردە باجی خراوه‌ته سەر، ئێمە گرنگییەکی زۆرمان بە کەرتی کشتوکاڵ داوە، بۆ نموونە زیادکردنی کۆگای ساردكه‌ره‌وه و هەڵگرتنی پەتاتە، هۆکارێکی دیکەیە بۆ ئەوەی جووتیارانی ده‌شتی ناوكۆڕ له قه‌زای شێخان ساڵانە دەست بکەن بە چاندنی زیاتری به‌رهه‌می پەتاتە، تەنها ئەم ساڵ نزیکەی 90 هەزار تۆن پەتاتەی سنووره‌كه‌مان لە کۆگاکانی قەزای شێخاندا هەڵگیراوه.
ئاماژەی بەوەشکرد ئەمساڵ له وه‌رزه‌كانی به‌هار و هاویندا نزیكه‌ی 20 هەزار دۆنم زەوی بە پەتاتە چێندراوە لە دەڤەری شێخانی سەر بە پارێزگای دهۆک و زیاتر لە 150 هەزار تۆن پەتاتە بەرهەم هێنراوە و پێداویستییەكانی ناوخۆی پڕكردۆ‌ته‌وه.