پشتیوان ئەحمەد
بیستم پیاوێكی شەست ساڵە لەگەڵ چەند گەنجێك دەستی تێكەڵ كردووە، لە كوچە باخەكان سەرقاڵی مێبازییە و، ناوی زڕاوە و خەڵكیش پێیان سەیرە، پیاوێك لە سی - چل ساڵیدا هیچ رەفتارێكی نەشیاوی نەبووە، خێرە ئێستا كێچ كەوتۆتە كەوڵی و بە یەك ژن و دوو ژن تێر نابێت؟!
ئەوین دوای پەنجا، ناو و نیشانی كتێبێكی فەوزییە دریعە، فەوزییە دكتۆرای لە زانستی دەروونی و رۆشنبیریی سێكسی هەیە. ناوبراو موتوربەكراوە بە زەخیرەیەكی مەعریفی هەمەچەشن.
فەوزییە لەم كتێبەیدا، باسی باری دەروونی و حاڵەتی سێكسی پیاو دەكات پاش تێپەڕبوونی پەنجا ساڵ لە تەمەنی، بەواتایەكی دیكە، پاش تێپەڕبوونی نیوەی تەمەنی، گەر رێژەی تەمەنی مرۆڤ بە (80) ساڵ دابنێین، ئیدی پیاو لەم تەمەنە بە دواوە هێدی هێدی غوددەی پرۆستاتی گەورە دەبێت، لەڕووی جەستەییشەوە پووكانەوە دەست پێدەكات، توانای سێكسیشی خۆی لە كەمی دەدات. پیاوە دەردەدارەكە، هەست دەكات تەمەنی بەفیڕۆ چووە، ئەوەی خاوەن ژن و مناڵە، ئەمانە بە بار دەزانێت، هۆكاری ئەوەش ئەوەیە کە ناتوانێ چێژ لە خۆشییەكانی ژیان وەربگرێت. لەسەرووی ئەم تەمەنەدا، بەش بەحاڵی ئەو جۆرە پیاوانە، خۆشییەكانی ژیان واتای مێبازی و فرەژنی دەگەیەنێت.
لەكاتێكدا، پیاو دوای چل و بۆ پەنجا ساڵ، لەڕووی فیكریی و زانستییەوە، تواناكانی كەم دەبێتەوە، ئەو دێت وا خۆی پیشان دەدات كە نێرێكی تەواوە، بەچەند ژنێك تێر نابێت، بۆ شاردنەوەی كەمیی وزەی جنسیی خۆی، پەنا دەباتە بەر جۆرەها دەرمانی ئاكتیڤكەر، لەوانە ڤیاگرا. بۆ ئەوەی وەكو گەنج دەربكەوێت، سەری بە كاملی بۆیاغ دەكات، بە بێ رەچاوكردنی زەوق و بوونی سەلیقە.
بەڕواڵەت وەكو گەنجە، بەڵام لە ناخەوە وێرانە. دەروونی ناسەقامگیرە، لە پەیوەندیی دڵداریدا كەم سەبری و كەم تەحەممولی پێوە دیارە.
دوای ژنێک دەکەوێت و تا بەدەستی دێنێ خۆی زۆر ماندوو دەکات، بەڵام دوای ئەوە دەکەوێتە بیانو هێناوە و هەوڵدەدا ژنەکە بەجێ بێڵێ و بە دوای نێچیرێكی دیكەدا دەگەڕێت.
راهێنانەكانی یۆگا، جەستەیەكی ئارامت پێ دەبەخشن، جەستەیەكی ئارامیش دەروونێكی ئارامت پێ دەبەخشێت، بە پێچەوانەش یۆگا زهن و دەروونت ئارام دەکاتەوە و ئەوەش دەبێتە هۆی ئارامی جەستە و هاوسەنگبوونەوەی حەز و ئارەزووە جەستەییەکان
رێنمایی ژنان دەکات
حیكمەت لە ئەسپێ وەرناگرێت و، لاسایی كیچ دەكاتەوە و لە پەیوەندیی دڵداریدا پشوودرێژ نییە.
ئەحلام موستەغانمی لە كتێبی (نیسانcom/) كە تایبەتە بەژن و، لەسەر بەرگەكەی نووسراوە (نابێت پیاو بیخوێنێتەوە)، هێرشێكی بەربڵاو دەكاتە سەر پیاو، بە تایبەتی ئەوانەی تەمەنیان سەر و پەنجا ساڵە، بە ناپاك و بێ وەفا وەسفیان دەكات، ئەحلام باسی ئازار و موعاناتی رۆژانەی ژنانی هاوڕێی دەكات كە بە دەست ئەم جۆرە پیاوانەوە هەیانە.
ئەحلام، رێنمایی ژنان دەكات، كە دەبێت لە تەعامولكردنیان لەگەڵ ئەو جۆرە پیاوانە زۆر وریا بن، لەهەمان كاتدا رووی دەمی دەكاتە ژنانی ئەو پیاوانەی تەمەنیان سەرو پەنجا ساڵە و، پێیان دەڵێت: (دەست بە پیاوەكانتانەوە بگرن، نازیان بكێشن، حەز لە چ عەترێك دەكەن، ئەو عەترە لە خۆتان بدەن، گەر مێردەكانتان نوێژكەرن ئێوە ببنە بەرماڵیان، پیاوان بیانوبازن، بیانو بەدەستییانەوە مەدەن و، پەڵپ و داواكاریەكانییان بە زیادەوە جێبەجێ بكەن).
من دەتوانم بڵێم، ئەم كتێبەی ئەحلام راڤەكردنی كتێبەكەی فەوزییە دریعە، یان درێژە پێدەرێتی، بەڵام بە شێوازێكی دیكە.
دڵنیام ئەحلام بەوردی كتێبەكەی فەوزییەی خوێندۆتەوە و سوودی لێ بینیوە، بەڵام بەهیچ شێوەیەك ئاماژەی پێ ناكات.
ئەحلام لە رۆمانی (رەشت لێ دێت / الاسود یلیق بك) هەمدیس لە چواردەوری هەمان بابەت دەخولێتنەوە، كارەكتەری سەرەكیی رۆمانەكە پیاوێكی دەوڵەمەندە، تەمەنی سەرو پەنجا ساڵە، سەری كامل بۆیاغە، زۆر بەخۆیەوە ئەنازێ، بەڵام لەڕاستیدا متمانەی بەخۆی نییە. وا دەزانێت چی ژن هەیە، دەبێ لە ژێر حوكمی ئەودا بن، ئەو پارە بەهەموو شت دەزانێ و، ژن بە كاڵا، سەرەنجام نائومێد دەبێت.
بۆ لەو تەمەنەدا دەستی بە مێبازیی کردووە؟
بەندە ئێستا لە سلێمانی نیشتەجێم، بەڵام چاو و دڵم لە خانەقینە، پێش ماوەیەك، بیستم پیاوێكی شەست ساڵە لەگەڵ چەند گەنجێك دەستی تێكەڵ كردووە، لە كوچە باخەكان سەرقاڵی مێبازییە و، ناوی زڕاوە و خەڵكیش پێیان سەیرە، پیاوێك لە سی - چل ساڵیدا هیچ رەفتارێكی نەشیاوی نەبووە، خێرە ئێستا كێچ كەوتۆتە كەوڵی و بە یەك ژن و دوو ژن تێر نابێت؟!
من هاتم نووسخەیەك لە كتێبەكەی (فەوزییە دریع)م بۆی نارد، لەسەری نووسیم: (بە هیوام بەوردی بیخوێنیتەوە و سوودی لێ ببینیت).
دیارە ئەم دیاردەیە پتر لە نێو ریزی چینی مامناوەند و باڵادا دەردەكەوێت، ئەوانەی باری گوزەرانیان تاڕادەیەك باشە، زیاتریش لەنێو ئەو توێژانەدا هەیە كە كاری زهنی دەكەن، واتە ئەو گرفتە زیاتر لەناو بەشێک لە مامۆستاكانی زانكۆ و، دكتۆری عیادەكان و، بەرپرسە حزبی و پەرلەمانتار و، وەزیرەكاندا هەیە، هەندێ مامۆستای زانكۆ، ئەوانەی تەمەنیان سەر و پەنجا ساڵە، لەگەڵ خوێندكارە كچەكان سەرقاڵی مێبازی و گێچەڵكردنن پێیان.
مامۆستایەكی زانكۆ دەناسم، جارێك پێی وتم: (تازە، كچە خوێندكارێكم كردووە بە كەپڵی خۆم، پرسیاری لێكردم، دكتۆر لە نێو كەپڵەكانتدا من نمرە چەندم؟ وتم بیست باشە؟!). ئەرێ باوكان و دایكان، مناڵەكانیان بۆ زانكۆ و، پەیمانگەكان دەنێرن، بۆ ئەوەی فێری زانست و مەعریفەت بن یاخود مامۆستایەکی ئاوها تووشی لادانی سێكسییان بکات؟).
دەبێ ئەوجۆرە مامۆستایانە، ئەوانەی تەمەنیان سەرو پەنجا ساڵە و خاوەن خێزانن، لەلایەن حكومەت و دەزگاكانی كۆمەڵی مەدەنییەوە بخرێنە ژێر چاودێرییەوە، دكتۆرەكانی نەخۆشخانە و، عیادەكان بەهەمان شێوە.
یۆگا وەک چارەسەر
بەدڵنیاییەوە چارەسەر هەیە، ئەویش پەیڕەوكردن و پڕاكتیزەكردنی یۆگایە لە ژێر سەرپەرشتی مامۆستا و راهێنەری شارەزا، لە سلێمانی بۆ نموونە ماڵی یۆگای هەناسە و مەحمود شێرزاد هەیە. یۆگا، وات لێ دەكات لە نێوان جەستە و دەروونتدا هاوسەنگی رابگریت.
یۆگا وات لێدەکات بەرە بەرە ئەو خواردن و خواردنەوە و خوویانەی ناسروشتین و خراپن بۆ ئێمە و هاوسەنگیمان تێکدەدەن، بە بێ ئەوەی هەوڵبدەی، خۆیان نەمێنن و بڕۆن.
هەر كە دەسبەرداری ئەم خواردن و خواردنەوانە بوویت، یەكسەر كۆمەڵێك نەخۆشی جەستەیی و دەروونی لە كۆڵت دەبنەوە، لەوانە ئەم دەردە دەروونییە كە لەسەرەوە باسمان کرد. راهێنانەكانی یۆگا، جەستەیەكی ئارامت پێ دەبەخشن، جەستەیەكی ئارامیش دەروونێكی ئارامت پێ دەبەخشێت، بە پێچەوانەش یۆگا زهن و دەروونت ئارام دەکاتەوە و ئەوەش دەبێتە هۆی ئارامی جەستە و هاوسەنگبوونەوەی حەز و ئارەزووە جەستەییەکان. هەر كە مرۆڤ بوو بەخاوەن جەستەیەك و دەروونێكی ئارام، ئیدی دەتوانین بڵێین ئەو مرۆڤە خۆی دۆزیوەتەوە و، خۆی دەناسێت و کەسێکی ئاسایی و سالمە.
دیارە تێڕوانینی یۆگا بۆ تەمەنی مرۆڤ جیاوازە و پۆلێن كراوە، واتە مرۆڤ دەتوانێ لە رێگەی یۆگای تاڕادەیەک کاریگەریی لەسەر کورتی و درێژی تەمەنی هەبێ، بۆیە یۆگا لە (سیستەمی ئاشرام)دا ئاماژە بەوەدەکا، هەموو مرۆڤێک بە لانیکەمەوە دەبێ سەد ساڵ بژیی، یۆگا ئەو سەد ساڵە بەسەر چوار قۆناغی بیست و ساڵیدا دابەش دەکات، قۆناغی یەکەم، قۆناغی زگورتی و فێربوونی زانستە دنیایی و مەعنەوییەکان و فێربوونی پێشەسازیی جیاجیا، بیست و پێنج ساڵی دووەم، قۆناغی پێکهێنانی خێزان و وەچەخستنەوە و کار کردن و بەرهەمهێنان، بیست و پێنج ساڵی سێیەم، گەڕانەوە بەرە ناخ و خۆناسیی و رووناکبوونەوە، بیست و پێنج ساڵی چوارەم، واتە لە 75 ساڵییەوە تا 100 ساڵی دەبێ کاری مامۆستایەتی بکات و خەریکی پەروەردەکردنی کەسانی سەر بە قۆناغی یەکەم بێ، ئەمە کامڵترین پرۆگرامە، هەر کۆمەڵگایەک، تەنانەت هەر خێزان و تاکێک پەیڕەوی لەم پرۆگرامەی یۆگا بکات، دەبێتە کۆمەڵگا و خێزان و تاکێکی نموونەیی.
لەكۆتاییدا دەڵێم: ئەوەی من ئاگادار بم دوو ژنی نووسەر و شارەزا لە دوو بواری جیاوازدا باس و راڤەی میحنەتی پیاویان كردووە، دوای تێپەڕبوونی پەنجا ساڵ لە تەمەن، بەڵام تاكو ئێستا نەمبیستووە یاخود بەرچاوم نەكەوتووە نووسەری پیاو، پسپۆر لەبواری دەروونی و كۆمەڵایەتی و سێكسی، باس لە بارودۆخی ژن بكات پاش تێپەڕبوونی دوو لەسەر سێی تەمەنیان، ئەوان وەزعیان چۆن چۆنی دەبێت.