د.نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد
هابیتۆس بریتییە لە کۆی ئەو بیرکردنەوە و رەفتار و کەلتورەی کە تاک ئاوێزانی گروپ دەکات
هابیتۆس Habitus یەکێکە لەو چەمکانەی لە نێو کایەی فەلسەفەی یۆنانی و فەلسەفەی نوێدا بەکارهاتووە، بەڵام سۆسیۆلۆجیستی فەرەنسی پیێر بوردیۆ لە کتێبی«تیۆری پرۆسیسە»دا، وەک زاراوەیەکی بواری کۆمەڵناسی، شرۆڤەی کردووە، پاشان رەخنەی رۆشنبیری بۆ شیکردنەوەی تێکستەکان وەریگرتووە و بە واتای «تایبەتمەندیی سایکۆ_سۆسیۆلۆجی»ی تاکەکان و گروپەکان بەکاریهێناوە. هابیتۆس چەمکێکی کەمێک ئاڵۆزە و پتر لە ئاراستەیەکی هەیە، بۆردیۆ ئەوەندەی دیکە ئاڵۆزی کردووە، بۆیە پێویستیی بە روونکردنەوە هەیە. لە بنەڕەتدا هابیتۆس ئاماژەیە بۆ بارودۆخی کۆمەڵایەتی و دەروونیی هەر کەسێک، یان تایبەتمەندییە کەسێتییەکان و هەلومەرجی گوزەران، یان بریتییە لە مۆرکی سۆسیۆ_کەلتوریی هەر تاکێک یان هەر گروپێک یاخود هەر کۆمەڵگەیەک، بۆیە چەمکی هابیتۆس لە چەند لایەنێکەوە پەیوەندیی بە زاراوەی «کایە»وە هەیە.
هابیتۆس لەلای بۆردیۆ بریتییە لە کۆی ئەو مەیل و ئارەزوو و وێناکردنانەی بکەرە کۆمەڵایەتییەکان(واتە مرۆڤەکان) هەیانە، تایبەتمەندی و وێناکان ئەو ئامادەکارییە بەرهەم دەهێنن کە بکەری کۆمەڵایەتی لەرێگەی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و مرۆییەوە وەری دەگرێت، بۆیە بۆردیۆ وایدەبینێت هۆشیاریی مرۆڤ بەرهەمێکی کۆمەڵایەتییە، هابیتۆس سیستمێکە لە ئامادەکاریی وەرگیراو لە ژینگەی کۆمەڵایەتی کە رەفتاری تاک دیاری دەکات، لێرەشەوە تەماشاکردنی بۆ خودی خۆی و بۆ گەردوون دیاری دەکات. ئەگەر ئەم چەمکە روونتر بکەینەوە، دەڵێین: هابیتۆس بریتییە لە کۆی ئەو بیرکردنەوە و رەفتار و کەلتورەی کە تاک ئاوێزانی گروپ دەکات، کەواتە هابیتۆس لەلای بۆردیۆ بریتییە لە خودێکی بە کۆمەڵایەتیبوو، واتە هابیتۆس ئەو خاڵە هاوبەشانەی کەسێتی و بیرکردنەوە پێکدەهێنێت کە تاکەکان لە گروپێکدا کۆ دەکاتەوە، لێرەدا تاک خۆی لەگەڵ گروپدا دەگونجێنێت، بۆیە هابیتۆسی گروپێک جیاوازە لە هابیتۆسی گروپێکی دیکە، بۆردیۆ وایدەبینێت بونیادی کۆمەڵایەتی «ئاگایی کۆ» (یان: کۆنەست) بەرهەم دەهێنێت، ئاگایی کۆش هابیتۆسی گروپ دیاری دەکات، هابیتۆسی گروپیش بریتییە لە کۆی مەیل و بیرکردنەوە و هەست و جۆری هەڵسوکەوت و جۆری ئاخاوتن و زمانی جیاوازی گروپ. (سەرنج بدە لە جیاوازیی گروپەکان(یان کایەکان): گروپی رۆشنبیری، سیاسی، ئایینی، یاسایی...هتد).
بۆردیۆ ئەم زاراوەیەی بۆ وەسفکردنی «هەستکردن بە ئینتیما» بۆ توێژێک یان گروپێک یان چینێکی کۆمەڵایەتی بەکارهێناوە، ئەو کەسانەی ئینتیما بۆ چینێکی کۆمەڵایەتیی دیاریکراو دەکەن هەڵگری هەمان بۆچوون و هەمان دنیابینیی ئەو چینەن، بەتایبەتی لە قۆناغی گەنجیدا کە فێری جۆرێک لە قسەکردن و هەڵسوکەوت دەبن رێک لە جۆری قسەکردن و هەڵسوکەوتی خێزانەکەیان و هاوڕێکانیان دەچێت، بۆیە دەبینین گەنج، تا ئەندازەیەکی زۆر، هەمان ئەو مەیل و بایەخ و ئارەزووەی هەیە کە خێزانەکەی یان هاوڕێکەی هەیەتی.
بۆردیۆ ئەم زاراوەیە پەیوەست دەکات بە دوو زاراوەی دیکە، ئەوانیش: «سەرمایەی کۆمەڵایەتی» و «سەرمایەی هێمایی»ن، ئیدی هابیتۆسی هەموو کەسێک لە بڕی جیاوازی «سەرمایە» پێکدێت، جا سەرمایەی دارایی بێت یان کۆمەڵایەتی یاخود رۆشنبیری، هەرچەندە سەرمایەی مرۆڤ زۆرتر بێت، چانسی سەرکەوتنی لە ژیاندا پتر دەبێت، سا ئەگەر سەرمایەی کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و دارایی پێکەوە کۆببنەوە، هابیتۆسی ئەو کەسە گەورەتر دەبێت.
کۆمەڵناسی فەرەنسی، پیێر بوردیۆ