هونەرمەند حسێن قادرکەرەمی میراتی نەوای بەستە و مەقامی کوردی

10:28 - 2025-01-19
کەلتور
94 جار خوێندراوەتەوە
#هونەرمەند حسێن قادركەرەمی

 كازم جەباری


ناوچەی گەرمیان، زۆنێکی کاریگەرەو خاوەن ئادگاری تایبەت بەخۆیەتی، لەلایەک ئاووهەواکەی، لەلایەکی تر تۆپۆگرافیاکەی. بەهۆی ئەوەی ناوچەکە دەکەوێتە زۆنی ناوچەی نیمچە شاخاوی و وڵاتێکی گەرمەوە، بۆیە هەندێکجار بە گەرمەسێر ناودەبرێت و سنوورێکی فراوانی هەیە. جگە لە تایبەتمەندی جوگرافی، شوناسی کەلتوری تایبەت بەخۆی هەیە و نەک تەنها لە بواری هونەری و ئەدەبی، بەڵکو لە بوارەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتییشەوە ناوچەیەکی دابڕاو نەبووە لە مێژووی کەلتوری و فەرهەنگی و خەباتی سیاسی و داکۆکیکاری مافی رەوای گەلی کورد.
   هەروەک ناوچەکە لەڕووی هونەرییەوە، خاوەن فەرهەنگێکی هونەری دانسقەی دەوڵەمەندە و بە لانكەی داهێنەری چەندین تایپی مەقام و بەستە و گۆرانی و هەڵبەستی کوردی دادەنرێت. هەرلە قەتار و ئەڵاوەیسی و ئایی ئایی و خاوکەر و یاغەزال...هتد. ئەمانە پتر فۆڕمێکی ئەفرێنەرانەی گەرمیانیان وەرگرتووە و لەناو ئەدەبیات و هونەری میللی نەتەوەی کورددا شوێنی تایبەت بەخۆیان هەیە و خاوەن گوێگر و هەواداری تایبەت بەخۆیانن.
  لە ناوچەی گەرمیاندا چەندین سەدای ناوازە و هونەرمەندی رەسەنی میللی و رچەشکێنی هونەری کوردی سەریانهەڵداوە، هەر لە مامۆستای مەقام و گۆرانی کوردی عەلی مەردانەوە هەتا حوسێن عەلی و سابیر كوردستانی و سەڵاح داودە و حەسەن گەرمیانی و حەمە رەئوف كەركوكی و شکور خەیات و..هتد ئەمانە بە سیمبوڵی گۆرانی و بەستەی کوردی دادەنرێن نەک تەنها لە جوگرافیایەکی لۆکاڵی وەک گەرمیان، بەڵکو لەسەر ئاستی چوارپارچەی کوردستان. ئاواز و سەدا و چریکەیان تا چاوبڕکات دوور رۆیشتووە بەگوێی هەوادارانیاندا پەخشبووە.
حسێن قادركەرەمی دەنگێك لە قوڵایی گەرمیانەوە
 هونەرمەند و مەقام بێژی ناوچەی گەرمیان حسێن قادرکەرەمی، یەکێکە لە سەدا شیرین و دەنگە زوڵاڵەکانی ناوچەی گەرمیان و کوردستان، بە میراتگری مەقام و بەستەی گۆرانی کوردی دادەنرێت. بەهرەی ئەوەی تێدایە بە نوێنەری مامۆستایانی رچەشکێنی هونەری کوردی ناوببرێت. ئەو هونەرمەندێکی خۆرسکە و خاوەن نەوا و دەنگێکی نایابە و ئەزموون و شارەزایەکی باشی لە هونەر و مەقام و بەستەی گەرمیانیانەدا هەیە و بەزۆر جۆری نۆتەی مۆسیقی ئاشنایە و بە سەرمایەیەکی رەمزی و پاراستنی مەقام و ئای ئایی و خاوەکەر و یاغەزال دادەنرێت. لە دوای کۆچی دوایی مامۆستا شکور خەیات، بە سیمبوڵ و جێگرەوەی هونەری پڕ لە چێژ و رەسەنی گەرمیانیانە دادەنرێت.
   ئەو لێهاتووانە دەم لە نەوا و ئاواز و هونەری میللی دەکوتێت و بە شێوازێکی جوان ئەدایان دەکات و سوود لە کەلەپوری ناوچەی گەرمیان وەردەگرێت و بەرگێکی ناوچەییان بەسەردا دەکات و بە تەواوی كوردستاندا پەخشیان دەكات. بە گۆرانییەکانیشی لابەلای ستایلی هونەری زۆرێک لە هونەرمەندانی گەرمیاندا دەکاتەوە و پارێزگاری لە بەزیندوویی هێشتنەوەی شوناسی مەقام و بەستەی گۆرانی کوردی دەکات.
 ئێستا ئەو بە سامانێکی نیشتیمانی دادەنرێت لە بواری هونەری گۆرانی و بەستەی کوردیدا و لە  شاری کەرکوکەوە هەمیشە ئامادەیە و  مژدە بە هاونیشتیمانیانی نەتەوەکەی دەدات و دەڵێت، من بۆیە لەم شارەدا دەژیم، بۆئەوەی بە هونەرەکەم پارێزگاری لە ناسنامەی کوردستانی بوونی کەرکوک بکەم و بۆنی هونەری رەسەنی کوردی و سەدای مەقامی گۆرانی کوردی بە شارەکەدا پەخش بکەم. ناکرێت و مەحاڵە ئەم شارە لە سۆزی گۆرانی رەسەنی کوردی داببڕێت. وەلێ شارەکە خۆی کوردیە و مۆرکێکی کوردستانی هەیە و لە مێژووی کۆن و نوێشدا، بە قوڵایی گەرمیان و قوتابخانەی مەقام و گۆرانی کوردی دادەنرێت بۆ بەڵگەش مامۆستا عەلی مەردان نمونەیەکی رچەشکێنە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان