لاڤە واحید
خۆر لە ئاڵا و دروشمی میتانییەکاندا ئاماژەی پێکراوە، وەکچۆن ئێستاش لە ئاڵای کوردستاندا خۆر هەیە، کەواتە زۆر لە مێژە کورد خۆر و وزە و کاریگەریی خۆری ناسیوە، هەروەها تێگەیشتووە بنەڕەتی ئەم دنیا فیزیکییە رووناکییە، بۆیە خۆر دەکاتە هێما و نیشانە زانست و مەعریفە
هەمیشە خۆر لەلای کورد گرنگی تایبەتی هەبووە، کار گەیشتووە بەوەی زۆرێک لە بیروباوەڕە کوردییەکان خۆر وەک خوداوەند ناو بهێنن و تەنانەت بیپەرستن، ژنانی کورد تا چەند ساڵی رابردووش کە خاڵیان دەکوتی، یەکێک لەو هێمایانەی دەیانکوتی خۆر بوو، کوتینی خاڵ بە شێوەی مانگ و خۆر لەسەر رووخساریان دیاردەیەکی بێ ناوەڕۆک نەبوو، بێگومان رەگوڕیشەیەکی قوڵتری هەبووە کە پەیوەندیدار بووە بە نەریت و باوەڕی کوردانەوە.
بەحوکمی ئەوەی دایکم ژنێکی دنیادیدەی کوردەوارییە، زۆر سەربردە و بەسەرهاتی لایە، منیش کونجکۆڵانە دادەنیشم پرسیاری لێ دەکەم و لە قسەکانی وردە دەبمەوە، زۆرجار بەرگوێم کەوتووە کە دەڵێت، نەنکە زەینەبی پێیگووتون کە دوعاتان کرد کاتی خۆرەزەردە بیکەن، ئەو کاتەی خۆر رووە و ئاوابوونە و زەردییەکەی ئاسمان دەتەنێت، کە لە دایکم پرسی بۆ ئەو کاتە؟ گوتی، دوعای سبای ساڵحان و زەردەی ئێواران گیرایە.
بە درێژایی سەردەمەکانی پێشوو، هەر لە سەرەتای شارستانییەتی سۆمەرییەوە کە خوداوەندێکی تایبەتیان بۆ خۆر هەبووە، هەتا میتانی و هورییەکان، تا دەگاتە مادەکان، خۆر لەلای کورد پیرۆزی و گرنگی خۆی هەبووە و بووەتە سەرچاوەی رووناکبوونەوە و گەیشتن بە حەقیقەتی بوون، خوداوەندی خۆر لای کوردانی سۆمەری ناوی (شاماش) یاخود (ئوتو) بووە، یەکێک بووە لە گرنگترین خوداوەندەکانی مێزۆپۆتامیا، ناوی شاماش لە کۆنترین دەقە نووسراوەکانی سۆمەرییەکان نزیکەی 3500 ساڵ پێش زایین هاتووە، شاماش جگە لەوەی خوداوەندی خۆر بووە، خوداوەندی دادپەروەریش بووە، سۆمەرییەکان پێیانوابوو خۆر کە لە ئاسماندا بە هەموو بوونییەوە دەدرەوشێتەوە، بەڕوونی دەتوانێت ببینێت چی لەسەر زەوی دەگوزەرێت، بۆیە شاماش تەنها هەڵگری ڕووناکی نەبوو، بەڵکو سەرچاوەی دادپەروەریش بوو، جگە لە رووناککردنەوەی دڵی زەوی، دڵی مرۆڤیش دەگەیەنێتە رووناکبوونەوە و درەوشانەوە، هەر بۆیە زۆرێک لە پەیامبەران، پیر و بیرمەندان و عارفانی مێژووی مرۆڤایەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە سەریان هەڵداوە.
دواتر لەلای کوردە هوری یاخود میتانییەکان لە هەزارەی دووەمی پێش زایین، جارێکی دیکە خۆر لە فۆرمی خوداوەندی میترا دەبینرێتەوە، تەنانەت شارەزایانی مێژوو وای بۆ دەچن ناوی هورییەکانیش هەر ئاماژە بێت بۆ خۆر و مەبەست لە خۆرییەکان بێت، واتە ئەو کەسانەی لە خۆرەوە هاتوون، لە شێوەزاری ماچۆشدا، هۆر بە مانای خۆر دێت، لە ئینسایکڵۆپیدیای بریتانیکا ئاماژە بەوەکراوە، شوێنی هورییەکان رۆژهەڵاتی ڕووباری دیجلە و ناوچەکانی زنجیرەچیای زاگرۆس بووە، تەنانەت خۆر لە ئاڵا و دروشمی میتانییەکاندا ئاماژەی پێکراوە، وەکچۆن ئێستاش لە ئاڵای کوردستاندا خۆر هەیە، کەواتە زۆر لە مێژە کورد خۆر و وزە و کاریگەریی خۆری ناسیوە، هەروەها تێگەیشتووە بنەڕەتی ئەم دنیا فیزیکییە رووناکییە، بۆیە خۆر دەکاتە هێما و نیشانە زانست و مەعریفە.