هونەرمەند و نووسەر ئازاد پێنجوێنی بە دوالاپەڕەی وت: لە ساڵی 1984ەوە سەرقاڵی كاری شانۆیی و دراما و فیلمم و تائێستا لە 30 كاری شانۆییدا بەشدار بووم و لە 20 فیلم و درامادا رۆڵی سەرەكیم گێڕاوە و لە زۆربەشیاندا وەك سیناریۆ و دەرهێنان كارم كردووە. ئەندامی تیپی شانۆی پێشڕەوم و خاوەنی زیاتر لە 10 خەڵاتی ناوخۆیی و دەرەوەم.
سەبارەت بە نووسینیش وتی: خاوەنی شەش كتێبم كە سیانیان كورتەچیرۆك و پەخشان ئامێزن و سێ كتێبیشم (ئەو مرۆڤانەی دەگمەنن) باس لە تواناكانی ئەدیب و هونەرمەندانی كوردستان دەكات.
سەبارەت بە دۆخی هونەر لە هەرێم وتی: ئاستی باڵای هونەر، یاخود كاڵبوونەوەی لە ئێستادا دوو هۆكاری هەیە، گەشبینی و رەشبینی لەنێو هونەردا، رەشبینییەكەی ئەوەیە كە ئێستا هونەر بە رۆحێكی زیندوو ناكرێ و زۆرتر پەنا دەبرێتە بەر كەلتووری بیانی و توركی و تێكهەڵكێشی كۆمەڵێك رووداوی چەقبەستوو كراوە كە خزمەت بە كایەی هونەر ناكەن، بەڵكو جۆرێك ئاڵۆزی و سەرلێشێواندنی كۆمەڵگەیە. بەداخەوە هەندێك کەس بەهۆی بەرژەوەندییەوە، خۆیان دەبەنە پێشەوە و هونەرەكەیان لە دوای خۆیان دادەنێن، دواجار شتێك بە ناوی هونەرەوە نامێنێت. لەم وڵاتەدا بابەتگەلی باش و هاوكات ئازاراویی هەیە، بەڵام بەداخەوە سیناریۆنووسێكی باشمان نییە بیكاتە گێڕانەوە و وێنە و بیانخاتەڕوو.
گەشبینییەكەشم ئەوەیە هێشتا تروسكاییەك ماوە و كەسانی دڵسۆز هەن كە دەیانەوێت رۆحێكی زیندوو بكەنەوە بە بەری هونەرێكی مردوودا، هیوادارم وا بكەین هونەر باڵمان بۆ پەیدا بكات، نەوەك چوارپەلمان بشكێنێت.
ئازاد پێنجوینی ئاماژەی بەوەشدا لە دوو مانگی رابردوودا لەبەر فیلمی(ئەی تۆ چی دەبینی) خەڵاتی باشترین فیلمیان لەگەڵ چەند هاوڕێیەكی لە بەریتانیا وەرگرتووە. ئێستاش سەرقاڵی فیلمێكی دیكۆدرامییە بە ناوی (تابلۆ لارەكان) كە باس لە شێوەكارێكی بەتوانا دەكات لەبەر خراپی ژیانی تابلۆكانی داناوە بۆ فرۆشتن، بەڵام كەس ئامادە نییە لێی بكڕێت. سیناریۆ و دەرهێنانی ئەو فیلمە كاری خۆیەتی و بەمزووانە كاری وێنەگرتنی دەستپێدەكات و فیلمەكە بۆ فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی ئامادە دەكرێت.