كامیان شازین هێرش-ن؟!

10:47 - 2023-01-04
هەمەرەنگ
1006 جار خوێندراوەتەوە

شازین هێرش وه‌كو كچه‌ كوردێكی‌ خه‌ڵكی‌ سلێمانی‌ كه‌ ئێستا وه‌كو یاریده‌ده‌ری‌ په‌رله‌مانتار له‌ كه‌نه‌دا كارده‌كات، به‌جلوبه‌رگی‌ كوردییه‌وه‌ وێنه‌یه‌كی‌ یادگاریی له‌گه‌ڵ جه‌ستن ترۆدۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ ئه‌و وڵاته‌ گرت، كه‌ وێنه‌كه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ی‌ زۆری‌ هه‌بوو له‌ میدیا كوردییه‌كاندا. 
شازین هێرش،  ئێستا  له‌ ئۆفیسی په‌رله‌مانتاری‌ كه‌نه‌دی ئه‌نیتا ڤاندانبێڵد له‌ هاوس ئۆف كۆمنس له‌ په‌رله‌مان وه‌ك (كۆنسچوێنسی ئه‌سیستنت) كارده‌كات و له‌ ئاهه‌نگێكدا كه‌ بۆ وه‌زیر و په‌رله‌مانتار و ستافه‌كانیان رێكخرابوو، له‌وێ‌ شازین له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ كه‌نه‌دا یه‌كتریان ناسی‌ و وێنه‌یه‌كی‌ یادگارییان گرت.
‎شازین ده‌رچووی زانكۆی گه‌شه‌پێدانی مرۆییه‌ له‌ سلێمانی‌ و ماوه‌ی ساڵێكه‌ به‌ مه‌به‌ستی خوێندن و كاركردن له‌كه‌نه‌دا نیشته‌جێیه‌.
بێگومان، ده‌ركه‌وتنی شازین به‌ جلی كوردییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی كه‌نه‌دا ته‌نها وه‌ك وێنه‌یه‌كی یادگاریی ئاسایی نابینرێت؛ به‌ڵكو هه‌ڵگری په‌یام و ره‌فتاری ژنه‌ كوردێكی چالاكه‌ له‌ بواری دیپلۆماسی گشتیدا كه‌ رەواجی كەلتوریی وڵاته‌كه‌ی له‌ كه‌نه‌دا ده‌گه‌یه‌نێت، جگه‌ له‌مه‌ش ئه‌م ده‌ركه‌وتنه‌ی بووه‌ مایه‌ی ده‌ستخۆشی و شانازیی بۆ خۆی و ‌هاوڕێیانی له‌ به‌شی دیپلۆماسیی و په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌كانی زانكۆی گه‌شه‌پێدانی مرۆیی و هاونیشتمانیان له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا.
خۆ ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ بواری‌ نووسین، (شازین هێرش)ئه‌و ناوه‌ لای‌ زۆربه‌مان نامۆ نییه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی‌ له‌ بواری‌ دیكۆمێنته‌ری‌ و مێژوویی و ئایینی‌ و تا راده‌یه‌كیش ئه‌ده‌بی‌ ده‌خوێننه‌وه‌، چونكه‌ باوكی‌ شازین، كه‌ ناوه‌ ئه‌سڵه‌كه‌ی‌ (هێرش محێدین)ه‌، پێشمەرگەی دێرینەو هه‌موو نووسین و كتێبه‌كانی‌ به‌ناوی‌ (شازین هێرش) نووسیوه‌ و بڵاوی‌ كردۆته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ ئه‌مجاره‌ وێنه‌كه‌ی‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ كه‌نه‌دا گرتووه‌ خودی‌ (شازین) خۆیه‌تی‌ و باوكیشی‌ وه‌كو رووناكبیرێك به‌رده‌وامه‌ له‌ خزمه‌ت به‌ بواری‌ فه‌رهه‌نگ و نووسینی‌ كوردیی به‌ ناوه‌ خواستراوه‌كه‌ی‌ كه‌ (شازین هێرش)ه‌.  

دوالاپەڕە

بابەتە پەیوەندیدارەکان