داعش گرەو لەسەر هەناسەیەك دەكات

09:49 - 2024-08-18
فەرید دڵشاد
124 خوێندراوەتەوە

ماوەیەكە جموجوڵ و چالاكییەكانی داعش لە نەك هەر لە عیراق و سوریا، بەڵكو لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست زیادیكردووە. 
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، راپۆرتێكی لە زاری ژەنەڕاڵێکی ئەمریكییەوە بڵاوكردۆتەوە تیایدا باسی لەوەكردووە، ساڵی 2024 شاهیدی خراپترین تۆمار بوون لەبارەی چالاكییەكانی داعشەوە، بەجۆرێك لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ زیاتر لە 150 چالاكییان لە عیراق و سوریا و خۆرهەڵاتی ناوەراست كردووە. 
بوونی ئەم ئامارە وامان لێدەكات بڵێین داعش هێشتا مەترسی هەیە، بەتایبەتی دوای ئەوەی ناوچەكە بە ئاڵۆزییەكی زۆردا تێپەڕ دەبێت و هەمووان سەرقاڵبوون بە جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە، جیا لەوەش هێرشكردنەسەر بنكەكانی ئەمریكا لە عیراق لەلایەن گروپە چەكدارەكانەوە، وایكرد سەرنجەكان لەسەر داعش نەمێنێت و ئەویش سوودی لەو دەرفەتە وەرگرتووە بۆ رێكخستنەوەی ریزەكانی.
داعش ئێستا وەك ئەو كەسە وایە، كە لە خنكان رزگاری بووە و هەناسەی پێدەدرێت تا زیندوو بێتەوە، ئەو گرەو لەسەر ئەو هەناسەیە دەكات، هۆكارەكانیش زۆرن بۆ ئەوەی گرەوەكەی بباتەوە، لەبەر ئەوەی توانایەكی زۆری هەیە بۆ راكێشانی گەنجان بۆ ریزەكانیان، بەتایبەتی لە رێگەی تیكتۆك و تێلیگرامەوە، هەروەها لەماوەی رابردوودا لە سوریا لێبووردنی گشتیی بۆ زیاتر لە 1200  کەس دەركرا، كە دەگوترێت بەشێكیان ئەندامی داعش بوون.

 

ساڵی 2024 شاهیدی خراپترین تۆمار بوون لەبارەی چالاكییەكانی داعشەوە، بەجۆرێك لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ زیاتر لە 150 چالاكییان لە عیراق و سوریا و خۆرهەڵاتی ناوەراست كردووە

 

یەكێكیش لەو مەترسیانەی كە رووبەرووی عیراق و سوریا دەبێتەوە، مەترسی كشانەوەی ئەمریكایە لە عیراق، ئەوەش وادەكات جارێكی تر داعش لە ناوچەکە بەهێز ببێتەوە، ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی چەكدارانی داعش كە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا ئاشكرای كردبوو، مانگی چواری ئەمساڵ ژمارەیان لە عیراق و سوریادا بۆ نزیكەی 2500  چەكدار زیادیكردووە، ئەوەش دوو هێندە زیاترە لە خەمڵاندنی سەرەتای ئەمساڵ.
هێشتا كەسانێكی زۆر هەن هاوسۆزی داعشن،  بینیمان مانگی رابردوو شانەی نووستووی داعش لە عومان، هێرشیان كردە سەر مزگەوتێكی شیعەكان و دەیان قوربانی لێكەوتەوە، لەهەمان مانگدا داعشی خۆراسان هێرشیانكردە سەر گەڕەكێكی كابوڵی پایتەخی ئەفغانستان، هەموو ئەوانە ئاماژەن بۆئەوەی داعش چالاكییەكانی فراوان بووە، هەروەك چۆن لە سوریاوە هەندێك دزەیان كردۆتە عیراق، بەتایبەتی موسڵ، جیا لەوەش شانەی نووستوویان زۆرە، بۆیە زۆر گرنگە هەرێمی كوردستان لەو مەترسییە ئاگاربێت و سنوورەكانی توندتر بكاتەوە و رێگە نەدات بۆشایی ئەمنی هەبێت.

تیرۆریستانی داعش

وتارەکانی نوسەر