دیاردە دزێوەکان

ژیاننامەی برایم زەبۆکێکی لای ئێمە

10:08 - 2024-09-18
محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
60 خوێندراوەتەوە

- 24 -


کە سەرباز بوو لە سەردەمی جەنگی عیراق- ئێراندا ساڵانێک بەباشی خۆی دەلیستەوە و لەگەڵ نایب زابتی قەڵەم و رەئیس عورەفای یەکە سەربازییەکەیدا خۆی رێکخستبوو، زوو زوو مۆڵەتیان دەدایە و ئەمیش لە گەڕانەوەیدا قوماشی جەلسە و ئەنگۆرەی ئێرانی و گوێز و هەنگوینی (شیمال)ی بە بەرتیل بۆ دەبردن و لەپای ئەمە ئەوانیش هەمووجار دەیانشاردەوە و نەیاندەهێشت ناوی بچێتە لیستی ئەو سەربازانەوە کە دەگوێزرانەوە بۆ بەرەی جەنگ، لە رۆژگارێکی سەختدا کە ئەوانە یان دەکوژران یان لە سەربازی هەڵدەهاتن بۆ ئەو گوندانەی کەوتبوونە ناوچە رزگارکراوەکانەوە، هەندێکیان دەبوونە پێشمەرگە و هەندێکیش سەری خۆی هەڵدەگرت و بە هەزار فەلاکەت دەگەیشتە ئەوروپا و گەلێکیشیان لەم سەفەری هات و نەهاتەدا دەفەوتان.
کەچی ئەم چەند ساڵێکی بەو فێڵە بردەسەر و ئەنجام چار نەما و بەر گواستنەوە کەوت بۆ بەرەی  جەنگ و هەڵات بۆ یەکێک لە گوندەکان و دواتر بوو بە پێشمەرگە و بەهۆی خزمێکی فەرماندەیەوە بوو بە چێشتلێنەر لە بنکە و بارەگای ئەو هێزەدا، بەم پێیە هەم پێشمەرگە بوو هەم بەشداریی هیچ شەڕێکیشی نەدەکرد لەگەڵ هێزەکانی رژێم و بەکرێگیراوانیدا، بۆخۆی لە تەڕ دەیخوارد و لە وشکیش دەخەوت. ئەم دۆخە سێ چوار ساڵێکی خایاند و لە یەک دوو ساڵی پێش ئەنفالدا، سوپا و جاشی رژێم بە تەواوی تەنگیان بە پێشمەرگە و دانیشتوانی ناوچە رزگارکراوەکان هەڵچنیبوو، بە تۆپباران و بۆردومانی فڕۆکە ژیانیان لێکردبوون بە دۆزەخ و چیتر دەرفەتی چێشتلێنان و خۆحەشاردان لە بنکە و بارەگادا بۆ ئەم نەمایەوە. ناچار لە رێگەی چەند خزمێکی دەستڕۆیشتوەوە لەناو فەوجەکانی جاشدا خۆی رادەستکردەوە و بوو بە (موقاتیل) لای موستەشارێک و دواتر لە کەین و بەینی ئەنفال و ماڵوێرانی خەڵکدا، ئەم کە بە (زیرەکی) خۆی بووبووە دەسکەلایەکی دڵسۆزی موستەشارەکەی و دەستی بە هەرچی دەگەیشت تاڵانی دەکرد، هەر لە قەل و مریشکەوە تا دەگاتە ئاژەڵ و ماڵات و پارە و ئاڵتوون و بە هاوبەشی لەگەڵ بەرپرسەکەیدا ساغی دەکردەوە و هەردوولا خێرێکی باشیان لێکرد و خۆیان پێگرت. لە پاش راپەڕینیش وەک هەزاران چەکداری رژێم بەر لێبوردنی بەرەی کوردستانی کەوت و جارێکی تر بووەوە بە پێشمەرگە و وردە وردە بە مەرایی کردن جێی خۆی کردەوە و لەسۆنگەی ئەوەشەوە کە دوو سێ جار (سەنگەری خەباتی) گواستەوە بوو بە بەرپرس لەبەرئەوەی پێشتر سامانێکی مامناوەندیشی پێکەوە نابوو لەگەڵ هەندێک قاچاخچی و بەرپرسی تریشدا بوو بە شەریکە بەشی ئاودیوکردنی شۆفڵ و گەڵابە و ئامێرە قورسەکانی فەرمانگە حکومییەکان و لەمەش خێرێکی باشی کرد و ئیتر دەستی دایە کاری بەڵێندەرایەتی و تادەهات پێگەی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی بەهێز دەبوو. لەدوای روخانی رژێمیش لە ساڵی 2003دا هەموو (خزمەتە کۆن و نوێکانی) خۆی کۆکردەوە و بە پلەی (عەمید) خانەشین بوو و بەتەواوی خۆی تەرخانکرد بۆ کاری بەڵێندەرایەتی و وەبەرهێنان، ئێستا لەم هەرێمەدا کەم کەس شان لە شانی دەدا و سامانەکەشی لەکێشدا نییە. هەڵبەت ئەم پلە سەربازییەشی پێ کەمە و لە کۆڕ و کۆمەڵی خۆیدا هەمیشە دەم بەگلەییە و دەڵێت: هەن نیوەی منیان بۆ کورد نەکردووە و ئێستا بە پلەی (لیوا) خانەنشین کراون!.

وتارەکانی نوسەر