مووشەکە هارە و پەیجەر، شەڕە شۆکهێنەرەکان

11:26 - 2024-09-23
هیوا محەمەد
386 خوێندراوەتەوە

لەدوای کەوتنەوەی مووشەکێکی 17 تۆنی، لە نزیک فڕۆکەخانەی تەلئەبیبی پایتەختی ئیسرائیل، کە لەلایەن حوسییەکانی یەمەنەوە لە دووری زیاتر لە دوو هەزار کیلۆمەترەوە ئاراست کرابوو، مشتومڕی سەربازیی و هەواڵگریی و سیاسیی زۆری لێ کەوتۆتەوە بە هۆکاری ئەوەی چۆن ئەو هەموو بنکەی چاودێریی ئاسمان و راداری سەرزەوی و مانگی دەستکرد و قوبەی ئاسنیی ئیسرائیل نەیانتوانیوە ئاشکرای بکەن و بیخەنە خوارەوە؟  لەدوای ئەوەی کە مووشەکە هارە ئیسرائیلی تووشی سەرسوڕمان کرد. 

دەبێت سیاسییەکانی جیهان، بەتایبەتی ئەوانەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، وریا و هۆشیار بن لەوەی کە مانەوەی ئەم جەنگە و تەشەنەکردنی دەبێتە ماڵوێرانی بۆ ناوچەکە 

 ئەوانیان زیاتر تووشی شۆک کرد
ئەمە وای لە ئیسرائیل کرد کە بە جۆرێک وەڵامی ئەوانە بداتەوە کە لە چەند لایەکەوە بەرەی جەنگیان لەگەڵ کردۆتەوەو، تووشی شۆکیان بکات بۆیە بە جۆرێک لە رێگەی کورتەنامەیەکەوە سەدان دەزگای بێسیمی سەرکردەکانیانی تەقاندەوە و تووشی شۆکی کردن و تائێستاش درێژەی هەیە و لەگەڵیشیدا بۆردومانی کەنارەکانی بەیروت و پێگە و سەکۆی مووشەکەکانی حزبوڵڵا دەکاتە ئامانج،  شۆک بە دوای شۆک دێت و بۆ هەموو جهانیش دیاردەیەکی نوێیە و ئەوەی کە دەبیسترا لە پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا، ئێستا لەسەر گۆڕەپانی جەنگەکاندا دەیان بینی.
وەک باس دەکرێت ئەم دەزگای بێسیمی پەیوەندییانە زیاتر لە ساڵێکە حزبوڵلا کڕیویەتی لە بری مۆبایل لە نێوان کادرە پلەباڵاکانیدا بۆ پەیوەندیکردن بەیەکەوە بەکاریانهێناوە، ئەو رۆژەش کە تەقێندراونەتەوە لە کاتێکدا بووە کە زۆرێک لەو سەرکردانە بەشداریی مەراسیمی کوژرانی یەکێک لە سەرکردەکانیاندا بوون، و بەیەک جار لە رێگەی ناردنی کورتە نامەیەکەوە تەقاندونییەتەوە.

مووشەکی حوسییەکان پەیامی لە پشت بوو
کەوتنەوەی مووشەکەکەی حوسییەکان زیانی گیانی لێنەکەوتۆتەوە، پێدەچێت ئامانجیان ئەوە نەبووبێت کە ویستبێتیان ئاراستەی جێگەیەکی بکەن زۆرترین کەسی مەدەنی بکوژێت، بەڵکو ویستویانە زیاتر پەیامێک بێت بۆ ئیسرائیل و ئەوانەش کە هاوپەیمانین لە جەنگی غەززەدا، بەو مانایەی کە ئەوان لە توانایاندا هەیە لەو جۆرە مووشکانە بنێن بە ناوجەرگەی پایتەختی ئیسرائیلەوە ئەگەر درێژە بەو جەنگە بدات.
زۆرێک لە شرۆڤەکارانیش هەمان بۆچوونیان هەیە و هاویشتنی ئەم مووشەکە بە پەیامێکی هەڕەشە ئامێز دەناسێنن و لە ئەگەری دووبارە بوونەوەی یان درێژە پێدانی دەترسن کە ئەگەر ئەمە رووبدات رەوتی جەنگەکە دەخاتە قۆناغێکی نوێوە.
حوسییەکان چەند مانگێکە تەنگیان بەو کەشتیانە هەڵچنییوە کە بەرەوە دەریای سوور دەچن و بە بەردەمی ئەواندا تێدەپەڕن، ئەوان زیاتر ئەو کەشتییانە دەکەنە ئامانج کە سەر بە ئیسرائیل و ئەمریکا و بەریتانیان، لەبەرامبەردا ئەوانیش چەندین جار بۆردومانی حوسییەکانیان کردووە بەتایبەتی ئەوە کە بەسەر شاری حودەیدەدا کردیان.
لەراستیدا جەنگی ئیسرائیل بۆسەر غەززە پەلی هاویشتووە و بۆتە جەنگێکی ناوچەیی، چونکە زیاتر لە میحوەرێکی جەنگ هەیە، لەلایەکەوە لەگەڵ حزبوڵڵای لوبنان لە بۆردومان و مووشەک هاویشتن و تیرورکردنی کەسایەتییەکانیادایە، لەلایەکی ترەوە لەگەڵ هێزە ئیرانییەکان لە سوریا و حوسییەکانیش لە یەمەنەوە.

کەمتەرخەمیی لە رانەگرتنی جەنگ
جیهان نایەوێت دان بەوەدا بنێت کە جەنگەکە بەرەو فراوانبوون و تێوەگلانی زیاتر لە دوو وڵات و سیان دەچێت، رەنگە ئەمەش پەیوەندیی بە بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمریکاوە بێت و هەرلایەک لە بەرژەوەندیی خۆی یەکلاکردنەوەی جەنگەکەی راگرتووە. 
ئەگەرچی لەسەردەمی بایدنی ئێستادا ئەم جەنگە هەڵگیرساوە و پشتیوانی تەواوی ئیسرائیلی کردووە، بەلام ترامپیش پێیوایە کە بەپێی سیاسەتی بایدن و دیموکراتەکان بێت، تەمەنی ئیسرائیل دوو ساڵی تر نابات، کەواتە ئەویش بەهەمان شێوەی بایدن و زیاتریش لەو، پشتگیریی ئیسرائیل دەکات.
لەبەرنامەی کەمالا هاریس، کاندیدی دیموکراتەکاندا بە ناڕوونی هەڵوێستیان بەرامبەر کۆتاییهێنان بە جەنگەکە هەیە، ئەو لە لێدوانێکیدا وتی کە بەردەوامی ئەو جەنگە باش نییە، بەڵام ئیسرائیلیش مافی خۆیەتی داکۆکی لەخۆی بکات.

ئەگەرەکانی دوای هەڵبژاردنی ئەمریکا
لەنێوان ئەم ئەگەرانەدا کە رەنگە دوای هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا یەکلایی ببێتەوە، ئیسرائیلیش بەردەوامە لە لێدانی خەڵکی غەززە و چەکدارانی حەماس و حزوبوڵا و کەتائیبی قەسام، مەرجەکانیش بۆ ئازادکردنی دیلەکانی دەسەپێنێ، حەماسیش ئەگەرچی لەم جەنگەدا زیانی گەورەی بەخۆی و خەڵکی غەززە و دۆسێی فەلەستین گەیاند و زۆرێک لە سەرکردەکانیان کوژران، ئێستا پێیوایە لەدوای جەنگ دەبێت حکومڕانییەکی فەلەستینیی هاوبەش لە غەززەدا بێتە کایەوە کە لەپێش جەنگەکە ئەمەی رەتدەکردەوە و خۆی ئەم کەرتەی بەڕێوەدەبرد، ئەمەش بەپێی شرۆڤەکردنی هێز و جەنگ، دەکرێت لە هەڵوێستی لاواز و چۆکدادانەوە بێت. 
حوسییەکان ئەم مووشەکەیان وەک پەیام دا بە ئیسرائیل، ئایا دەبێتە وریا کردنەوەیان و هەنگاوێک دەچنە دواوە لە بەردەوامیی جەنگ یان زیاتر هەنگاوی تۆڵەسەندنەوە و رەتدانەوەی زیاتری هاوشێوەی تەقاندنەوەی تۆڕی پەیوەندییەکانی حزبوڵڵا دەگرنەبەر؟ 
دەبێت سیاسیەکانی جیهان، بەتایبەتی ئەوانەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، وریا و هۆشیار بن لەوەی کە مانەوەی ئەم جەنگە و تەشەنەکردنی دەبێتە ماڵوێرانی بۆ ناوچەکە و زۆر لایەن و وڵاتی دیکەی تێوەدەگلێ و زیانی گەورەی بۆ هەموان دەبێت. 

وتارەکانی نوسەر