دوا هەل بۆ دیاریکردنی چارەنووسی چوار ساڵی ئایندە

02:07 - 2024-10-19
هیوا محەمەد
1056 خوێندراوەتەوە

ئەمرۆ رۆژی دەنگدانە، ئیتر هەر تاکێکی ئەم کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستانە، دەتوانێت بە دەنگی خۆی چەوتەکان راست بکاتەوە و ئەوەش کە راستە پاڵێکی پێوە بنێت تا بەرەو پێشتر بڕوات تا پانتایی دەسەڵاتی فراونتر ببێت و بتوانێت ئەوەی نەکراوە و پشتگوێخراوە بیکات.
لە هەموو جیهان هەروایە، گرنگە تاکەکان بەشداریی دەنگدان بکەن، چونکە هەموان گەیشتووینەتە ئەو تێگەیشتنەی کە رێگەی سڕینەوەی یەکتر و بەکارهێنانی توندوتیژیی سەربازی و یاخی بوون، کۆمەڵگە پێشناخات، بەڵکو رێگەی دەنگدانی نهێنی دەتوانێت ململانێکان یەکلایی بکاتەوە.
ئێستا هەریەکێک لە ئێمە پێش ئەوەی چاوی هەنگاوێکی باشی حکومەت ببینێت، دەیان رەخنە و داخوازیی هەیە و دەیەوێت بۆ بهێننەدی.
راستە لە بانگەشەی هەڵبژاردندا، هەر لایەنێک بە شان و باڵی خۆیدا هەڵدەدات، بەڵام کەمتر دەچێتە سەر ئەو دەستکەوتانەی کە کەمن، لەکاتێکدا ئەو لەدەسەڵاتدا بووە.
باشترین شێوازی پێش هەڵبژاردن بۆ هەر لایەنێک، پیشاندانی بەرنامەیەکی تۆکەمەیە لە خزمەتی خەڵک کە خشتەی بۆ دابنێت و مەودای جێبەجێکردنەکەشی دیاریبکات، کە ئەمە بە دەگمەن لایەنێکی سیاسیی لەم کۆمەڵگەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەدا دەیکات، هەموان بەرنامەیان دەبێت، بەڵام چۆنێتی جێبەجێکردنی ناخەنەڕوو، هەر لەبەر ئەمەشە کە دواتر ناتوانن.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە رۆژانی رابردووی بانگەشەدا توانی تا رادەیەکی باش لەرێگەی کەرنەڤالەکانییەوە کە راستەوخۆ سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرپەرشتیی دەکرد، شێوازێکی دیکەی بانگەشەی نەبینراو بکات و زۆریش هەوڵیدەدا کە بەرنامە و کارنامەی داهاتوو بۆ خەڵک بخاتەڕوو، لەدواجاریشدا باسی لە پلناێکی ستراتیژی کرد کە بەم زوانە ئاشکرای دەکات، دیارە ئاشکراکردنیشی لەوەوە دێت کە چاوەرێی ئەنجامی هەڵبژاردن بکات و خەڵک و نەیارەکەی تووشی شۆک بکات.
دوو جۆر لە بانگەشەمان بینی، یەکێکیان ئەوەی لە دەسەڵاتدا بوو، داوای پێکەوە کارکردن و ئارامی دەکرد( واتا وەک چەند ساڵی رابردوو لەژێر دەسەڵاتی ئێمەدا سەرتان شۆڕ بکەن بۆ پێکەوە کارکردن، ئێمەش ئارامیتان بۆ دەپارێزین).
جۆری دووەمیان دروشمەکانیان بریتی بوون لە : ئیتر بەسە، دەیوەستێنین، دەیگۆڕین، تاکڕەویی خۆسەپێن ناهێڵین. 
دەکرێت بڵێین جۆری دووەم ئامانجەکانیان لەیەک نزیکبوون، ئەگەر بە هیواش بووبن بە شێوازی جیاجیا ئەمە بکەن، بەڵام پرسیارێک لێرەدا دروست دەبێت ئەویش ئەوەیە ئایا بە کێ و چۆن دەتوانرێت ئەو دروشمانە بهێندرێنەدی؟
بێگومان لە شەڕدا پشت بە چەند شتێک دەبەسترێت بۆ بردنەوەی شەڕەکە، لەوانە جۆری چەک، ژمارە و لێهاتوویی سەربازەکان، جوگرافیای شەڕەکە، لە هەڵبژاردندا تەنها دەنگ پشتی پێدەسترێت بۆ بردنەوە، بەڵام ئەو حزبەی کە دەیباتەوە بە پشتی زۆریی ژمارەی دەنگەکانی دەتوانێت لە پەرلەمان و حکومەتدا هەنگاو بنێت، کەواتە هەر لایەنێک کە هەڵگری ئەو دروشمانەی هاوشێوەی یەکێتییە، ناتوانێت بە بەدەستهێنانی ژمارەیەکی کەم لە کورسیی پەرلەمان، دەست بداتە ئەو پرۆسەی گۆڕانکارییە لە حکومڕانی.
لێرەوە پێویستە ئەو لایەن و کەسایەتییانە کە هاودەنگ و هاو ئامانجن لە پرۆسەی هەڵبژاردن و تێپەڕاندنیدا، هەوڵبدەن دەنگەکانیان لە سەبەتەی گەورەترین و بنکە فراوانترین حزبدا کۆبکەنەوە تا ئەوان بتوانن ئامانجەکان بەدیبێنن کە هی هەموانە.
ئێمە دەبێت دەنگ بدەین بە باشترین بەرنامە و کارنامەی حزبێک کە دەیخاتەڕوو، نەک هەر سۆزی حزبایەتی و بیری تەسکی خۆسەپێن. 
لە گۆڕەپانی پێشبڕکێی دوو پاڵەواندا، ئەو پاڵەوانەی کە دەتوانێت بەرامبەر پاڵەوانەکەی گۆڕەپان بوەستێتەوە، دیارە کێیە؟ ئەوانی تر تەماشەچین و ناتوانن بێنە پێش.

وتارەکانی نوسەر