نەیارەکان دەبنەوە دۆستی یەکتر؟

10:03 - 2024-10-22
هیوا محەمەد
37 خوێندراوەتەوە

 لە هەموو جیهان، قۆناغی پێش و پاش هەڵبژاردن پێچەوانە دەبنەوە، هێرشەکانی لایەنەکان بۆسەر یەکتر، ئەوانەی کاتی بانگەشە، لەدوای دەرچوونی ئەنجامەکان نامێنن.

 بۆچوونی وا هەیە لای خەڵک کە هەرێمی دیکە دروست ببێت لە کوردستان، ئەگەر پارتی لە تاکڕەوی و سیاسەتی هەڵە کۆڵ نەدات

ئەمە دیموکراسییە و رەحم بەکەس ناکات، ئەوجار هەموو تاکێک دەنگی دەخوات و زۆرینەی تاکەکانی کۆمەڵگەش کە بەشدارن لە دەنگدان دوای سۆز، خۆشباوەڕی، هەڵخەڵەتاندن دەکەون، تەنانەت تێیاندایە لەبەر دەرگای وێستگەکە دەنگی خۆی دەگۆڕێت و نایدات بەوەی چەند رۆژێکە کەوتۆتە ژێر کاریگەرییەوە، جاری واش هەیە کەسێک سوێند دەدرێت لەلایەن خۆشەویستەکەیەوە یان کەسێکییەوە کە دەنگ بدات بەوەی ئەو پێی خۆشە، بەواتایەکی تر خەڵک هەمووی دابەشبووی حزبەکان و پابەندبوون بە بیروباوەڕەوە نین.
هەشن لەوانەی لە ئەدای حکومڕانی بێزارن و هێندەیان چاوەڕوانی کردووە و هیچیان نەدیوە لە بەدیهێنانی بەڵێنەکان بۆیە بێ باوەڕن و دەنگ نادەن.
ئەمە لەدەست سیستمە دیموکراسییەکەدایە کە هەمووی تێکەڵ دەکات و جاری واش بووە، حزبێک دەردەچێت کە هەموو تەمەنی حکومڕانییەکەی هەر خراپ بووە، بەڵام بە بەخشینەوەی پارە و پلە لە کاتی بانگەشەدا، دیسان دەنگی زۆرینە دێنێت، چونکە لە کۆمەڵگەدا زۆرن ئەوانەی دوای ئەو بەرژەوەندییە خۆییانە دەکەون.
ئەمەش روویداوە و روودەدات، کە دەستێکی دەرەکی دنەی حزبێک دەدات و هاوکاریی دەکات تا دەربچن و حکومڕانیی بگرنە دەست لە بەرژەوەندیی خۆیانی دراوسێ.
ئێستا ئێمە لەبەردەم پێکهێنانی حکومەتی کابینەی دەیەمی هەرێمداین، ئەنجامی دەنگەکان وادەڵێت کە چوار هێزی براوە هەن کە دوانیان سەرەکی و خاوەن وتەی یەکلاکەرەوەن.

پارتی و یەکێتی پێکەوە دەتوانن حکومەت پێکبێنن؟
رێژەی ئەو کورسییانەی کە ئەم دوو حزبە بەدەستیان هێناوە، دەتوانێت بێ یەک و دوو، بێ گەڕانەوە بۆ هەر لایەنێکی براوە، حکومەت پێکبێنن، ئەوکات ی.ن.ک بەو مەرجانە دەچێتە پێش کە خۆی هەیبووە لەوانە راگرتنی تاکڕەوی لە حکومڕانیدا، بەڵام ئایا ئەگەر پارتی بەمە رازی نەبێت چیدەکات؟
پارتی ناتوانێت بەو دەنگانەی هێناویەتی، لەدەرەوەی یەکێتی، حکومەت پێکبێنێت، دەبێت لانیکەم بگەڕێتەوە بۆ لای سێیەم و چوارەم( ئەگەر ئەوان بەشداری لە حکومەتدا بکەن)، بەڵام بەم سنوورە جوگرافیایەی لەژێر دەستی یەکێتیدایە و ئەو هێزی پێشمەرگە و ئاساییش و پۆلیس و هتد..، ناکرێت یەکێتی بکەوێتە دەرەوەی بازنەی پێکهێنانی حکومەت، چونکە نە ژمارەی دەنگەکانی دەکرێت پەراوێز بخرێت، نە بێ ئەم حزبە هەرێم بەڕێوەدەچێت، لە ئەگەرێکی وادا بۆچوونی وا هەیە لای خەڵک کە هەرێمی دیکە دروست ببێت لە کوردستان، ئەگەر پارتی لە تاکڕەوی سیاسەتی هەڵە کۆڵ نەدات، چونکە زۆرن ئەوانەی بێزار بوون و دەڵێن با بەغدا راستەوخۆ زوڵممان لێبکات، نەک دوای زوڵمی ئەوان لەلایەن حکومەتی هەرێمیشەوە جارێکی تر زوڵممان لێبکرێت.
ئەگەر جوگرافیای سیاسی و دەسەڵاتی ئیداری و سەربازیی هەرێم بەراورد بکەین لەگەڵ ژمارەی ئەو دەنگانەی کە بەدەست هاتوون، ئەوا بژاردەی دروستکردنی هاوپەیمانیی هاوسەنگ لە دەسەڵات و بەڕێوەبردن و دابەشکردنی یەکسانی خزمەتگوزارییەکان، باشترین  بژاردەیە، بەمەرجێک ئەوەی هەیە لە رەگەوە بگۆڕدرێت و باشتری لەسەر بنیاتبنرێت. 

وتارەکانی نوسەر