ئەمە خواستی ئیسرائیلە

09:51 - 2024-10-21
هیوا محەمەد
175 خوێندراوەتەوە

هیوا محەمەد

ئێستا دانوستانی نێوان ئیسرائیل و حەماس، لە هەندێک پایتەختی عەرەبی بە جۆرێک دەکرێت کە ئەننەما ئیسرائیل و فەلەستین دوو برای سەر بە یەک نەتەوە و ئایینن و پێویستە ئاشت ببنەوە!



ئیسرائیل وەک لایەنێکی شەڕکەر و تێهەڵچوو لە کۆمەڵێک ململانێی فرە جەمسەرەوە، پێی باشە کە زۆریك لە دۆست و پاڵپشتەکانی کێش بکات بۆ ناو شەڕەکە و تێوەیان بگلێنێ، تا یەکەم بە تەنها نەبێت، دووەمیش بەرەکەی بەهێز ببێت و ئەو ئامانجانە بپێکێت کە دەیەوێت.
ئەوان لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە زیاتر سوود لە دەزگا هەواڵگرییەکانیان لە ناوەوە و دەرەوە وەردەگرن، بەوپێیەش کە ئامانجەکانیان لە کاتی بۆردومانکردندا دەپێکن و ئەو کەسەی دەستنیشانی دەکەن دەیکوژن، دەردەکەوێت کە توانای سەربازی و تەکنۆلۆژیی پێشکەوتوویان هەیە و دەتوانن لەڕێیەوە بچنە پێش. 

دیپلۆماسیی ئیسرائیل و ناڕەزایەتییەکانی شەقامی عەرەبی
پێش ئەوەی جەنگی غەززە رووبدات، هەوڵی دیپلۆماسییان خستەگەڕ بۆ راکێشانی وڵاتانی عەرەبی بەلای خۆیاندا لەڕێگەی چاککردنی پەیوەندییەکانیان، بەتایبەتی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو، لەوسەریشەوە لەگەڵ وڵاتی مەغریب. 
ئەمان هەروەک نەریتیی سیاسیی پێشتریان، ئەگەرچی هەمیشە بژاردەی سەربازییان بەلاوە گرنگ بووە بۆ کۆتاییهێنان بە مەترسییەکانی سەریان، بەڵام لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانیش دوورنەکەوتوونەتەوە.
کاریگەریی ئەم هەوڵانەشیان لەئێستای دوای جەنگەکە دەبینین کە ئەو بێدەنگییەیە لەلایەن وڵاتانی عەرەبییەوە. 
سەردەمانی پێشوو بەتایبەتی لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی رابردوو، ناڕەزاییەکانی شەقامی عەرەبی و پشتیوانی لە فەلەستین و دژایەتی ئیسرائیل، پایتەختی زۆربەی وڵاتە عەرەبییەکانی پڕ دەکرد و حکومەتەکانی ناچار دەکرد بێتە سەرخەت و هۆشداریی بداتە ئیسرائیل، بەڵام ئێستا دانوستانی نێوان ئیسرائیل و حەماس، لە هەندێک پایتەختی عەرەبی بە جۆرێک دەکرێت کە ئەننەما ئیسرائیل و فەلەستین دوو برای سەر بە یەک نەتەوە و ئایینن و پێویستە ئاشت ببنەوە!.
هەربۆیە لە دەرەوەی حکومەتەکان و شێوازە رەسمییەکان گروپ و لایەنی جیاجیا دروستبوون و بەڕووی ئیسرائیلدا دەوەستنەوە، لەوانە حەماس و جیهادی ئیسلامی و حزبوڵڵای لوبنانی و عیراقی و چەندانی تر، ئەمان لە لوبنان و عیراق و فەلەستینەوە بێگوێدانە سیاسەتی حکومەتەکانیان، هێرش دەکەنە سەر ئیسرائیل، ئەگەرچی لە زۆربەیاندا زیانێکی ئەوتۆی پێناگەیەنن، بەڵام هێشتا دروستکەری مەترسین کردەکانیش شێوێنەری سەقامگیریی ئەو وڵاتەن. 
بیانووەکان بۆ ئیسرائیل
ئەمریکییەکان پاڵپشتیی ئیسرائیل دەکەن بە ئاشکرا، هەر لەبەر ئەوەشە کاتێک، لایەنێکی شیعی لە لوبنان و یەمەن و عیراقەوە هێرش دەکەنە سەر پێگە سەربازییەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل بە بەهێزبوونی بەرەی خۆی دەزانێت و بۆی دەبێتە بیانوو بۆ رەتدانەوە و لێدانیان لە خاکی خۆیاندا.
لەدوای ئەو هێرش و گورزە سەربازییانەی لە رێگەی بۆردومانکردنەوە بە سەر بەیروتیدا هێنا و ئیفلیجکردنی کاتیی حزبوڵڵای لوبنان، ئێستا هەڕەشە لە حوسییەکانی یەمەن دەکات، هەر بۆیەش هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە عەبدولمەلیک حوسیی چەند جارێک جێگۆڕکێی کردبێت و شوێنی شاردراوە بێت.
هێشتاش رەتدانەوەی ئیسرائیل بۆ ئێران ماوە و گوایە تا پێنجی نۆڤەمبەری داهاتوو ئیسرائیل وەڵامی بۆ ئێران دەبێت، گەشتی وەزیری دەرەوەی ئێرانیش بۆ وڵاتانی ناوچەکە رەنگە بۆ نەهێشتنی ئەم هێرشە ئاسمانیانە بێت بۆ سەر یەکتر.
زۆرێکیش لە چاودێرانی سیاسی باس لەوە دەکەن کە ئەگەری هێرشکردنە سەر ئەو گروپە دژ بە ئیسرائیلیانە هەیە کە لە عیراقن و بە ئاشکرا دروشمی دژە ئەمریکا و ئیسرائیلیان بەرز کردۆتەوە و جار جاریش مووشەکبارانی پێگە سەربازییەکانی ئەمریکا لە دەشتی ئەنبار و سەر سنووری سوریا و عیراق دەکەن.
سودانییش لەگەڵ چوارچێوەی شیعە کۆبۆتەوە و داوایلێکردن کە خۆیان بە دووربگرن لەو هێرشانە لەناو خاکی عیراقەوە، بەڵام حزبوڵڵای عیراق و نوجەبا رەتیان کردەوە کە بیوەستێنن، ئەمەش ئەگەری هێرشکردنە سەریان لەلایەن ئیسرائیلەوە زیاتر دەکات و بێگومان لەم حاڵەتەشدا کاردانەوە لە هەردوو لاوە دەبێت و بە دوور نازانرێت ئێرەش ببێتە گۆڕەپانی جەنگ و فڕۆکە و ماڵوێرانی. 
ئەگەر لە روانگەی مرۆڤایەتییەوە بیر بکەینەوە، ئەوا سەیربکەن لە ژمارەی قوربانییەکانی ئەم جەنگانە، زۆرینەیان خەڵکی مەدەنین بە تایبەتی منداڵ و ژن کە بە نزیکەی 20 هەزار کەس دادەنرێن، بۆیە دەکرێت هەموو لایەنە ناکۆکەکان ئەوە لەبەرچاو بگرن و هەوڵی راگرتنی ئەو ماڵوێرانییە بدەن.
لەڕووی ئاینییشەوە، لایەنە ناکۆکەکانی ناوچەکە جگە لە یەهودییەکانی ئیسرائیل، سەر بە ئیسلامن بە دوو مەزهەبی شیعە و سوننەوە، ئیتر لەهەر لایەک بکوژرێت زیان بە خۆیان دەگات و بەرامبەر سوودی لێدەبینێت، بەڵام لەگەڵیشیدا ئەم ناکۆکییە دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە 70 ساڵ کە بە شەڕ و پێکدادان چارە ناکرێت. پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە باشترین چارەسەرە. 

جەنگەکان ماڵوێرانی و دواکەوتنی شارستانی مرۆڤایەتی لێدەکەێتەوە

وتارەکانی نوسەر