دەمانەوێت لەم هەڵبژاردنەدا رێبازەکەی مام سەربخەین

01:23 - 2024-09-28
عیماد ئەحمەد
198 خوێندراوەتەوە

رۆژی یەکەمی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پشتیوانیکردن لە سەرخستنی هەڵبژاردنی خولی شەشەم، سەردانی کۆمیتەی شێخ محێدینی مەڵبەندی سلیمانیمان کرد.
خوایە چەند دڵخۆش بووم بە بینینی چەند هاوڕێیەکی سەردەمانێک کە خۆم لێپرسراوی مەڵبەندی سلێمانی بووم لە ساڵی (1996) دوای 31ی ئاب، لە سەردانەکەمدا چاوم بە ژمارەیەک گەنج و لاو و ژن کەوت کە هەموویان وەکو هەنگ لە هەوڵی سەرخستنی لستی (١٢ی یەکێتیی نشتمانیی کوردستاندا بوون.  یەکسەر لە دڵی خۆمدا وتم: مانگەشەو لە سەرلەئێوارەوە دیارە.
بە شەوقەوە لەگەڵ کاک زیادی لێپرسراوی مەڵبەند، باسی مێژووی یەکێتی و ئەرکی ئێستا و گۆڕانکاری لە سیستەمی حوکم و خزمەتکردنی گەل و نشتمانمان کرد و ئەم وتانەی خوارەوەشم بۆ کەناڵی نازداری گەلی کوردستان کرد: 
لە مەکتەبی سیاسی و لە لیژنەی باڵای هەڵبژاردن، هەموو هەمم و غەم و ئیشمان ئەوەیە کە ئەم هەڵبژاردنە بە باشی و بە ئاسایی و بەبێ دەست تێوەردان بەڕێوەبچێت، چونکە ئێمە دەتوانین لە رێگەی هەڵبژاردنەوە دەستاودەستی دەسەڵات بکەین. 
ئێمە وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەم هەڵبژاردنە بە هەڵبژاردنێکی چارەنووسساز بۆ گەلی کورد دەزانین. هەموو هەوڵمان بۆ ئەوەیە لەم هەڵبژاردنەدا سەرکەوتن بەدەستبهێنین، بۆئەوەی خزمەتێکی شایستە بە میللەتەکەمان بکەین. بۆ ئەوەی گۆڕانکاری بکەین لە دەسەڵاتدا، بۆ ئەوەی خەڵکی شیاو لە شوێنی شیاو دابنێین، بۆ ئەوەی رۆحی شەهیدەکانمان شاد بکەین و رێبازەکەی مام جەلال، کە رێبازی کوردایەتی راستەقینەیە، سەربخەین. ئیشی بانگەشەی ئەمجارە و هەڵبژاردنی ئەمجارە و کاری مەکتەبی هەڵبژاردن و هەموو یەکێتیی ئەمجارە، جیاوازە. جیاوازە بەرەو باشتر، لەبەرئەوەی نەوەیەکی تازە هاتۆتە پێشەوە، ئەم نەوەیە بەباشی کارەکان ئەنجام دەدەن و یەکێتی لە دەستێکی ئەمیندایە، ئێمەمانان لە جیلی کۆن هاوکار و پشتیوانیانین، بۆ ئەوەی یەکێتییەکەمان سەربخەین بۆ خزمەتی میللەتەکەمان.
لە ناو خەیاڵ و واقعی ئەو چەند کاتژمێرەی کۆبوونەوەکەدا، قسەیەکی نەنکم هاجەر کە پێش زیاتر لە (50) ساڵ کردبووی، مێشک و دەروونمی داگیر کرد. نەنکم دەیفەرموو: کوڕم ... بۆ ئەوەی تاڵیی ژیان نەبینی، چاو بنوقێنە!
ئەمجارە لە ناخمەوە وتم: نەنە گیان ئەگەر دونیا تاریک بوو ئێمە چرا دادەگیرسێنین، چاو نانوقێنین!

وتارەکانی نوسەر